رۆڵی حزب لە حوكمڕانی و بونیادنانی نەتەوەدا

رۆڵی حزب  لە حوكمڕانی و بونیادنانی نەتەوەدا
مێژووی حزب لە كوردستاندا پەیوەندییەكی قووڵی بە بزاڤی رزگاریخوازی نەتەوەوە هەیە، پارتی دیموكراتی كوردستان هەر لە مێژووی دروستبوونیەوە لەسەر دەستی رابەری نەتەوەیی كورد مەلا مستەفا بارزانی لەم پێناوەدا بووە، تاوەكو هەموو هێزو تواناو رێكخراو و كۆمەڵە و كەسایەتی و هۆزەكان لە ژێر چەترێكدا كۆبكاتەوە لەپێناو گەڕانەوەی شكۆ و كەرامەت بۆ تاكی كورد و لە ژێردەستەیی و چەوسانەوە رزگاری بكات، رەنگە تەنیا شانسێكیش بۆ مانەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ریزبەندی یەكەمی حزبە كوردستانییەكان لەو ماوە زۆرەدا بۆ تێكۆشانی بگەڕێتەوە لەم پێناوەدا، راستە لەو ماوە مێژووییەدا ئەم حزبە زۆر تووشی پیلان و خیانەت و دژایەتیی زلهێزەكانی ناوچەكە بووەو غەدرو ئیرهابێكی فكری بەرامبەر كراوە، بەڵام لەم دوو هەڵبژاردنەدا دەركەوتەوە كە ئەگەر لەو بیروباوەڕو ئامانجانە لانەدەین كە بارزانیی باوك بۆ خەباتگێڕو شۆڕشگێڕەكانی داڕشتووە، ئەوا هەر لە ریزبەندی پێشەوەی هەموو ئەو حزب و بزووتنەوانە دەمێنینەوە كە هەر دەیانەوێت بە ئیدعاو دەجالی و فرتوفێڵ میللەت لەخشتەبەرن، لە هەمووشی گرنگتر ئەو بیروباوەڕەیە كە بارزانی بانگەشەی بۆ كردووە كە ((جێگای شانازییە مرۆڤ خزمەتكاری میللەتی خۆی بێت)) .
ئەگەر سەیری مێژووی دروستبوونی پارتی دیموكراتی كوردستان بكەین، لەسەرەتاوە تائێستا لە پڕۆگرامی خۆیدا لە كۆنگرەی یەك تا كۆنگرەی سێزدە جگە لە ئامانجە سیاسییەكەی كە گەیشتنە بە مافە نەتەوەییەكان كە خۆی لە دەوڵەتی كوردستان دەبینێتەوە، لە بوارە ئابوورییەكەیدا بەشی زۆری بەرنامەكەی بۆ خزمەتی خەڵكی كوردستان بووەو داوای ژیانێكی سەربەرزانە و خۆشگوزەران بۆ تاكی كوردستان دەكات، بەشێوەیە كە داهاتی تاكە كەس بە شێوەیەك بەرز بێت، لەبەرزترین ئاستدا بێت.
لە دوای راپەڕین پارتی هەمیشە هێزی كاریگەری حوكمڕانیی كوردستان بووە و سەرەڕای دەیان تێبینی لەسەر ئیدارەدانی خەڵك، بەڵام بەرپرسانە شانی داوەتەبەر سەركەوتنەكان و شكستەكان و هەمیشە كۆڵی نەداوەو خەڵكی كوردستانی بەجێ نەهێشتووەو ئەم ساڵانەی دوایی راست و دروستی هەڵوێستەكان دەردەخەن كە خۆی لە بەرگریكردن لە كوردستان دەبینێتەوە .
لەبواری بونیادنانەوەو خزمەتگوزاری و گەشەپێدانی ئابووریی هەرێمی كوردستان بە هاوكاریی لایەنە بەشداربووەكانی حكومەت دەیان كاریان ئەنجام داوە، كە دەكرێت بە كورتی ئاماژەیەكیان پێ بكەین، وەك بەراوردێك لەسەرەتای ڕاپەڕین تا ئێستا لە رووی پەروەردە و تەندروستی..
بە كورتی لەسەر هەر سێكتەرێكیان رادەوەستین بەم شێوەی لای خوارەوە:
یەكەم / لە سێكتەری پەروەردەدا
- ژمارەی مامۆستایانی كوردستان بە هەردوو قۆناغی بنەڕەتی و دواناوەندی تا ساڵی 1992 تەنیا (21،389) مامۆستا بوو، كەچی ئەو رێژەیە لە ئێستادا زیاترە لە (126،112)مامۆستا.
- تا ساڵی 1992 ژمارەی بینای قوتابخانەكانی كوردستان تەنیا (842) قوتابخانە بوو، كەچی وێڕای قەیرانی دارایی لەماوەی چوارساڵی رابردوو ژمارەی بینای قوتابخانەكانی كوردستان لە ئێستادا زیاترە لە (5،275) قوتابخانە.
- تا ساڵی 1992 تەنیا (4،588) قوتابی باخچەی ساوایان لە كوردستان هەبووە، كەچی ئەو رێژەیە تا ساڵی 2016 دەگاتە (71،764).
-لە نێوان ساڵی (1991_2003) رێژەی نەخوێندەواری لە كوردستان لە سەر ئاستی عێراق بەرزترین رێژەی تۆمار كرد كە 37٪ بووە، بەڵام پاش هەڵمەتێكی بەرفراوانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ نەهێشتنی دیاردەی نەخوێندەواری، ئەو رێژەیە تا ساڵی 2016 دەگاتە 14٪ .
دوەم / لە سێكتەری تەندروستی دا:
پارتی دیموكراتی كوردستان لەماوەی حوكمڕانی خۆی دا شوێن پەنجەی بەسەر هەموو سێكتەرەكانەوە دیارەو ڕۆڵێكی ئێجگار گەورەی لە بوژانەوەو پێخشستنی كوردستان دابینیووە كە سێكتەری تەندروستی یەكێكە لە بوارە گرنگانە.
- بۆنموونە لە رووی ژمارەی نەخۆشخانەو بنكە تەندروستییەكان، پێشكەوتن و گۆڕانكارییەكی مەزن روویداوە. ژمارەی نەخۆشخانەكانی كوردستان تا ساڵی 1991تەنیا (26) نەخۆشخانە بووە، بەڵام تا2017 ئەو ژمارەیە دەگاتە (76) نەخۆشخانە. ژمارەی بنكە تەندروستییەكانیش لەو ماوەیە گۆڕانكاریی گەورەی بەسەر دادێت، تا ساڵی1991 (178)بنكەی تەندروستی لە كوردستان هەبووە، لە 2017 دەگاتە (961) بنكەی تەندروستی.
- تا ساڵی 1991 چەند پزیشكی گشتی و ددان ودەرمانساز لە كوردستان هەبووە و پاشان لەسەردەمی حوكمڕانیی ئێمە كە پارتی كۆڵەكەی بنەڕەتی ئەو ئەزموونەیە، ئەو رێژەیە دەگاتە چەند؟ تا ساڵی 1991ژمارەی پزیشكان (826) پزیشكی گشتی و (144) پزیشكی ددان هەبووە، بەڵام ئەو رێژەیە تا ساڵی 2017 دەگاتە (6،693) پزیشكی گشتی و (1701) پزیشكی ددان. پزیشكی دەرمانساز لە 1991تەنیا (48) پزیشك بووە، لە2017 ئەو ژمارەیە دەگاتە (1035) پزیشكی دەرمانساز.
- سەبارەت بە رێژەی نەخۆشخانە تایبەتەكانی كوردستان، دەزانن ئەو سێكتەرە تا چ ئاستێك گەشەی كردووە؟ تاساڵی 1991 تەنیا (1) نەخۆشخانەی 15 قەرەوێڵەیی تایبەت هەبووە، بەڵام لە ساڵی 2018 ئەو ژمارەیە دەبێتە (49) نەخۆشخانەی تایبەت.
- لەماوەی ئەزموونی حوكمڕانی خۆماڵیدا زۆرترین پێشكەوتن لەبواری كردنەوەی نەخۆشخانە پسپۆڕییەكان ڕوودەدات، كە تا ساڵی 1991 هیچ نەخۆشخانەیەكی پسپۆڕی لە كوردستان نەبووە، بەڵام ئەو سەنتەرە پسپۆڕییانە لە 2018 ژمارەیان بەم شێوەیەیە: سەنتەری چاندنی گورچیلە، سەنتەری چارەسەری شێرپەنجە، سەنتەری تالاسیما، سەنتەری نەخۆشییەكانی شەكرە، سەنتەری شیانەوە، سەنتەری دڵ، سەنتەری نەخۆشیی دەروونی، كە كۆی گشتی دەگاتە (21) سەنتەری پزیشكیی پسپۆڕی حكوومی. تا ساڵی 1991 هیچ سەنتەرێكی پسپۆڕی تایبەت لە كوردستان نەبووە، بەڵام لە ئێستادا (68) سەنتەری پسپۆڕی تایبەت هەیە.



Top