با هەموومان کورد بین و کوردایەتی بکەین
December 3, 2018
وتار و بیروڕا
لە هەر تاکێکی کورد بپرسی بێ دوودڵێ دەڵێ: با کوردایەتی بکەین و کوردانەش هەنگاو بنێین، بەڵام کاتێ دێینە سەر باسی کوردایەتی و هەنگاوی کوردانە، بەرژەوەندی حزبی و رای کەسی زاڵ دەبێ و هەر یەکەو لە سووچی بەرژەوەندی خۆیەوە پێناسەی کوردایەتی دەکات، لیرەوە پێناسەی جۆراوجۆر لەسەر کوردایەتی درووست دەبن و هەنگاوەکانیش ئاراستەی پێچەوانە و دژ بەیەک وەردەگرن.
دەبێ هەموومان لەوە بە ئاگا بین کە دەسەڵاتدارانی عەرەب شیعە یان سوننە کاتێ لەم حزبی کوردی نزیک دەبنەوە و لەویتر دوور دەکەونەوە، دووبارە کردنەوەی ئەو گەمە موخابەراتیە ترسناکەیە کە ئامانج لێی لێکترازاندنی ریزی کوردایەتی و بەربەست درووست کردنە لەبەردەم هەنگاوی کوردانە, ئەگەر نا کورد هەر بیروبۆچوونێکی سیاسی هەبێ و هەڵگری هەر فکرە و ئایدیایەک بێ، لای عەرەب هەر بە کورد ئەژمار دەکرێ و کوشتن و بە تاڵان بردنی سەروەت و داگیرکردنی خاکەکەی حەڵاڵە، بۆیە نابێ هیچ حزب و لایەنێکی کوردی کارنامەی سیاسی و گەیشتن بە ئاواتەکانی لەسەر ئەو بنەمایە هەڵچنێ کە بەغدا دۆستی فڵان حزب و دوژمنی فیسار حزبە, چونکە دیکتاتۆر و شۆڤێنیەکان لە هەموو دونیادا بۆ گەیشتن بە دوا ئامانج و بۆ لاواز کردنی نەیارەکانیان سیاسیەتی (پەرتکە و زاڵبە) پەیڕەو دەکەن، مێژووش ئەو راستییەی سەلماندووە کە دوا ئامانجی عەرەب لەناوبردنی کورد و بە عەرەبستان کردنی کوردستان و بە تاڵان بردنی سەروەت و سامانەکەیەتی.
دەبێ هەموومان ئەو راستییە بزانین کە کوردایەتی نەکردن و هەنگاو نەنانی کوردانە زۆر دەرفەتی لەباری لەدەست داوین کە تەنها و تەنها بە کوردایەتی و هەنگاوی کوردانە قەرەبوو دەکرێنەوە، بۆیە پێویستە کورد لە رقی عەرەب کوردایەتی بکا و بە کوردایەتی وەلامی عرووبە بداتەوە، لە فراوانخوازی ئەوانیشەوە خاکی خۆی خۆش بوێ و لە هەڵپەی داگیرکاری ئەوانیشەوە بەرگری لە نیشتیمانی خۆی بکات، واتا کوردایەتی و هەنگاوی کوردانە بکەینە کاردانەوەی رق و بوغزی عەرەبچێتی و رەفتاری عرووبەخوازی، نەتەوەپەروەری بکەینە کارنامەو پلانی بەگژدا چوونەوەى پیلانگێڕی و نەتەوەپەرستی، ئەوەش دەمانخاتە بەردەم ئەو ئەرکە نەتەوەییەی کە وەڵامی بانگەشەی برایەتی ساختە و هەرای فریودەری پێکەوژیان و خۆ نزیک کردنەوەی عەرەب بە هەر ناوێک لێمان، کە لە ساتەوەختە زۆر هەستیارەکاندا کردوویانەتە تەوقی ئاگرینی گەردنی کوردایەتی و کۆسپی بەردەم هەنگاونانی کوردانە و پێویستە (هەژار) ئاسا بڵێین:ــ
بە کوردی دەژیم بە کوردی دەمرم
بە کوردی دەیدەم وەڵامی قەبرم
بە کوردی دیسان زیندوو دەبمەوە
لەو دنیاش بۆ کورد تێهەڵدەچمەوە
لە بەرامبەر خۆشەویستی خاک و لە وەڵامی سیاسەتی داگیرکاری و فراوانخوازیش کە عەرەب بە بەرنامە هەنگاوی بۆ ناوە (دڵدار) ئاسا بڵێین:ــ
ئێمە رۆڵەی میدیا و کەیخوسرەوین
دینمان ئایینمان هەر نیشتیمان