سەرۆك هاوكێشەیەكی نوێ بنیاددەنێت

سەرۆك  هاوكێشەیەكی نوێ بنیاددەنێت

ئەگەر چاوێك بە مێژووی بزاڤی رزگاریخوازیی نەتەوەكەماندا بخشێنین، دەبینین هەمیشە سیاسەتە حەكیمەكانی و هەڵویستە نیشتمانی و نەگۆڕەكانی سەرۆكی هێژا (سەرۆك مسعود بارزانی) شایستەترین بووە، چونكە تاكە سەركردە بووە بە درێژایی مێژوو هەڵوێستە نیشتمانی، نەتەوایەتی و سیاسییەكانی جیهان و هەرێمەكانی ناچار كردووە بە وردی مامەڵەی لەگەڵ بكەن، تەنانەت زۆرجار سەرۆك لەم پێناوەدا گەورەترین ململانێی ئەنجامداوە، بەڵام هەرگیز سازشی لە بەرامبەر داگیركەران نەكردووە.
لەم رۆژانەدا سەرۆك مسعود بارزانی سەردانێكی زۆر تایبەتمەندی بۆ بەغدا ئەنجامدا، هەر لەكاتی گەیشتندا سەرجەم سەركردە سیاسییەكانی عێراق سەرەڕای جیاوازیی بیروبۆچوونیان بە راخستنی فەرشی سوور، وەك سەرۆكی وڵاتێكی دراوسێ پێشوازییان لە سەرۆك بارزانی كرد، ئەم هەنگاوەش ئەگەر لە رووی ستراتیژییەوە شرۆڤەی بۆ بكەین، زۆر مانای گرنگی هەیە و شایستەی ئاماژە پێكردنە، چونكە گشت سەركردەكان تەنانەت ئەوانەی پێشتر دژایەتیی هەرێمی كوردستانیان دەكرد، ئەمڕۆ دێنە پێشوازیی سەرۆك بارزانی و داوای دیدارو كۆبوونەوەی لێ دەكەن و، دەیانەوێت لاپەڕەیەكی نوێ لەگەڵ هەرێمی كوردستان هەڵبدەنەوە.
شرۆڤەكارانی سیاسی پێیانوایە سەردانی سەرۆك مسعود بارزانی بۆ بەغدا كاریگەریی باشی لە بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەكان و چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا دەبێت، چونكە دەستەڵاتدارانی ئێستای بەغدا نایەنەوێت ئەزموونی شكتسخواردووی حەیدەر عەبادی و سەلیم جبوری دووبارە بكەنەوە، بەڵكو دەیانەوێت هەنگاوێ نوێ لە سیاسەتكردن بەرامبەر بە هەرێمی كوردستان پەیڕەو بكەن، چونكە هەڵویستە نەگۆڕەكانی سەرۆك بارزانی و پێداگری لە سەر مافە نیشتمانی و نەتەوەییەكان ناچاری كردوون، ملكەچی داواكارییەكانی گەلی كوردستان بن.
سەرۆك عەرشی بەغدای هەژاند
چاودێرانی سیاسی بە گرنگییەوە باس لە سەردانی سەرۆك بارزانی بۆ بەغدا دەكەن و، بە هەنگاوێكی كاریگەری نێو گۆڕەپانی سیاسیی عێراق وەسفی دەكەن. بە درێژای ساڵانی رابردوو، واتە لە دوای پرۆسەی ئازادیی عێراقەوە سێ سەركردەی كورد وەك سەرۆك كۆمار لە بەغدا باڵادەست بوون، بەڵام بەداخەوە نەك نەیانتوانیوە مافە بنچینەییەكان بۆ كورد مسۆگەر بكەن، بەڵكو زۆرجار رێگرییان لە جێبەجێكردنی مافەكانی گەلی كوردستان كردووە، ئەمەش بە روونی لە ماوەی رابردوودا هەستی پێكرا.
سەرۆكی هێژا سەرۆك مسعود بارزانی لە یەكەم ساتی گەیشتنی بۆ بەغدا لە دەستپێكی دیدارەكانیدا لەگەل گشت سیاسەتمەدارە عێراقییەكاندا پێداگری لەسەر مافە رەواكانی گەلی كوردستان كردەوە، سەرۆك بارزانی ئەوەی بۆ سەرجەم سەركردە عێراقییەكان سەلماند كە دەستبەرداری مافەكانی گەلی كورد نابێت، زۆر بە شێوەیەكی قارەمانانە لە بەرامبەر گشت سیاسییە عێراقییەكاندا لەكاتی ئەنجامدانی گۆنگرە رۆژنامەوانییەكەیدا هاتە ئاخاوتن و ئەوەی بە هەموویان رایگەیاند كە پێویستە هەڵەكانی رابردوو راست بكرێنەوە. ئەگەر لە رووی لۆژیكی سیاسییەوە بدوێن، ئەم وتەیەی بەڕێزیان نامەیەكی كراوەیە بۆ دەسەڵاتدارانی بەغدا كە پێویستە ئەو هەڵانەی دەرهەق بە هەرێمی كوردستانیان كردووە، چارەسەری بكەن. ئەم وتەیەی سەرۆك نامەیەكە بۆ گشت لایەك كە شیكردنەوەیەكی وردی دەوێت و سەرجەم سیاسەتمەدارانی عێراق ناچار دەكات، بە خریاندا بچنەوە. بۆیە دەتوانم بڵێم ئەم وتە بەنرخەی سەرۆك عەرشی بەغدای هەژاند.
دیدارە دیپلۆماسییەكان
ئەوەی جێگەی تێڕامانە و پێویستی بە شیكردنەوەیەكی ورد هەیە، ئەوەیە كە لەكاتی گەیشتنی سەرۆك بارزانی بۆ بەغدا، لە لایەن هەریەك لە محەمەد حەلبوسی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران و هادی عامری سەرۆكی هاوپەیمانیی فەتح پێشوازی لێكرا، وەك دەشزانرێت ئەم دوو سەركردەیە لە ئێستادا رۆڵێكی كارایان لە داڕشتنەوەی نەخشەی سیاسیی عێراقدا هەیە و دوو كاراكتەری سەرەكین لە نەخشەی نوێ و گۆڕەپانی سیاسیدا، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە كە سەرۆك كاریگەری زۆری لەسەر ئاراستەی سیاسی لە عێراقدا هەیە، چونكە سەرجەم سیاسەتمەداران گەیشتوونەتە ئەو راستییەی كە سەرۆك مسعود بارزانی سەركردەیەكی رۆحیی هەموو نەتەوەی كوردستانە و تەنیا مەرجەعی هەموو گەلی كوردەو تاكە سەركردەی خاوەن خەباتە كە هەرگیز سازش لە مافی نەتەوەكەی ناكات، تەنانەت سەرۆكی هاوپەیمانیی فەتح هادی عامری لە دەستپێكی كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا خۆشحاڵی خۆی بە پێشوازیكردنی لە خەباتكاری گەورە سەرۆك مسعود بارزانی پیشاندا، چونكە گشت سیاسەتمەداران دەزانن كە تەنیا سەرۆك بارزانی دەتوانێت پارسەنگی هێز لە ناوچەكەدا رابگرێت و تەنیا سەركردەیە كە رۆحی گشت كوردستانە.
ئەوەی گرنگە سەرۆك بارزانی لە كەمترین كاتدا زۆرترین دیداری دیپلۆماسی ئەنجامدا كە هیچ كام لەسەركردە كوردەكان و بەوانەی كە سەرۆك كۆماریش بوون، نەیانتوانیوە ئەنجامی بدەن، ئەوە بوو لە ماوەی یەك رۆژدا لەلایەن هەریەكە لە محەمەد حەلبوسی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران و هادی عامری سەرۆكی هاوپەیمانی فەتح و عادل عەبدولمەهدی سەرۆكی حكومەتی نوێی عێراق و فالح فەیاز سەركردە لە هاوپەیمانیی بنیادنان و نووری مالیكی سەرۆك وەزیرانی پێشووتری عێراق و سەرۆكی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا و چەند سەركردەیەكی دیكەی عێراقی پێشوازی لێكرا، سەرۆكیش پێداگری لەسەر مافە سەرەكییەكانی گەلی كوردستان كردەوە. هەروەها لەچەند كاتژمێری دواتردا هەریەك لە عەمار حەكیم و موقدەدا سەدر پێشوازییان لە سەرۆك مسعود بارزانی كرد و دیداری لوتكەیان ئەنجام دا، ئەمەش دەبێتە قۆناغێكی نوێ لە ئایندەی سیاسیی كورد لە عێراقدا. بە بڕوای زۆربەی چاودێرانی سیاسی هەنگاوەكانی سەرۆك بارزانی وادەكات كە سەنگی كورد لە ئایندەی عێراقدا زۆر بەهێز بێت و كاریگەری زیاتریان لەسەر ئاراستەی سیاسی و ناوەندی بڕیار لە عێراقدا هەبێت.


Top