سەرۆک بارزانی: تا هۆکارەکانی سەرهەڵدانی داعش چارەسەر نەکرێن داعش کۆتایی نایات

سەرۆک بارزانی: تا هۆکارەکانی سەرهەڵدانی داعش چارەسەر نەکرێن داعش کۆتایی نایات
سەرهەڵدانی داعش یان هەر رێکخراوێکی تونڕەو و تیرۆریستی تر دەرهاویشتەی سیاسەتی خۆ سەپاندنی دەستە و گرووپە خۆ سەپێنەکانە، جا ئەو دەستە و گرووپە خۆ سەپێنانە سیاسی بن یان دینی و مەزهەبی و نەتەویی.
ئەوەی قاعیدە و دواتر داعشی لە عێراق بەهەم هێنا ئەو سیاسەتە پاوانکاری و مەزهەبخوازیە بوو کە شیعەکانی بێ گوێدانە بیارودۆخی سیاسی و هەستیاری قۆناغەکە و ئالۆزی سیاسی ناوچەکە لە عێراق بە پشتیوانی وڵاتێکی هەرێمی پیادەیان دەکرد.
لە دوای رووخانی رژێمی بەعس حزب و لایەنە شیعەکانی عێراق بە تۆڵە کردنەوەیان لە سوننە کردە ئامانج، ئەوەش روون و ئاشکرا بە هەڵوێستیانەوە دیار بوو، بۆ ئەو مەبەستەش بەناوی بەعسی بوون کەوتنە پاکتاوی کەسایەتیە سیاسەکانی سوننە، لەو خراپتر سەرکردەی هەندێ میلیشیای شیعە بە ئاشکرا باسی تۆڵە کردنەوەى (حوسێن)یان دەکرد، تەنانە (قەیس خەزعەلی) لە سەروبەندی هێرش کردنە سەر موسڵ گوتی: لە گرتنەوەى موسڵ تۆڵەی ئیمامی حوسێن دەکەینەوە، چونکە باب و باپیری ئەوانە بوون حوسێنیان کوشت، جا ئەو سیاسەتە مەزهەبیە توندڕەوە بوو قاعێدە و دواتر داعشی لە عێراق بەرهەم هێنا.
لایەنە توندڕەوە شیعەکان و بە تایبەتیش ئەو لایەنانەی لە وڵاتێکی هەرێمیەوە دەجووڵێنران، لەگەڵ بەهێز بوون و باڵادەستیان هەنگاوی پاوانکاری زیاتریان دەنا، کورد کە بە دریژایی لێقەماوی شیعە لە عێراق پەناگە و هاوکاریان بووە، ئەو چاکەیەی کوردیشیان لەبەر چاو نەگرت و رۆژانە لە هەوڵی ئەوەدا بوون چۆن ئەو دەستکەوتانەشی لێ بستێننەوە کە لەسەردەمی رژێمی بەعس و بە خوێن و خەبات بەدەستی هێنابوون.
کاتێک سەرۆک بارزانی دەفەرموێ: تا هۆکارەکانی سەرهەڵدانی داعش چارەسەر نەکرێن داعش کۆتایی نایات، دەبێ هەموو پێکهاتەکانی عێراق ورد بیر لەو سەرنجەی سەرۆک بارزانی بارزانی بکەنەوە، چونکە هەر پێکهاتەیەک بیەوێ بە سەرەڕۆیی سیاسی یان تونڕەوی دینی و مەزهەبی دەست بەسەر عێراقدا بگرێ، جگە لە بەرهەمهێنانی بیری داعش هیچ شتێکی تری لە سەرەڕۆیی و توندڕەوی دەست ناکەوێ، بۆیە پێویستە هەموو پێکهاتەکانی عێراق ئەو فەرموودەیەی سەرۆک بارزانی بکەنە سەرمەشقی کارنامەی سیاسی خۆیان، بە پێچەوانەوە نەهامەتیەکانی سەر خەڵک زیاتر دەکەن و وڵاتیش بەرەو کاولکاری زیاتر دەبەن.
Top