چۆن پێغەمبەرمان خۆش بوێت ؟!

چۆن پێغەمبەرمان خۆش بوێت ؟!
پێشتریش وتوومەو ئێستەیش پێم وایە کە مەولوود كردن و خەرج كردنی ماڵ و ئاهەنگ گێڕان و دووکان زایەکردن بەو بۆنە گەورەوە، لە دایك بوونی ئەو پێغەمبەرە مەزنە (دروودی خوای لەسەر بێت) لە واقعی ئەمردا سوننەت نییەو بگرە هەڵەیەکی گەورەیە! بەو پێیەی پێغەمبەر لە ژیانی خۆیدا نەی كردووە و دەستوریشی پێنەداوە، وە لە دوای وەفاتی خۆشی و سەردەمی خولەفای ڕاشدینیش نەكراوە و نەیان كردووە، وە بەڵگەیەكیش نەبیندراوە بۆ شەرعیەت دان بە كردنی. كە واتە بۆمان دەردەکەوێت كە سوننەت نییە، هەروەكو وادەركەوتووە، كە سوننەت نەبێت دەبێت بچێتە باری شتە مەباحەكانەوە....
دەشێ كردنەكەی بە جۆرێك بێت لە سنوری شەرع و دین و خزمەتی مروڤایەتی دەرنەچێ، بۆ نمونە لەم بۆنەیە با بڕیار بدەین غەصل کردنی ناخ و دەروونمان، و پێکەوە ژیان و هەستکردن بە بەرپرسیارێتی و ئیعادە نەزەری وێژدانمان و تۆکمەکردنی باوەڕو ئینتیما بۆ ئایین و نیشتیمان بکەینە ئەولەوییەت لە ژیانی هەر کامێکماندا .
وە ئەرکی مامۆستایانی ئایینیە کە وا لە ڕۆژێکی وەها پیرۆزدا بە ئەرکی دروستی خۆیان هەڵسن و هۆشیاری بدەن و دەربارەی ژیاننامەی ئەو مرۆڤە مەزنە و كورتەیەكی جوان بۆ گوێگران زیاتر هەڵوێستەی لەسەربکرێت و حاڵیان كەن كە سەروەری و هەڵسوكەوتی ئەو سەردارەمان چۆن بووە، تا هەموومان و هەمویان لەو مەزنە پیاوە، ڕەوشت فێر بین، لە ئایین دا ئەوە قەبوڵ کراو نیە تۆ لە دووکانێکی شیرینی بە نموونە: 365 ڕۆژی ساڵ قۆڵی خەڵک ببڕیت و شتو مەکەکان گران بکەیت...، لەوەها ڕۆژێکی پیرۆزیشدا دەستت واڵابکەیت و ببەخشیت!
كە واتە لە بنەڕەتدا ئیمان هێنان بە محمد (دخ) وەك پێغەمبەری خوا لەسەر ئەوە بە ندە كە دەبێ ئێمە لە خۆمان پرسیار بکەین چۆن خۆمان بگونجێنین، وە چۆن باشترین خزمەت بگەیەنین بە خۆمان و دەوروبەرمان، هەروەها چۆن پێغەمبەرمان خۆش بوێت؟
پێم وایە باشتر دەبوو لەبری شیرینی و خواردن ڕایی کردن و خێراتەکان لە وەها ڕۆژێکدا، بەشێوەیەکی ڕێکخراو بخرابوایە خزمەت خەڵک بە پێی پێویستی سەردەم...، دەبێ بڵێین تێگەیشتنى هەڵە لە ئایین لەلایەن باوەرداران زۆرزیاتر زیانى هەبووە و هەیە بۆ ئایین و باوەرداران و خەڵک بە گشتی بە تێگەیشتنێكى پێچەوانە كەبۆتە هۆى ئەو گشتە دەمارگرژییەى پەیرەوانى، پلەى بەرزى پەیامى مەعنەوى و روحى خواییان نزم كردۆتەوە..!
٭ دەپرسم:- كاتى ئەوە نەهاتووە كە پێداچوونەوە بە تێگەیشتنە كانمان بكەین لەئایین و هەوڵ بدەین لە ناوەرۆكى ئەو پەیامە رۆحى و مەعنوویەى ئایینی پیرۆزی ئیسلام بگەیین؟!
٭ كاتى ئەوە نەهاتووە لەتەعسووباتى ووشك و توند و بەفیرۆدانی سەرمایە بە ناوی خێرو خێرات و مەولود دوورى بكەین و واقعبینانە بیر بكەینەوە؟!
٭ كاتى ئەوە نەهاتووە ئەو ئاڵوگۆرە بەرینانەى كە بەسەر ژیانى مرۆڤایەتى داهاتووە ببینین و خۆمانیان لەگەڵ رێك بخەین و بەخششەکانمان بە پێی پێویستی سەردەم بۆ خزمەتی مرۆڤایەتی، دوورى بكەین لە بە فیرۆدان و دەمارگرژى و رەدكردنەەى ئەوانى تر و لەهەمان كات بە دروستى و لەناخى دڵەوە پارێزگارى لە ئایین و ویژدانمان بكەین و ئەو پێوەندییە نادروست و پر لەڕیایە، لەگەڵ خوداوەند بكەینە پێوەندییكى ئەویندارانە و قووڵ ؟!.

Top