كەركووك لەبەردەم دوومەترسی گەورەدا
November 14, 2018
وتار و بیروڕا
بۆ تەعریب و لەناوبردنمان ئێستا بەپلانێكی نوێ دەیانەوێت شەڕی كورد و عەرب لە ناوچەكانی كەركووك دروست بكەن، پاڵپشتی هۆزە عەرەبەكان دەكەن بۆ هەڵكوتانە سەر گوندە كوردنیشەنەكان و داگیركردنی زەوییە كشتوكاڵیەكانیان، زیاتر لە ملیۆنێك دۆنم زەویی جوتیارانی كورد لە ژێر مەترسی داگیركردندان، چونكە ئێستا كەركووك حوكمی عەسكەری بەڕێوەی دەبات و بەدەیان گرووپی جۆراوجۆری میلیشای تێدا حكوم دەكات، بەئارەزووی خۆیان خەڵكەكە سەركوت دەكەن، هەربە بڕیاری راكان سەعید پارێزگاری سەپێندراوی كەركووك جوتیارە كوردەكانی سنووری كەركووك لەجوتیارە عەرەب و توركمانەكان جیا دەكرێنەوە، هاوكات بۆ وەرزی چاندنی ئەمساڵ لەوەرگردنی بنەتۆ و كیمیا و گاز بێ بەش دەكرێن، لەكاتێكدا لە ساڵانی ڕابردوو سەرجەم جوتیاران مافی وەرگرتنی پێداویستییەكانی چاندنیان بێ جیاوازی بۆ دەستەبەر دەكرا، ئەم بڕیارەی ڕاكان سەعید هەوڵێكە بۆ ئەوەی جوتیارە كورەكان توانای تۆ كردنی زەوییە كشتوكاڵیەكانیان نەبێ و بەناچاری گوندەكانیان چۆل بكەن.
مەترسی دووم سەرهەڵدانەوەی گرووپی تیرۆرستی داعشە لە سنورەكانی كەركووك، سەرهەڵدانەوەی داعش لە ناوچە كێشە لەسەرەكان وسنوری پارێزگای كەركووك بەتایبەتی، هۆكاری دروستبوونی بۆشایی ئەمنییە بە نەمانی هێزی پێشمەرگە، سەرهەڵدانەوەی داعش لە ناوچە كێشە لەسەرەكان و سنوری كەركووك قەزای حەویجە و بەتایبەتی، ژیانی خەڵكی ناوچە كوردستانییەكانی خستووەتە بەر مەترسییەكی جدی و ژیانی خەڵكی گوندەكانی سنووری دبس و تادەگاتە خورماتوو لەژێر هەڕەشەی گرووپی تیرۆستی داعشدان، هەر بۆیە دانیشتووانەكانی ئەم ناوچانە بۆپارستنی سنوورەكانی كەركووك گەڕانەوەی ئارامی و پاراستنی سەر و ماڵیان داوای گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگە دەكەن، دیارە سەرهەڵدانەوەی داعش لە ناوچە كێشە لەسەرەكان جارێكی دیكە خێزانە كوردەكانی ناچار كردووە، ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێ بهێڵن و روو لە ناوچە ئارامەكانی كوردستان بكەن، ئەگەر چی سەركردایەتی سیاسی كورد، حكومەتی هەرێم لەگەڵ حكومەتی ئیتیحادی گفتوگۆیەكانی دەست پێ كردووە تاكو هێزی پێشمەرگە بەشدار بێت لە پاراستنی ئەمنیەتی ناوچەكە، كەچی تا ئێستا نەگەیشتوونەتە هیچ ڕێككەوتنێك تا هێزی پێشمەرگە بگەڕێتەوە ناوچە كێشە لەسەرەكان.
ئێستا كوردانی گوندنشینی سنووری كەركووك لەبەردەم دوو مەترسی گەورەدا ژیان بەڕێ دەكەن، مەترسی بەعەرەبكردنی ناوچەكانیان بەزەبری هێزووهێنانی عەرەبی هاوردە بۆناوچەكانیان یان مەترسی گەڕانەوەی گرووپی تیرۆرستی داعش بۆ ناوچەكە و داگیركردنی گوندەكانیان.