سلێمانی لەناو بازنەی تیرۆری فکریدا

سلێمانی لەناو بازنەی تیرۆری فکریدا

لە سەرەتای شەستەکانی سەدەی رابردووەوە تا ئێستاشی لەگەڵ دابێ سلێمانی و سلێمانیەکان بەردەوام دەخرێنە ناو بازنەی تیرۆری فکری، لە کوێش بە هەوڵ و ماندووبوونی شۆڕشگێڕان و کوردپەروەران ئەو بازنەیە کرابێتەوە، تیرۆریستانی بکری بە ناوێکی تر و دەمامکێکی تر بازنەکەیان بە دەوری سلێمانی و سلێمانیەکاندا کێشاوەتەوە.
رۆژێک بەناوی سۆشیالیزم و پێشکەوتن بازنەی تیرۆری فکریان بە دەوری پێشمەرگە و شۆڕشگێڕاندا دەکێشا و خۆیان وەک فریادڕەسی کورد دەردەخست و فریادڕەسی کوردیشیان بە چەتە و بەکرێگیراو ناودەبرد، یان بە جاشە کوژراوەکەی خۆیان دەگوت شەهیدی فەرماندە و بە پێشمەرگەشیان دەگوت چەتەی مەلا مستەفای بارزانی .
رۆژێک بەناوی شۆڕش و پێشمەرگایەتی و مافی چارەی خۆنووسن بازنەی تیرۆری فکریان بە دەوری خواست و ئامانجە نەتەوەییەکاندا دەکێشا و بە نۆرە پەلاماری حزب و لایەنەکانی تریان دەدا و وەک ئەوەی رژێمی بەعس دەیویست شەڕی کوردکوژیان گەرم دەکرد.
دوای ئەوەی دڵنیا بوون کە بەو شێوەیە ناتوانن تۆڵەی شکستەکانیان بکەنەوە، ئەو جارەیان بەناوی چاکسازی و بنبڕکردنی گەندەڵی خۆیان کرد بە دوو بەش و لە دوو لاوە بازنەی تیرۆری فکریان بە دەوری دەستکەوت و بەری رەنجی خوینی شەهیدان و دەیان ساڵ خەباتی شۆڕشگێڕاندا کێشا و داوای روخانی حکومەتی هەرێمیان دەکرد.
ئێستا ئەوەندە زەلیل بوون ئەو ئەرکەی کە بە هەموویان و بە چەندین قۆناغ و بە چەندین شێواز و جۆری خیانەت پێیان جێبەجێ نەکریا بە شاسواریان سپاردووە، ئەوەتا ئێستا شاسوار بە وەکالەتی ئەوان رابەرایەتی تیرۆری فکری دەکات، دەبێ سلێمانی و سلێمانیەکان ئەو راستییە بزانن کە ئەوەی لەو ناوەدا بۆتە قوربانی خۆیان و شارەکەیانە، چونکە بەناوی خەمخۆری بۆ سلێمانیەکان و پێگەی سیاسی تیرۆریستانی فکری لە سلێمانی ئەو شارە زیاتر لە ژێر کاریگەری تیرۆری فکریدا بووە، ئەوەش وای کردووە ئەو دەستە و گرووپانە سلێمانی و سلێمانیەکان بکەنە پەرژینی پاراستی بەژەوەندیەکانی خۆیان، بۆیە پێویستە سلێمانی و سلێمانیەکان چیتر رێگە بەو دەستە و گرووپە گوماناویانە نەدەن کە بە درووشمی درۆیین و ساختە شەڕی ئێستا و داهاتووی خۆیان و هەموو خەڵکی کوردستانیان پێبکەن و لە تۆمار کردنی سەروەریە نەتەوەییەکانیان داببڕن.
Top