بوێرانە و راستگۆیانە لە خۆمان بپرسین چیمان کردووە بۆ نیشتمان؟

بوێرانە و راستگۆیانە لە خۆمان بپرسین چیمان کردووە بۆ نیشتمان؟

ھەروەکو دەلێن "گەر نیشتمانم لە مەترسی بوو، ھەموو رۆلەکانم پێشمەرگەن".
بێگومان پەروەردە و فێرکردن دەتوانی ھەموو تاکەکان و رۆلەکان لە کاتی تەنگانە و پێویستی ومەترسی بکاتە پێشمەرگە و بەرگری لە خاک و نیشتمان بکات و خۆیان لە پێناو کوردستان بەخت بکەن، چونکە ھەر لە رێگای پەروەردە وفێرکردنەوە دەتوانین پڕەنسیپی خۆشەویستی بۆخاک و نیشتمان برەوی پێ بدەین و ئەندام بوون و ھاووڵاتیبوون و پاپەندبوون لە ناخی ھەموو رۆلەکانمان قوتابییەکانمان چەکەرە پێ بکەین و گەشەی پێ بکەین.
گرنگترین ئامانجەکانی وەزارەتی پەروەردە بریتیە لە ئامادەکردنی ھاووڵاتی باش و بە سوود کە رێز لە یاساکان و مافەکانی مرۆڤ بگرێت و پڕەنسیپی پاپەندبوون و دڵسۆزی لە کارەکانیدا رەنگبداتەوە و سەرکەوتوو بێت کە ئەمەش بەشێکە لە ھاووڵاتی بوون و پاپەندبوون بە خۆشەویستی بۆ نیشتمان. گرنگە ھەموومان ساڵانە لە رۆژێکی نیشتمانی دیاری کراو لە خۆمان بپرسین و بەرامبەر خۆمان رابوەسیتن پرسیار لە خۆمان بکەین بوێرانە و راستگۆیانە چیمان کردووە دوێنی و پێرێ بۆنیشتمان؟ وە چی پێویستە بۆ ئەمڕۆ ئەنجامی بدەین بۆ ئەو نیشتمانەمان؟ ھەر یەکەمان بە پێی شوێن و پسپۆری خۆی کە ھەموومان دەزانین پەروەردەکردن بۆ نیشتمان سەرەتا لە ماڵەوە دەست پێ دەکات لە منداڵی دواتر لە قوتابخانە ھەر قۆناخێک لە قۆناخەکانی خوێندن زۆر پێویستە بۆ پەروەردەکردنی قوتابی لەسەر خۆشەویستی و دڵسۆزی بۆ نیشتمان کە قوتابخانە ھەردەم ژینگەیەکی لە باروگونجاوە بۆ وەبەرھێنانی ووزە و تواناکانی قوتابیان، بەڵام لە ھەمووی گرنگتر جێ بەجێ کردنی پڕەنسیپی دادپەروەری کۆمەڵایەتیەلە تێکرایی کەناڵەکانی پەروەردە و فێرکردن بۆ نموونە قوتابخانە رۆڵی کاریگەر و گەورەی ھەیە لە بنیاتنانی بەھا جوانەکان کە کاریگەری راستەوخۆی باشی ھەیە لەسەر پەرەپێدانی ھاووڵاتیبوون لە پێناو بەدیھێنانی ئامانجە ستراتیژیە پەروەردەییەکان ، روونتر بلێن گەر لە قوتابخانەیەک پڕەنسیپی دادپەروەری و یەکسانی لە نێوان قوتابیان ومامۆستایان وەکو یەک بینران و کاری پێکرا ئەوا سەرجەم قوتابیان قوتابخانە و نیشتمانیان خۆش دەوێت بێ جیاوازی بەھەمان شێوە، گەر لەلایەن مامۆستاکان و بەرێوەبەر و سەرپەرشتیاران و کاراکتەرەکانی تری جیاواز دیتیان لەلایەن وەزارەتی پەروەردە و سەرجەم کاراکتەرەکان لە بەرێوەبەرانی گشتی و راوێژکاران و وەزیری پەروەردە وە بێ جیاوازی بەداوداچوون بۆ سەرجەم کێشەوگرفتە پەروەردەییەکان دەکەن و دڵسۆزانە و لێبڕاوانە کارەکان ئەنجام دەدەن و دوور لە ھەموو بەرژەوەندییەکی تایبەتی و کەسی و بەڵکو تاکە ئامانجیان بەرەووپێشبردنی پرۆسەی پەروەردە و فێرکردن بێت و دادپەروەرانە و پەروەردەییانە ئەرکی سەرشانیان جێ بەجێ دەکەن، ئەوا بێگومان سەرجەم کاراکتەرەکانی تر لە دام و دەزگا جیاوازە پەروەردییەکان بە ئەرکی سەرشانیان ھەڵدەستن و زیاتر ھەوڵ دەدەن پڕەنسیپە پەروەردەییەکان لە کەناڵە پەروەردەییەکان جێ بەجێ بکەن و ئەوکات زیاتر خۆشەویستی بۆ خاک و نیشتمان لە ناخیان گەشە دەکات و ھەموو کات ئامادە دەبن بۆ قوربانیدان لە پێناو سەربەرزی نیشتمان و ھەر کەسە و سنوری بەرپرسیاریەتی خۆی دەزانێ بەرامبەر بە نیشتمانەکەی .
بۆیە گرنگە ئێمەی پەروەردەکاران گیانی ھاووڵاتیبوون لە ناخی قوتابیان بنیات بنێن و پەرەی پێ بدەین و ھەموو پێکھاتەکانی نیشتمانیان پێ بناسێنین وەکو خاک و گەڵ و دەسەڵات و مێژوو و خۆشەویستی نیشتمان و پاپەندبوون و دڵسۆزی.
لە کۆتاییدا گرنگە قوتابیەکانمان فێربکەین لە سەر گفتوگۆ و دەربڕینی سەرنج و رای خۆیان و بەشداری کردنیان لە چاڵاکیەکان و فێرکردنیان لەسەر رەخنەگرتنی بنیات نەرو پێشکەش کردنی داواکاری و بەشداری کردن لە ریزبوونی بەیانیان و بەرنامە پەروەردەییەکان و متمانە بە خۆبوون و رێگاپێدانیان بۆ دەربڕینی راوسەرنجەکانیان و بەشداری پێ کردنیان لە بەرنامە و چاڵاکیەجۆراوجۆرەکان بۆ پەرەپێدانی خۆشەویستیان بۆ نیشتمان کە بتوانن ببنە ھەوێنێکی باش لە ھەوێنەکانی کۆمەڵگە.
بەرێوەبەری گشتی چاڵاکی وەرزش و ھونەر
ماستەر لە کارگێرێ پەروەردەیی
Top