خوێندنەوەیەکی مێژوویی بۆ خەباتی رزگاری نیشتیمانی و چارەنووسی خیانەتکاران

خوێندنەوەیەکی مێژوویی بۆ خەباتی رزگاری نیشتیمانی و چارەنووسی خیانەتکاران
ئەگەر خوێندنەوەیەکی مێژوویی بۆ پرسی کورد و رێگاکانی چارەسەر کردنی بکەین، هیچ گومانێک لەسەر ئەو راستییە نامێنێ کە لەو رۆژەوەی کوردستان وەک نیشتیمانی کورد داگیر و بەش بەش کراوە، داگیرکاران هەوڵیانداوە ناسنامەی نەتەوەیی بوون لە شۆڕش و راپەڕینەکانی بستێنن و بەرگی ساختەی ئایدۆلۆژی بەبەردا بکەن، بەوەش هەرکاتێ مەبەستیان بووبێ توانیویانە لە رێگای کەسانی بەرژەوەندی پەرست پرسی کورد لە رێڕەی خۆی لابدەن و خیانەتکار و وڵاتفرۆشان بکەنە بەشێک لە هێزی سیاسی و سەربازی خۆیان.
مێژووی دوور و نزیکی ئێمەی کوردی چەوساوە و خاک داگیرکراو و تورک و فارس و عەرەبی چەوسێنەر و داگیرکار، دەری دەخەن کە کورد لە هەر بەشێکی کوردستان و لە هەر کاتیکدا باسی لە ماف و ئازادیە نەتەوەییەکانی خۆی کردبێ، ئەوا بەشێک لە کوردە توندڕەوە مارکسیەکانی ئەو وڵاتە داگیرکارە بوونە دەهۆڵ کوتی داگیرکاران و تۆمەتی کۆنەپەرست و بەکرێگیراوی ئیمپریالیزمیان داوەتە پاڵ سەربەخۆخوازانی کورد، ئیسلامیەکانیش تۆمەتی گومڕا بوون و دەرچوون لە دینیان داونە پاڵ و بە ئیسرائیلی دووم ناویان بردوون، ئیسلامیە سیاسیەکان بەوەشەوە نەوەستاون و بە (اللە اکبر)ی سیاسی کەوتوونە چاوبەستنی خەڵکی ساویلکە و کوشتنی سەربەخۆخوازانیان بە رەوا زانیوە و بەناوی برای دینی داگیرکارانیان کردوونە فریادڕەس و بە کەنیزە کردنی ژن و کچی کوردیشیان بۆ حەڵاڵ کردوون.
بە درێژایی مێژوو کورد لە باکوور و باشوور و رۆژهەڵات و رۆژئاوا لەسەر کوردبوون کوژراوە و هەوڵی لەناوبردنی دەراوە، کوردی ئەوەندە دەبەنگ و نەزانیشمان هەن، یان راستتر بڵێم کوردی ئەوەندە خیانەتکار و وڵاتفرۆشمان هەن بە ناوی سۆشیالیزم دەبنە بەشێک لە دوژمن و داوا کردنی مافی نەتەوەیی بوون بە نەتەوەپەرست و سەربەخۆیی کوردستان بە ئێکسپایەر و ماوە بەسەچوو ناو دەبەن، لەوەش خراپتر گرووپگەلی وامان هەن دەبنە پارێزەری یەکپارچەیی وڵاتانی داگیرکار و وەک ئەوەی لە ١٦ی ئۆکتۆبەر روویدا، بە خیانەت و وڵاتفرۆشی وەڵامی خواستی سەربەخۆیی دەدەنەوە و رێگای دەرچوون لە نەهامەتی و کارەساتە نەتەوەییەکانی سەر گەلەکەی خۆیان دەگرن.
ئەرێ بەڕاست تورک و فارس و عەرەب کێشەی چینایەتی و جیاوازی دینییان لەگەڵ کورد هەیە، یان کێشەی کوردبوون و جیاوازی زمان و خاک و فەرهەنگ و مێژوو؟ رووی ئەو پرسیارەم لە تورک و فارس و عەرەب نییە، رووی ئەو پرسیارەم لەو دەستە و گرووپە کوردیانەیە کە روویان لە کوردبوون وەرگێڕاوە و بەناوی برایەتی و هاوچارەنووسی ئایدۆلۆژیا کورد دەبەنەوە ژێر تیخی داگیرکاری تورک و فارس و عەرەب.
لە کۆتایی ئەو باسەدا بەو دەستە و گرووپە کوردیانە دەڵێم: فەرموون بگەڕێنەوە بۆ مێژوو، ئەوە مێژووە پێمان دەڵێ: کوردبوون و رەتکردنەوەى ژێردەستەیی و داوا کردنی مافە نەتەوەییەکان، زۆرترین جار تورکێکی عەلمانی و فارسێکی مەزهەبخواز و عەرەبێکی شۆڤێنی لەسەر مێزی پیلانگێڕی دژ بە کورد کۆ کردوونەوە، جا ئەگەر کوردبوون لای ئەوان تاوان بێ، ئەی بۆچی ئێوە ناگەڕێنەوە بۆ سەنگەری کوردایەتی؟! خۆ هەرچی بکەن دوژمن وەک کورد سەیرتان دەکا و تا ئەو کاتە ئێوەی دەوێ کە شەڕی شۆڕشگێڕ و وڵات پەروەرانتان پێبکات، مێژووی خەباتی گەلانی بندەستیش سولماندوویەتی کە خائین و خۆفرۆشان لە هەموو حاڵەتێکدا دۆڕاون، ئەگەر گەلانی بندەست سەرکەون ئەوا ئەوان بە ریسوایی دێنەوە بەر لیقای گەل، خۆ ئەگەر داگیرکاران سەرکەون ئیشیان بە وڵاتفرۆشان نامێنێ و بەرەڵا دەکرێن، هەر وەکو مامۆستا هەژار دەڵێ:ــ
جەحشی وەخشی بووی لە تاوی پارە بیر ناکەیتەوە
جەنگی کوردستان نەمێنێ جاش بەلاش دەخولێتەوە
Top