ئابووری و نەوت زمانی سەردەمی دیپلۆماسی وسیاسی پێوستە بۆ دوایین هەنگاومان سوودی لێوەربگرین..

ئابووری و نەوت زمانی سەردەمی  دیپلۆماسی وسیاسی  پێوستە بۆ دوایین هەنگاومان سوودی لێوەربگرین..
ئەگەر هەڵوەستەیەكی واقعیانە لە سەر هۆكارێكی سەرٍەكی لە داگیركردن و دابەشكردنی خاكی كوردستان بكەین، زۆر بە ئاسانی و روونی بۆمان دەردەكەوێ‌ كە بە هۆی بوونی ئەو سەرچاوە كانزایی و پێگەی ژیۆپۆلۆتیك و ژیۆ ئۆئیل وباقی ماددەی كانزاییەكانی تر لە سەر خاكی كوردستان بۆتە هۆی ئەوە بە درێژایی مێژوویی زڵهیزان و ئەو وڵاتە دەستكرد و ئەوانەی بە دەستی ئەو وڵاتانە دروستكراون و دواتر خاكی كوردستانیان بە سەر دابەشكراوە هەمیشە چاویان لەو سەروەت و سامانە بێ‌ شومارەیە ، كە هەمیشە رێگریان كردووە تا گەلی كورد كە نەتەوەیەكی رەسەن و خاوەن مێژووییەكی دێرینە لە ناوچەی رۆژهەڵاتی كوردستان بێ‌ بەش بكرێت لە گەرٍانەوەی خاك و نیشتیمانی بە زۆر لكێنراو بە چوار وڵاتی داگیركەر كە بەردەوام گەلی كوردیان بە سەروت و سامانی ئەم كوردستانە چەوساندۆتەوە ..گەر سەیری مێژوو بكەین حكومەتە یەك لە دوای یەكەكانی عێراق، ئەم كاڵایەیان دژی بەرژەوەندیەكانی گەلی كورد بەكارهێناوە، نەك تەنیا نیعمەت نەبووە بەڵكوو بۆ میللەتی كورد نەهامەتی بووە، بەپارەی نەوتی كەركووك چەك و تەقەمەنیان دەكڕی و دژ بە گەلی كوردی بەكاریان هێناوە، وەك جینۆسایدكردن و ئەنفال و كیماباران كردن، بەڵام لە ئێستادا حكومەتی هەرێمی كوردستان، بۆ ئەو مێژووە تاریكەی كە بە سەر كورد هاتووە دووبارە نەبێتەوە، هەوڵی ئەوە دەدات كە بەرگری لە مافەكانی گەلەكەی بكات و، رێگری لە دووبارەبوونەوەی چەوساندنەوەی كورد بە دەستی حكومەتی بەغد بكات، بۆیەش لە ئیستادا بۆ خەڵكی كوردستان نەوت كاڵایەكە كە دەكرێت وەك نیعمەت سەیر بكرێت بۆ رزگار بوون لە داگیركەری. نەوت و گاز وای كردووە هەرێمی كوردستان لە بەرامبەر بە غدا بەهێزتربێت، دەبێت ئەم راستیە قبوڵ بكەن كە چیتر ناتوانن كورد بە هەر شێوەیەك، كە خۆیان بیانەوێت بیچەوسێننەوە، هەبوونی 45 ملیار بەرمیل نەوتی خەمڵێنراوە و نزیكەی 200 ترلیۆن پێ سێ جای گازی سروشتی وای كردووە كە چاوی وڵاتانی تامەزرۆی وزە لە سەری بێت، ئەم وزەیە بابەتێكی ستراتیژیە و تێكەڵی بواری سیاسی و ئاسایشی نەتەوەیی وڵاتان بووە، هەر بۆیەش پێگەی هەرێمی كوردستان لە رێگەی ئەم كاڵایانە بەهێزتر بووە. هەرێمی كوردستان ناوچەیەكی ستراتیژیە، بە هەبوونی یەدەگی زۆری نەوت و گاز گۆڕەپانێكی ململانێ بۆ وڵاتانی ناوچەیی و جیهانی دروست كردووە، بۆ نموونە هەبوونی كۆمپانیاكانی ئەمریكی وەك ئیكسۆن مۆبیل و شیڤرون و هتد، وای كردووە كە روسیاش رۆڵی هەبێت لە هەرێمی كوردستان، یان رۆڵی توركیا وای كردووە، ئێرانیش بیەوێت رۆڵی هەبێت لە بواری نەوت و گاز لە هەرێمی كوردستان و ئەم گۆڕەپانە تەنیا بۆ توركیا بە جێ نەهێڵێت، لەلایەكی تر دەبینین كە روسیا لە رێگەی گازپرۆم چۆن گوشاری خستووەتە سەر ئەوروپا و دروست كردنی قەیرانی سووتەمەنی كاریگەری كردووەتە سەر ئاسایشی وزەی ئەوان، بۆیەش بەدوای رێگا چارەن بۆ دابین كردنی سەرچاوەی وزەی هەمەجۆر، لێرەدا هەرێمی كوردستان دەتوانێت تا رادەیەك ئەم پێویستیەی ئەوان پڕ بكاتەوە، بۆیە هەرێمی كوردستان بووە گۆڕەپانی ململانێی وڵاتانی ناوچەیی و نێودەوڵەتی، ئەمەش پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستانی بەهێزتر كردووە لە رێگای دروست كردنی گۆڕەپانێك بۆ كێبەركێ بە شێوەیەكی ئەرینی. وەبەرهێنان وای كردووە پەیوەندیی دیپلۆماسی لەگەڵ وڵاتان بەهێزتربێت، هەرێمی كوردستان توانیویەتی لەرێگای ئەو كۆمپانیانەی وەبەرهێنانیان كردووە لەهەرێمی كوردستان، پارەیەكی زۆریان تەرخان كردووە بۆ ئەم مەبەستە، وایكردووە كاریگەری دروست لەسەر بڕیارە سیاسیەكانی وڵاتان بكات، بە تێكەڵكردنی بەرژەوەندییەكانی ئەم كۆمپانیانە، لەگەڵ بەرژەوەندییەكانی هەرێمی كوردستان، وای لێهاتووە لە رێگای پاراستنی بەرژەوندییەكانی بیانی، بەرژەوەندییەكانی هەرێمی كوردستانیش پارێزراو بن، كۆمپانیاكانی بیانی دەتوانن لە رێگای گوشارخستنە سەر بریاری سیاسیی دەرەوەی وڵاتەكانیان لە بەرامبەر هەرێمی كوردستان بتوانن زامنی پاراستنبن لە بواری سیاسی و ئاسایش دژ بە هەر هەڕەشەیەك كە رووبەرووی هەرێم ببێتەوە، ناكرێت ئەوان بێڵن بەرژەوەندیەكانیان دەكەوێتە مەترسی، بۆ نموونە كاتێك كە داعش نزیك بووە لە هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان، سەرۆك ئۆباما لە 7/8/2014 هاتە سەرخەت بۆ ئەوەی هەوڵی پاراستنی هاوڵاتیان و بەرژەوندیەكانیان لە هەرێمی كوردستان بدەن، لێرەدا بە پاراستنی بەرژەوەندیەكانیان، بەرژەوەندییەكانی هەرێمی كوردستانیش پارێزراو دەبێت، ئەم سیاسەتەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ راكێشانی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی، بۆ ناوخۆی هەرێم كارێكی ئەرینی بووە، واتا چەند رۆڵی بیانیەكان لە هەرێمی كوردستان زیاتر بێت، ئەوەندە بەرەو ئامانجەكانی هەنگاو دەنێت، ئەم سیاسەتە زۆر سەركەوتوو بووە بۆ ئێمە كە هیشتا سەروەریمان نیە و خاوەن دەوڵەتی خۆمان نین هەر بۆیەش ئابووری لێرەدا دەبێتە ئامرازێك بۆ گەیشتن بە ئامانجی سیاسی بەرزتر، ئەویش لە رێگای سەربەخۆیی ئابووری بگەینە سەربەخۆیی سیاسی، بۆیە سەرەڕای هەبوونی كەموكوڕیەكان لە سەر ئاستی ناوخۆیی، بەڵام هیوادارم ئەم دەرفەتە زێڕینەی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بۆ كورد رەخساوە لەدەست نەچێت و لایەنە ناوخۆییەكان ناكۆكییەكانیان وەلابنێن و هەوڵا بدەن ئەم دەرفەتە بۆ بەدیهێنانی ئەو ئامانجە مەزنەی كە ئێمەی كورد زیاتر لە سەدەیەكە قوربانیمان بۆ داوە بەكار بێنین. ئەمڕۆ دەبینن كە ئابووری و نەوت بوونەتە زمانی دیپلۆماسی وڵاتانی زڵهێز و هەموو جیهان بۆیە ، پێوستە ئێمەی كوردیش ئەو چەك و زمانە دیپلۆماسییە زۆر بە باشی سوودی لێوەر بگرین لە پێناو بە دوایین هەنگاومان كە ئەویش بە دەست هێنانی دەوڵەتبوونی كوردستانە ..
Top