لاپەڕەی ژیانم هەموو هەڵدەیتەوە تێیدانییە باسی فرمێسک و هەناسە و پەرۆشی و دڵتەنگی نەبێ...

لاپەڕەی ژیانم هەموو هەڵدەیتەوە تێیدانییە باسی فرمێسک و هەناسە و پەرۆشی و دڵتەنگی نەبێ...
کارەساتەکان لە مێژووی ژیانی ئێمەی کورد دا زۆر و دیار و بەرچاون، مێژوویەکمان هەیە سەرتاسەری نوقمە لە تراژێدیا و خەم و خوێن بەخشین و ئەژنۆ لە ئامێزگرتن، ئەوەشمان هەمووی لە پێناو مانەوەی ناسنامەو نەفەوتان و بوون‌ دایە، ئەو بوونەی سروشت بە مرۆڤی بەخشیوە و هەندێک مرۆڤی زێدەخوازی زاڵم و زگە دی و نیشتیمانفرۆش ڕەوا نابینن بە ئێمەوە، ...
بەخۆم نیە مرۆڤی کوردپەروەرو دۆست و دڵسۆزی نیشتیمان و خاکم خۆش دەوێت، ئەگەر بکرابوایە پێتانم دەوت:- ((هاتنە ژوور قەدەغەیە))، هەگبەیەکە لە ژان و بڕکی سروشت و مرۆڤ، جاری‌وا هەیە هەر لە ڕووداو پێشهاتێک هەموو خەمەکانی ڕەگەزی و نەتەوەیی و سروشتی و مرۆڤایەتی بە یەکەوە تێدایە و بە هەستی دڵسۆزی بەرپرسایەتییەوە باسیان لێدەکات، ئەو هەر دەردەکان وەکوو هەن بە ئێوە دەناسێنێ و کەمتر دەبێتە دەم‌ڕاستی تۆ و دەرمان‌کردنیان بۆ ئەوان بەجێ دەهێڵێت.
ئاخر ژیان بە مێژووەوە بەردەوامە و مێژووش بە ژیانەوە مانا پەیدا دەکات و نامرێت، ژیان و مردن هەتا هەتایە لە بەربەرەکانێ و بەرەنگاربوونەوەی یەکتردان و ئەم کێشە بۆ کوردی خێر لەخۆ نەدیوو سەرەتا و کۆتاییەکەی ون و نادیارە.
کاتێک تۆ لە بیستنی بە تەعریبکردنی کەرکوک و دێهاتەکان و وەدەرنانی خوشک و برا کوردەکانمان و سەدان کۆمەڵە چیرۆکی تری تراژێدیایی گوێیەکانت تاس دەکات، ئەوەباسی ڕێفراندۆم و داوای ئازادی و ماف و هەبوونی کیانێک هەر چش.... کە بانێکەو دوو هەوا، بۆخۆیان ڕەوا بۆئێمەش ناڕەواو بڤە، بە بەرچاوی سەرۆکی ئێکەمی عێراق کە کوردەو دەسەڵاتی جێبەجێکردنی مادەی ۱٤۰ و چارەسەرکردنی کێشەی ناوچە داگیرکراوەکانی لە دەستە، بەڵام بێدەنگ و تەماشاکار.... ڕێک شەرم لە کورد بوون داتدەگرێ بە جۆرێ دەبیتەوە قەترەیەک لە ئاوو بە ئاخدا ڕۆدەچی، یا وەک گرکان لە ناو هەناوتدا گڕ دەگریت و قڵپ قڵپ دەدەیت، کە زۆرێک لە ئازار و ژانەکانی ژیانی کوردایەتی لەبەر زەیندا زەق و ڕوون وەبەر چاو دەكەوێ کە هانی دەدات بۆ وەبیرهێنانەوە و قوڵتربوونی ئەو زامانە کە ۱۰۰ ساڵە سارێژ نابێ و بەردوام لە کول بوونەوە دایە.
بەو هیوایەی سەردەمێکمان وەچنگ بکەوێ ئیتر لە داگیرکراوی و بێ کیانی و بێ مافی و خیانەتی نیشتیمانی و مەینەت نەدوێین و هەوێنی هەموو وتارەکانمان و نووسینەوەی مێژووش باسکردن بێت لە تەبایی و جوانی و ئاسوودەیی و یەکبوون و نیشتیمانپارێزی و بوونیاتنان و هەستکردن و بەرپرسیارێتی هەڵگرتن.
Top