١٦ی ئۆکتۆبەر خیانەتێکی نەتەوەیی بە ئامانجی دەسکەوتی حزبی

١٦ی ئۆکتۆبەر خیانەتێکی نەتەوەیی بە ئامانجی دەسکەوتی حزبی

ساڵێک بەسەر گەورەترین خیانەتی مێژوویی ١٦ی ئۆکتۆبەر پێدەپەڕێت ، ئەو خیانەتەی زۆری لەبارەیەوە دیراسە کرا و نوسرا، بەڵام گەورەیی خیانەتەکەی ١٦ی ئۆکتۆبەر کە لە لایەن باڵێکی" کاڵفامی سیاسی" ناو حزبێکی سیاسی وەک یەکێتی بە ئامانجی چەند دەسکەوتی حزبی کاتی و ئابوری و دزینی نەوتی کەرکوک ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی سنوری ئیدارەی ھەرێمی کوردستان لە لایەک لاواز کردنی پێگەی جەماوەری پارتی لە کوردستان بەربەست دروستکردن لە ھەژموونی پەرەسەندن و بەھێز بوونەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان لە زۆنی رەنگا و رەنگ و شاری کەرکوک و رێگا گرتن لەو لاوازبوون و ھەڵوەرینەی کە لە ریزەکانیان دروست دەبوو و دەبووە مایەیی بەھێزبوونی گروپ و لایەنەکانی دیکە لە شاری سلێمانی بوو، بەبێ گوێدانە ئەوەی ئەو رێکەوتنەی کە کراوە لەلایەن باڵی خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر لەگەڵ دوژمنان و داگیرکەرانی کوردستان لە مێژووی سیاسیان دەبێتە پەڵەیەکی رەش و بەر نەعەلەتەی خەڵکی کوردستان دەکەون، چونکە لەسەرجەم قۆناغەکانی ژیانی سیاسیان چەندین گروپ و کەس بوونەتە ھۆی خیانەت کردن لە خەڵکی کوردستان و پەنایان بردۆتە بەر دووژمنانی گەلی کورد و رێکەوتنیان ئەنجامداوە بە ئامانجی دەستکەوتی کاتی و بەھێزبوونیان بەرامبەر رکابەرەکانیان .
خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەری گروپی کاڵفام و ھەرزەی سیاسی ساڵی رابردوو لە ھەموو خیانەتەکانی دیکە گەورەتر و بەپلان داڕێژراوتر و پشت ئەستور بە ھاوکاری وڵاتانی ئەقلیمی و نێودەوڵەتی ئەنجامدرا ، لەبەر ئەوە تاوانێکی رەش و مێژووییە چونکە گەلی کوردیان تووشی جینۆسایدێکی گەورە کرد لە شارەکانی کەرکوک و خانەقین و دووزخورماتو و شەنگال و مەخمور و تەواوی ئەو ناوچانەی کە داگیرکران لەلایەن داگیران و پاسدارانی ئێرانی و لەکاتێکدا بوو میللەتی کورد و کوردستان ریفراندۆمی مێژووی ئەنجام دابوو و پەیامێکی نەتەوەیی و مێژوویی بەدەسەڵاتی عێراقی و جیھانی گەیاند کە چیتر ئامادە نیە قەبوڵی سەپاندنی سزای پێکەوە ژیان لەگەڵ داگیر و دەسەڵادارانی حکومەتی عێراقی بژێت و دەیەوێت بە شێوەیەکی مەدەنی و دیموکراسی بگاتە مافەکانی خۆی و کۆتایی بەو داگیرکاریە بھێنێت کە دەیان ساڵە بەسەریدا سەپێنراوە لە بەرژەوەندی حکومەت ئەقلیمی و زلھێزەکانی دونیا ، کە ئەم دەستکەوتەش وەک ئەوانەی دیکە لەسەر دەستی پارتی و سەرۆک بارزانی بوو بۆیە وەکو گایەکیان لێھاتبوو کە کێچ چووبێتە ژێر مووەکانیانەوە و دەستیان درێژ کرد بۆ خیانەتێکی نشتیمانی و گەورە کە مێژوو وەکو پەڵەیەکی رەش بەناوچەوانی ئەنجامدرانی ھەژماری دەکات .
بەڵام ئەوەی خیانەتکاران بیریان لێ دەکردەوە پێچەوانە بووەوە چونکە ئەوان پلانەکانیان بۆ بەدەستەوەدانی سەرجەم خاکی کوردستان و رەشکردنەوەی قەوارەی ھەرێمی کوردستان و لاواز کردن و بەدەرنانی پارتی بوو لە تەواوی خاکی کوردستان ، دەستکەوتی مادی کاتی و دەستکەوتی سیاسی و ھەیمەنەتدان و بەھێزبوونی باڵێکی خیانەتکاری لە شاری رەنگاو رەنگ بوو، بەڵام بەرگری پێشمەرگەی کوردستان کە خۆیان لە پێشمەرگەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان دەبینێتەوە لە میحوەرەکانی شەڕ و تۆمارکردنی سەرکەوتنی گەورە لە داستانەکانی پردێ و سحێلا و مەحمودیە و تێکشکانی ھەم پلانەکە و ھەم دووژمنانی ناوخۆی و عێراقی ئەقلیمی و نێودەوڵەتی بوو ، کە دواتر باجی خیانەتەکەیان میللەتی کورد و خەڵک ناوچە داگیرکراوەکانی کەرکوک و خانەقین و دوزخورماتوو و شەنگال و تەواوی ناوچەکان دایان و کوردی لە خاوەن ماڵەوە کردە میوان لە شارانە و ئەوانەی دەستیان ھەبوو لەم خیانەتەش بە مۆڵەت و پرسی ئەوان بچنەوە شارە داگیرکراوەکان و قسەکردنیشیان بە کوردی لێ قەدەغە بکەن ؟!
کەچی ئەوەی خیانەتکاران کردیان و ئەنجامیاندا بۆ پارتی بەخێر و ھێز گەڕایەوە، لەبەر ئەوەی پارتی ھێزی داکۆکیار بوو لە پاراستنی کوردستان بەرامبەر بە ھێرشی دووژمنان وئەندازیاری شکاندنی ئابڵوقەی ئابووری و سیاسی و باشترکردنی گوزەرانی خەڵک و پارێزەری شکۆی کوردستان و ناوی پێشمەرگە بوو ، ھەر بۆیە میللەتی کوردیش لە ھەڵبژاردنەکانی ئەم دواییەی کە لە کوردستان ئەنجامدرا پاداشتی پارتی کردەوەو ئەوانشی روورەش کرد و تا وایان لێھات لە ئۆکتۆبەرێکی دیکەدا پەنایان بۆ خیانەتێکی دیکە برد، بەڵام ١٦ی ئۆکتۆبەر خیانەتە نشتیمانیەکەیان وەک چۆن دەستکەوتێکی مادی و سیاسی کاتی بوو ئەوھاش بەرھەم و پاداشتەکەی کاتیە بۆ کۆمەڵێک کاڵفامی سیاسی و کورت خایەنە و لە کۆتایدا بەخێر و باشی لە بەرژەوەندی کورد دەگەڕێتەوە .



Top