ئێستا کوردستان رووەو قۆناغێکی گەورەی بێ متمانەیی هەنگاو دەنێ

ئێستا کوردستان رووەو قۆناغێکی گەورەی بێ متمانەیی هەنگاو دەنێ
دۆخی ناهەموواری دارایی کوردستان لە خراپترین ئاستیدا بوو کەچی ئاسایش کۆمەڵایەتی بەجۆرێک ڕەگی داکوتابوو نەیتوانی بێ متمانەی لای تاک دروستبکات، بازارەکان ئەمڕۆشی لەگەڵ بێت بە پارچە پەڕۆیەک دادەخرێن.

شەڕی نەگریسی ناوخۆ تێپەڕی کەچی زوو توانرا متمانەی کۆمەڵایەتی بگەڕێندرێتەوە و ئاسایشی کۆمەڵایەتی بەهێز بکرێتەوە، دوو قوربانی شەڕەکە بەیەکەوە ڕوویان کەوتە وەدی هێنانی ئامانجێکی ستراتیژیک کە سەرچاوەی لە کوردبوون وەرگرتبوو.

ئێستا کوردستان رووەو قۆناغێکی گەورەی بێ متمانەیی هەنگاو دەنێ کە هەرە مەترسیدارترینە شیرازەی کۆمەڵگاو ئاسایشی کۆمەڵایەتی دەخاتە ژێر پرسیار، ئەم قۆناغە ڕەگی لە سیاسەتێکی ناکامڵ و نامۆ بەپرسە نەتەوەییەکانەوەیە، کە لە ڕابردوو لەڕێگای بەبازاڕی کردنی ئیڕهابی فیکری هەوڵی بۆ دراوە سۆشیال میدیا هاوکاری باشی پیتاندن و بەرهەمدارکردنی پڕۆژەی ئیڕهابی فیکرییە، بە جۆرێک منێک کە پێم وایە ئیڕهابی فیکری دژ بە من و خواستە سیاسیەکەم خراوەتە گەڕ، ناچار بەهەمان نەهجی ئەو پۆست بکەم و کۆمێنت بنوسم بێ ئەوەی لەبیرم بێت کە ناڕاستەوخۆ بەشە تەواو نەکراوەکەی ئیرهابی فیکری خەریکە من تەواوی دەکەم، خزمەت بەو پڕۆژەیە دەکەم.

سەیری سۆشیاڵ میدیا بکەن، لەبەر ئەوەی بەسەوز، مۆر یان هەر ڕەنگێکی دیکەی سیاسی دەیبینی و بیر دەکەیەوە، من لە هەولێر گەورەترین داهێنان و پڕۆژەی فیکری و سیاسی تەرح بکەم تۆ پێت وایە پڕ خەوش و کورتهێنە، پێچەوانەکەشی ڕاستە، تۆ لە سلێمانی نەوەوی دروست بکەیت لەبەر ئەوەی من بە زەردی سەیرت دەکەم، پێم وایە هیچت نەکردووە، هەموو ئەوانە دەرهاویشتەی ئەو شەڕەدەنوکەی سۆشیاڵ میدیایە کە سەرەکێشیت بۆ تێکچوونی ئاسایشی کۆمەڵایەتی، ئەوکات شەڕکەر و قوربانیدەر تەنهاو تەنها کوردە..
Top