هەستی نەتەوەیی و توێژگرتنی لە بیردا
November 22, 2018
وتار و بیروڕا
ئەم نووسینە ئەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ٢٠٠١ ئەو کاتە بەم شێوەیەی ئێستا کۆمپیوتەر لە ناو کۆمەڵدا بڵاو نەبوو، ئێستاش بە هۆی ئەوەی هەندێك گەجەروگوجەر بە دنەی دوژمنانی بیری کوردایەتی، کەوتوونەتە چنگەکڕێکردن بە کێوی راستیی بیروباوەڕی کوردایەتیدا، وام بە چاك زانی دیسانەوە ئەم توێژینەوەیەی خۆم بێ دەستکاری بخەمەوە بیری خوێنەرانی خۆشەویستم، چونکە هەر لە ژێر سێبەری ئەم بابەتەدا نیازم وایە بابەتێك بنووسم کە پەیوەندی بە رەوشی ئەمڕۆی باشووری کوردستانەوە هەیە و، ئەم چاوشارکێیەی دوژمنانی کورد بەرپایان کردووە.
پێشگوتن:
زۆر دەمێکە هەموو ئەوانەی دژی بیری نەتەوەیی ئەوەستنەوە، بە چەپ و راستیانەوە نەیانتوانیوە خۆیان لە هەستی نەتەوەیی بێبەریی بکەن، بەڵکو بێ ئەوەی بە خۆیان بزانن، ئەم لایەنە سروشتییە رەگی بەناو ناخی مرۆڤدا قووڵ بۆتەوە و، بەرەو خەباتی ئەبات لە پێناوی سەروەریی نەتەوەکەیدا، هەر ئەو هەستەشە وای کردووە، نەتەوەکان مۆرکی تایبەتمەندی وەرگرن و لە بزربوون و تواندنەوە خۆیان بپارێزن. ئەم هەستە وەك پارێزگاری مەڵبەند و قەدەغەکەی، نەك هەر لە مرۆڤدا، بەڵکو لە جیهانی ئاژەڵانیش و تەنانەت مێرووشدا وەك دیاردەیەکی سروشتی بەرجەستە بووە لە دەستدانی مەڵبەند و قەدەغەی تایبەتیی، ئەگەر وەک کۆش تێی بڕوانرێت، ئەوا لە دەستدانی بێوەیی و ئارام و داڵدەیە، چ جای دەستەبەریی بوون و سەروەری و رۆمەت و پێداویستییەکانی ژیاری.
لە بەر ئەوە هەر کەسێك پارێز لەم هەستە بگرێت، ئەوا بە راشکاویی ئەڵێم خۆی لە بۆشاییدا ئەخولێنێتەوە.
دوژمنانی کورد زۆر دەمێکە منەی ئەوەیانە هەستی نەتەوەیی لە ناخی کوردا ریشەکێش بکەن و پێناسەی نەتەوەی کورد لە گێژەڵووکەی خەباتی چینایەتیی نەبوو و، خەباتی دژ بە جنۆکە و دێو و درنجا سەرگەردان بکەن، یەکەمیان بەهەشتی ئەم دنیامان بۆ مسۆگەر ئەکەن و، ئەوی تریشیان بەهەشتی دوایین. هەردوو لاشیان تا ئێستا لە نەتەوە سەردەستەکانی داگیرکەرەکانی کوردستانەوە سەرچاوە ئەگرن و، کوردی بێ ئاگاش قونەقون شوێن ئەو کەری جەجاڵانە کەوتوون و، تەنانەت ئەو شانازیی شوێنکەوتنەشیان بەخۆیان رەوا نەبینیوە، تا لە رێکخراوێکی نەتەوە سەردەستەکەیەوە عەباکەیان کردۆتە شانیان و ئەوجا خۆی بە کۆمونیست، یان ئیسڵام، با بڵێین(ئیسلامی سیاسی) زانیوە.
بیری نەتەوەیی کوردیی:
هەلومەرجی هیچ نەتەوەیەك کتومت لە هەلومەرجی نەتەوەیەکی تر ناچێت، جیاوازی لە کولتوور و تاقیکردنەوە و، تەنانەت لە پێناسەی هەر نەتەوەیەک بۆ نەتەوەیەکی تر زۆرە، جا ئەگەر ئەو جیاوازییانە لە رۆژگارەکاندا بێت، یان لە دەڤەرێکەوە بۆ دەڤەرێکی تر، جا هەرچەندە کۆشش بۆ ئەوە بکرێت، رواڵەتە نەتەوەییەکان لە یەکدی بچن، ئەوە کارێکی لە کردن نەهاتوو بووە و بۆ کەس نەهاتۆتە دی. بەڵام ئێمە لێرەدا ئەتوانین هەموو نەتەوەکان لە یەك ئامانجدا کۆ بکەینەوە، ئەویش بەرەنگاربوونەوەی هەر نەتەوەیەکە دژی بێگانە لەسەر خاکی نەتەوەکە خۆی. کەچی ئەم بەرەنگاریکردنەش لە نەتەوەیەکەوە بۆ نەتەوەیەکی تر جیاوازی هەیە.
جا لەو کۆششانەی کراون بۆ هەمەجۆر نەتەوەیی بوون، لێرەدا باسی ئەکەین و بزانین نەتەوەی کورد دەکەوێتە ناو کام بەشەیانەوە و بۆچی تەنها بیری نەتەوەیی کوردیی تاکە رێگەیە ئەم کوردە بگەیەنێتە ئازادی سەرخۆبوون.
ئەو نەتەوانەی تاقیکردنەوەیەکی مێژوویی درێژیان هەیە و، بە هێزی دەوڵەتەکەی و هەستی گەلەکەی دروست بوون. هەموو ئەوروپای خۆرئاوا نموونەی ئەو نەتەوانەن، لێرەدا زمانی هاوبەشیش گرنگ نییە، نموونەش بۆ ئەمە بە زمانی فەرەنسی و ئەڵمانی دەپەیڤێت، کەچی دەڵێت من سویسری یان بەڵچیکیم.
نەتەوەی ئەو وڵاتانەی تاقیکردنەوەیەکی پۆڵەتیکی درێژیان نییە و، بەڵام بە زمانێکی هاوبەش دەپەیڤن و هەستێکی هاوبەش کۆی کردوونەتەوە. ئیتالیا و ئەڵمانیا دوو نموونەی ئەم بەشەن(بە رەچاوکردنی چۆنیەتیی دروست بوونیان.)
نەتەوەکانی ناو ئەو دەوڵەتانەی تاقیکردنەوەیەکی هاوبەشیان نییە و کولتوور و رەگەزی جیاوازیان هەیە و، هیچ جۆرە پەیوەندییەك کۆی نەکردوونەتەوە، مەگەر تەنیا ئایینێکی هاوبەش، کە ئەمەش بە هۆی جیاوازیی مەزهەبەکانەوە، بە درێژایی مێژوو زیاتر پەیوەندی هەڵتەکاندووە لەوەی پتەوی کردبێت. بە هەر حاڵ ئەم جۆرە گەلانە نە دەچنە خانەی نەتەوەوە، نە دەچنە خانەی دەوڵەتەوە. نموونەش بۆ ئەم دەوڵەتانە یوگۆسلافیای لەتوپەت، یەکێتی سۆڤیەتی یەکاڵا بووەوە و، ئێران، عێراق، تورکیا، سوریا، دەوڵەتەکانی باکووری ئافریکا و چەندانی ترن. کوردستان کەوتۆتە ناو ئەم بەشەیانەوە کە بە تڕەکەڵەکێ و زۆرداری و ناڕەوا بوونەتە دەوڵەت و لە هەر هەلومەرجێکدا هەڵوەشانیان لە ئارادایە و رەگەز و نەژادە جیاوازەکان جیا دەبنەوە، وەك چۆن هەردوو نموونەی یوگۆسلافیا و یەکێتی سۆڤیەتمان لە بەر چاوە.
نەتەوەکانی ئەو دەوڵەتانەی دژی ئیمپریالیزم هەستانەوە و خۆیان دروست کرد، ئێستا بە دەوڵەتانی جیهانی سێهەم ناسراون، نموونەکانی ئەمانەش نەتەوەکانی ئافریکا و ئەمەریکای لاتینن.
جا ئەگەر بە چاوی رەخنەوە تەماشا بکەین، ئەوا ئەم بەش کردنەش هەر گشتگر نییە، چونکە هیندستان، پاکستان، بانگلادش ناکەونە هیچ بەشێکیانەوە، هەروەها کەنەدا لە رووی دروستبوونیەوە زۆر جیاوازە، ئەمە جگە لە جیاوازی گەل لە تەك نەتەوەدا، بۆ نموونە گەلی ئێران مانای نەتەوەی فارس نییە، هەر وەک چۆن گەلی کوردستان مانای تەنها نەتەوەی کورد نییە، جا لێرەدا ئەو جیاوازییە زەقە هەیە لە نێوان نەتەوەی ئەو گەلانەی خاوەن خاکێکیداگیر کراون، لە تەك ئەو نەتەوانەی بێ خاکن، بەڵام نیشتەجێی وڵاتەکەن. جگە لەمانەش زۆر نەتەوە هەیە وڵاتەکە دروستی کردووە، بە پێچەوانەشەوە.
ئەمە هەر هەمووی، جگە لەو مەرجەی کە چەپەکان بۆ نەتەوەیان داناوە، گوایە بۆرژوا نەتەوەی دروست کردووە، نەتەوەش یەکێکە لە بەرهەمەکانی ئەم چینە، جا بۆ قڕوقەپ پێکردنی ئەم پاساوە هەر ئەوە دەڵێین: ئەگەر ئەمە راستە ئەی بۆچی پاش حەفتا ساڵ یخ دانی هەستی نەتەوەکانی ناو یەکێتی سۆڤییەت، کەچی لە کۆتاییدا وەک دووپشك یەکاڵا بووەوە و ئەو هەموو نەتەوانە بووژانەوە و بوونەوە بە خاوەنی دەوڵەتی نەتەوەیی سەربەخۆی خۆیان؟ لێرەدا بە پێویستی نازانم ئەوە شی بکەمەوە کە تەنانەت هەموو ئەو نەتەوانەش کە دەوڵەتیان سەر بە بەرەی چەپ دروست کرد، یەکەم جار لە مەسەلە نەتەوایەتییەکەوە دروست بوون و بە کەڵەگایی چینایەتی لە ناوچوون.
جا وەک چۆن سەلماندمان هەلومەرجی هیچ نەتەوەیەک وەک ئەوی تر نییە و هەر نەتەوە و تایبەتمەندی خۆی هەیە، ئاوا نەتەوەی کوردیش وەك هەر نەتەوەیەکی زیندوو، تا مێژوو بڕ بکات شانبەشانی هاتووە و، وا ئێستاش دەستەودامێنی ئەم نەوە سەرلێشێواوەی ئێمە بووە، با درێغی لە بوونی، پیرۆزیی و سەروەریی نەکەین.
کوردەکەی برام: ئێمەی کورد مێژوویەکی لەبەرچاو و، تایبەتمەندی و زمانێکی نەتەوەیی هاوبەش و لە هەمووشی گرنگتر هەستە نەتەوەییەکەمان هەیە، چونکە پاکستان و دەوڵەتەکانی ئەفریکا باشترین نموونەن، ئەمان بوونێکی مێژوویی نەیکردن بە دەوڵەت، وەك روونمان کردەوە، زمانیش ئەو گرنگییەی نییە و، نەتەوەی وا هەیە بە زمانی جۆراوجۆر ئەپەیڤێت و خۆی بە نەتەوەی ئەو زمانەش نازانێت، زۆر لە کوردەکانی باکوورمان زمانەکەیان لە بیر براوەتەوە، کەچی هەستە نەتەوایەتییەکە هەر بە زاڵی ماوەتەوە، ( ئا لێرەدا روو لە هەر سێ شۆڤێنێکانی تورك، فارس و عەرەب ئەکەین و ئەڵێین بە تورك، بە فارس و بەعەرەبکردنی کورد هەستە نەتەوایەتییەکە پتەوتر ئەکات و ئەو پەلەقاژەیەشتان فت). جا کوردستانیش کە خاك و قەدەغەی نەتەوەی کوردە و نەتەوەییبوونیش ئەم چوار کۆڵەکە گرنگە دەستبەری ئەکات:
خاکێکی دیاریکراو.
قەوارەیەك و ژمارەیەکی دیار.
پێگەیشتنی ناوەندێکی نەتەوەیی.
هەستی نەتەوایەتی و بەندبوونی دەروونی بە نەتەوەکەیەوە.
ئا ئەم چوارەم کۆڵەکەیە لە هەموویان گرنگترە، هەستە قووڵەکەی ناو دەروونی مرۆڤ، کە لە ئاژەڵی جیا دەکاتەوە، بێ ئەو هەستە مرۆڤ بێبەریی ئەبێت لە نەتەوە و پەیوەندی بە خاکەکەیەوە نامێنێت. ئەمەش هەروا ئاسان نییە و هەڵگرانی بیری نەتەوەیی کوردیی لێی خۆش نابن و ناسنامەی مرۆڤی نادەنێ، چجای مرۆڤی کوردیش، ئابڕوومەندی تەنها پاراستنی بەشی خوارەوەی لەش نییە، جانجاك رۆسۆ لە ناوەڕاستی چەرخی هەژدەهەمدا نەتەوییبوونی بەو جۆرە شکاندەوە تا خستییە خانەی رۆمەت و ئابڕوومەندییەوە و، نەتەوەییبوونی بە بووژێنەرەوەی گەل دایە قەڵەم و داوای لە کەسانی نەتەوەکەی کرد و بە ئەرکی سەرشانیانی زانی لە دەسەڵاتی باڵادا بەشداری بکەن و، ئەم ئەرکە پیرۆزەشی ناونا: ئەرکی نیشتمانی.
ئێمەش بیرەکەمان و بزووتنەوەی نەتەوایەتیمان بە ئابڕوومەند ئەزانین، چونکە ملی ناوە بە کێوی خەباتێکی سەختەوە، لە پێناوی بەشخوراوانی نەتەوەکەمان و دەستخستنی ئازادی بە مانا پڕاوپڕەکەی، کە لە ئازادیی دەسەڵات و دەسەڵاتی یەکسانی تاکە تاکەی گەلی کوردستاندا رەنگ ئەداتەوە، نەك بە تەنها نەتەوەی کورد.
بیری نەتەوەیی کوردیی دەسەڵات بۆ تاکە چینێك و هێنانەدی ملهوڕێتی پیادە ناکات، ئەمڕۆ لە کوردستاندا چین بزرە، هەر هەمووی چەوسانەوەی نەتەوەیی رووبەڕوو کراوەتەوە، ئەویش بە دەست بۆرژوای شۆڤێنی چواردەورەوە. ئازادی بە لای کەسی نەتەوەییەوە یەك ئازادییە، ناوەڕاستی نییە و، هەڵکش و داکش ناکات، بەڵام دوژمن وای کردووە و، تۆی کورد وا فێر کراویت قۆڕەمافیش بە ئازادی وەرگرێت. ئەمەش ئەنجامی چەوساندنەوەی ساڵەهایە، تینوو رووبار و ئاونگ(سەراب) لە یەکتر جیا ناکاتەوە.
جا با ئەو پەیوەندیە دەروونییەی لە پێشدا باسمان کرد و بە ئابڕوومەندی رەنگی دایەوە، بە تەرازووی ژیرێتی و لۆژیك بیکێشین و لە زانستی نزیك بخەینەوە و بیانووی هەموو دوژمنانی نەتەوەیی پێ کوێر بکەینەوە.
شوێنەواری مرۆڤ پێش لە دایك بوونی، پزدانی دایکێتی لەوێ گەشە ئەکات و نیشانەکانی مرۆڤی تیا دەڕسکێت و پەیوەندییەکێ گیانیی بەهێز لە نێوان خۆی و دایکەکەیدا دروست ئەبێت، ئیتر ئەو دایکە هەرچۆنێك بیت، جوان، ناشیرین، هەژار، دەوڵەمەند، کەس دایکی خۆی بە هەموو شاژنانی جیهان ناگۆڕێتەوە، چونکە تەنها لە ناخی ئەودا دروست بووە، نەك کەسێکی دی.
پاش ئەوەی لەو دایکە شیرینەت ئەبیت، شوێنەوارەکە ئەگۆڕێت بۆ زێد و نیشتمانەکەت، وەك کوردێکیش کوردستانەکەت، هەردوو شوێنەوارەکە وەك یەك (بگرە ئەوەی دوومیان زیاتر) هەست و سۆزێکی نکۆڵی لێ نەکراوی لە ناخی هەموو کەسێکی تەواوا جێ ئەکاتەوە. بێ ئەو هەستە مرۆڤ بزرە، سەرلێشێواوە، شێتە. کە هەست نەکرا بە دایکێتی ئەوا هەر کەسێکی تریش جگە لە خوشك و برا ئەگەر باوەشی پیا کرد، ئاسایی ئەبێت، لەوانەیە ئەو کەسە خویشی باوەشی پیا بکات و چێژێکی تری لێ وەرگرێت جیاواز لە سۆزی دایکایەتی، هەمان هەستیش بەرامبەر خاك و زێد و کوردستانەکەت، ئەگەر هەستت بە سۆزی ئەو ئاوێتەبوونە بەهێز و پیرۆزە نەکرد، ئەوا بە ئاسانی پێی بێگانە ئەبیت و جەرگیشت ژان ناکات، بێگانە تەراتێنی تێدا بکات و بە قەدەغەی خۆی بزانێت، جا ئەو بێ هەستییەیە بە ئاسانی ئەیکات بە جاش و دەبێتە پاشکۆی بێگانە دژی کوردستان و هاوڕەگەز و بوون و ئابڕوومەندی. بۆ نموونە ئەو بێ هەستە ناڵێت دایکم یان خوشکەکەم، ئەڵێت: ئەو ژنە! ناشڵێت کوردستان، ئەڵێت: باشووری تورکیا، باکووری عێراق و....هتد! یان ناڵێت: کوردم ئەڵێت: سووریم، عیراقیم....هتد! بە برا کوردەکەشی ئەڵێت مرۆڤ، یان برایەکی موسوڵمان. ئەمەش هەر هەستە، بەڵام ئەو هەستەی بە درێژایی مێژوو مرۆڤی بێفەڕ شوێنی کەوتووە و کاری نابەجێ و دزێوی پێکردووە، هەزارەها بەکر مەرگەوڕی دروست کردووە و، هەزارەها مەمی پێ رەنجەڕۆ کردووە.
کەواتە هەست هەموو جارێك و لای هەموو کەسێك روو لە چاکە ناکات، ئەوەی دەدزێت، هەست بە تاوانەکەی ئەکات، بەڵام ئەو ملکەچی ئەو هەستەیە. هەموو کەس هەستی هەیە، ئازادی لە رەوانی(رۆحی) مرۆڤ هەڵکشاوترە، بەڵام هەستی چەپەڵ دەیەوێت کۆیلە و لارەمل بێت.
کەواتە هەستی نەتەوایەتی روو لە چاکەیە و دەمارگیریی کوێرانە نییە، ئەگەر بۆ رزگاربوون و ئازادی نەتەوە تەکانی دا.
ئەوەش لە بیر نەکەین جۆرە هەستێکی نەتەوەیی تریش هەیە، ئەمیان بۆ داگیرکردن و یخ پێدانی نەتەوە ژێردەستەکانە.
با شۆڕشی فەرەنسا بکەین بە نموونە، ئەم شۆڕشە لە دەمەدەمی دروستبوونیا شۆڕشێکی نەتەوەیی خاوێن بوو، سنووری بۆ زۆر ستەم و بێدادی دانا، ئەوە لایەنە رەوا و گەشەکەی هەست و هۆشیان بوو. بەڵام کە دوایی لە پەلامارەکانی ناپلیۆندا بۆ سەر وڵاتانی ئەوروپا و رۆژهەڵات رەنگی دایەوە، ئەوە لایەنە ناڕەوا و رەشەکەی هەستیان بوو، ئەمجارە هەستی پیرۆز کەوتە ناو تەرازووی ئەو نەتەوانەی کە بەرگرییان لە خۆیان ئەکرد دژی فەرەنسای داگیرکەر. یا هەر بۆ نموونە بزووتنەوەی ناسیۆنالیزمی عەرەب لەمەر یەکێتی و داد و یەکسانیدا، ئەوە لایەنە رەواکەی هەستیانە، بەڵام داگیرکردنی کوردستان و خوارووی سودان و چەوساندنەوەی نەتەوە ناعەرەبەکانی باکووری ئافریکا لە بەربەر و قیبتی و ئەمازیغەکان و.. هتد، ئەوە لایەنە چەپەڵەکەی هەستیانە و هەستی ئابڕوومەندیش دێتە لایەنی ئەو هێزانەی بەرەنگاریان ئەبنەوە.
نەتەوەی کورد:
جا هەر وەك چۆن روونمان کردەوە کێشەی هەر نەتەوەیەك لەوانی تر جیاوازە، ئاواش کێشەی نەتەوەی کورد لە کێشەی نەتەوەکانی تر ناچێت، دەتوانم بڵیم و هەر وایشە، کە تا ئێستا مێژوو کێشەی نەتەوەیی وا ئاڵۆزی بەخۆیەوە نەدیوە. ئەمەش لە دەرەوەی ویستی نەتەوەکە رەخساوە و بە پێویستی نازانم هۆکارەکەی لێرەدا چەند بارە بکەمەوە، ئەویان لای هەموو گەشبیرێکی ئەم کوردە لەبەر چاوە. ئەوەی کێشەکەی ئاڵۆزتر کردووە، ئەوەیە کە کوردستان کەوتۆتە ژێر چەپۆكی چەند رژێمێکی دڕندە و هۆش سەرەتایی، بە درێژایی مێژوو و بێگومان ئایندەش، رووناکی لە ئابڕوومەندی و هەڵسوکەوتیانا دەرهەق بە کورد بەدی نەکراوە و بەدی ناکرێت. هەزارەها قەسابخانەی ئەم دڕندانە بۆ کوردیان داناوە، مێژووی سیخناخ کردووە. هیچ، هەر هیچ بنەمایەکیان نەهێشتۆتەوە تەنانەت ئەگەر کورد ببێتە خاوەن دەوڵەتیش، ئەمانە وەك دراوسێیەکی بێ وەی ئەژمار بکرێن. چونکە کێشەی کورد و دوژمنانی چواردەور هەر لە مێژوودا پەیوەندی بە مۆراڵەوە هەیە، هەموو مێژوو تەی بکەیت، ئەو مۆراڵەیان تیا نابینیتەوە. ئێستا و دواڕۆژیش لەوە پتریان لێ هەڵناوەرێت.
ئەمڕۆش هەلومەرجی کوردستان بە گشتی لەوە دەرچووە لەسەر تەختی سوڵتانە قرەقۆزەکانی چواردەور ساتوسەوداو دانوستاندنی لەسەر بکرێت، چونکە چاوەڕوانی گۆڕانە، ئیتر لەوە دەرچووە دەستکەوت و ماف لە دوژمن وەرگرێت. ئەگەر بە خۆمان بزانین ئێستا و ئایندەمان بە دەست خۆمانە. ئەمڕۆ زلهێزەکان هەمووی بەرەو یەك تەوەر ئەچن، ئەو سەردەمە نەما کورد لە گەمەی رۆژهەڵات و رۆژئاوادا بکرێت بە پۆڕی خوراو، ئەم دیموکراتییەی بە راست یا درۆ جاڕی بۆ ئەدرێت، ناچارن دەوڵەتێکی کوردی هەڵتۆقێنن، چونکە تورکیا چیدی نازداری ئیمپریالییەت نییە و، ئەوەتا ئابوورییەکەی و پارە و دەرامەتی بوونەتە پەندی پسات و چۆلەکە خەون بە نەوتی ویلایەتی موسڵەوە ئەبینێت، چونکە ئێستا وەك ئابووریی فڕی بە دەوڵەتەوە نەماوە.
رژێمی ئێران و عێراق و سووریاش وا چەقۆی بۆ تیژ ئەکەن وەك گای قوربانی بیاندەن بە زەویدا و دوور نییە ئەو کوردستانەی لەناو سکی نەخشە قێزەونەکانیاندا قووت دراوە، بێتە دەرەوە و هەبوونی خۆی بە دەست بێنێت، ئەمە بێگومان ئەگەر بە قازانجی کورد شکایەوە، جا ئەمە مەترسییەکی زەبەلاحی بۆ هەر چوار رژێمەکە رەخساندووە، بۆیە هەر منی ئەوەیانە دەمارگیرانی چەپڕەوی هەرزە و ئیسلامی سیاسی دەسەڵاتخواز لە کوردستانا دروست بکەن و گیانی ئازادیان لەبار بەرن، خۆ ئەوە ئاشکرایە هەر کە کوردستان لە قۆناغی دروستبوون نزیك ئەبێتەوە، خێرا ئەو دوو لایەنە نامۆ بە بوونی کوردە وەك توولەمار دەکەونە جموجۆڵ و چالاکی و پارەهەڵڕشتن بۆ کڕینی ویژدانە لەرزۆکەکان. خاوێنترین رژێمی ئاغای ئەو دوو لایەنەش، بێ پەروا کڕنووش بۆ عەرشی پەنتاگۆن ئەبەن و دەیانەوێت بیانکەن بە دوژمنی کورد. ئاخر هەی کوردەکەی ئەڵقەلەگوێی پیاوی پیاوەکانیان بۆ بیر ناکەیتەوە؟ ئەمڕۆ کورد وەك چەپ و راستە دەمارگیرەکان هیچ دەستگیر ناکات، رق و گومانی زلهێزەکان نەبێت، وەك لەبەر چاوە، دروستبوون و چارەنووسمان ئێستا ئەبێت پێداگرتنمان بێت وەك کورد، وەك نەتەوەیەکی بەشخوراوی هەبوون لە مەترسیدا، ئەو بیر و فەلسەفە عەمارەپۆیانەی هەست نێگەتیڤەکان دەروێشایەتی ئەکەن، پەکی لەسەر کورد نەکەوتووە، ئەوەتا زۆر دەوڵەتی گەورەی خاوەن دەسەڵاتی بە دواوەیە و بە دوایەوە بوو، لە نەهامەتیی زیاتر چیان دوورییەوە؟ ساڵەهای ساڵیش هەبوون. ئایا کاتی ئەوە نەهاتووە روو لە رێگای راست بکەین بۆ دروستبوون و بەختەوەریی؟ کاتی ئەوە نەهاتووە بۆ ئەو دەوڵەتانەی بسەلمێنین کە چارەنووسی ئەم جیهانەیان بەدەستەوەیە، ئێمە گەلێکی زیندووین و کەچی ساڵەهای ساڵە سووکایەتیمان پێ ئەکرێت و یاری بە چارەنووسمان ئەکەن؟ نە برای موسوڵمان بە درێژایی مێژوو وەك کورد تێی روانیوم، نە پاسەوانانی قەڵای رماوی سۆشیالیزم.
ئەمڕۆ گریمانە و رەمڵ لێدان دەربارەی سیاسەتی دەرەوە و ناوچەکە لاپەڕەی رۆژنامەکان و هەموو میدیای جیهانی تەنیوە، بەڵام وەک کورد زیاتر ئەبێت لە تەقەلای یەکگرتن و خۆنیشاندان بێت، وەك گەلێکی خاوەن کێشە، نەك برسی و رووت و ڕەجاڵی بافتی بەزەیی و دلۆڤانیی خێرەوەمەندان.
سیاسەتی ئەمڕۆی جیهان وای لێهاتووە بە چرکە و کاتژمێر هەڵئەگەڕیتەوە، ئەمڕۆ کێشەکە لەوەدا نەماوە، گوێ لەوە بگرین، رژێمەکانی چواردەور چ پلانێکیان بۆ چنیوێن، کێشەکە لەوەدایە چۆن جێی خۆمان لە گەمە گەورەکەدا بکەینەوە. گەمەی وزە بەدەستهێنان لە لایەن زلهێزەکانەوە. ئەم گەرمەشینەی ناوچەکەی تەنیوە. بۆ حسێن نییە، بۆ هەریسەکەیە، ئامریکا دەڵێت: دە ساڵی تر سێ ئەوەندەی ئێستا نەوتم پێویستە. لەکوێ؟ خۆ بۆی نابارێت؟ پێویستی بە کێڵگەی نەوت و بازاڕی ئارامە، ئیتر ئەمە هەرچی پەلەقاژەی رژێمەکانی چواردەورە بەرامبەر یەك وڕینەی سیناتۆرێك لە کورتی ئەدات.
ئەمەریکا سوورە لەسەر ئەوەی هەرچی گیروگرفتی ناوچەکە هەیە بۆ بەرژەوەندیی خۆی تەختی بکات و سەرچاوەی وزە لە ناوچەکەدا بۆ خۆی مسۆگەر بکات. کێشەی کوردیش خاڵیکی ئەو بەرنامەیەیە و، ئەو سیناریۆیەی بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دانراوە، کورد رۆڵێکی گرنگی بەرکەوتووە، جا سەرکەوتنی لە رۆڵەکەدا پەیوەستە بە چەند بنەمایەکەوە، کاریگەرترینی ئەو بنەمایانە کورد خۆیەتی.