بانگەشە و بەڵێنەکانی ھەڵبژاردن

بانگەشە و بەڵێنەکانی ھەڵبژاردن
ئەگەر ھەر کەسێک گوێ لە بەڵێنەکانی بەشێک قەوارە سیاسیەکان و پاڵێوراوەکان بگرێت، ئەوا مێشکی پڕ دەبێت لە وشە و دەستەواژەی مافی مرۆڤ و پاراستنی ژیانی ئینسان و تاکەکان، باسی ئەنفال و ھەڵەبجە و شەھیدان ھەر لەولاوە ڕاوەستێ، بەڵێنەکان ھێندە گەورەن کاتێکی زۆری دەوێت تا جێبەجێ بکرێت، قسەکان باق و بریقن، ھەر چەندە قەوارە سیاسیەکان و پاڵێوراوەکانیان دەیانەوێت واخۆیان پیشان بدەن کە زۆر جیاوازن، لەھەمان کاتدا ئەوەندە زیرەک و بەتوانان کە دەتوانن خوێندنەوە بۆ ئایندەی ژیانی خەڵکی کوردستان بکەن، بەڵام دواجار ھەر چەند قەوارە و لایەنە سیاسیەکان و پاڵێوراوەکان بیانەوێت خۆیان جیاواز پیشانبدەن، بەڵام ئەوەی دەیانھێنێتەوە سەر شاڕێگای ھاوبەش، پەیرەکردن و پیادەکردنی پێوەرە ئینسانیەکانە لە کاتی ھەڵمەت و بانگەشەی ھەڵبژاردن.
مافی ھەموو ئەو قەوارەیەکی سیاسی و پاڵێوراوێکە مومارەسەی ھەڵمەتی ھەڵبژاردن بکات، بە مەرجێک بە پێی یاسا و رێنماییەکانی دەرچوو لە کۆمیسیۆن بێت، بانگەشە یاخود ھەڵمەتی ھەڵبژاردن: بریتییە لە ھەڵمەتی راگەیاندن و رازیکردنی دەنگدەر بۆ ئەوەی لە بەرژەوەندی ئەو دەنگ بدات.
پێش ھەموو شتێک ھەڵبژاردن ئەوەمان بیر دێنێتەوە کە بەڕێوەبەرانی وەڵات دەبێ لە لایان خەڵک ھەڵبژێردرێن تا بۆ ماوەیەکی دیاریکراو بەرێوەبەرایەتی کۆمەڵگە لە ئەستۆ بگرن، ئەوەی کە دەبێتە واتا بۆ ھەڵبژاردن ئەوەیە بەربژێرەکان و ھەڵبژێردراوەکان متمانە و ڕەوایەتی لە خەڵک وەرگرن.
مرۆڤ بوونەوەرێکی سیاسییە، بۆیە زۆر حەز لە سیاسەتکردن دەکات، ھەڵبژاردن بە درێژایی مێژووی ئەوروپا لە یۆنان و ڕۆمانی کۆنەوە تاوەکو ئێستا بە داینەمۆی سەرکەوتن و وەرچەرخانە جۆربەجۆرەکان دادەنرێت، ھەر بۆیە ئەفلاتوون لەو بڕوایەدایە کە دەنگدان مافە، ھاوکات ئەرک و بەرپرسیارێتیە، پێویستە مرۆڤ سەرنج بدات و بە بڕوای تەواوە بڕیار بدات.
رۆژی ١١ـی ئەیلوول بانگەشەی ھەڵبژاردن دەستپێدەکات و رۆژی ٢٨ـی ئەیلوول کە ھاوکاتە لەگەڵ دەنگدانی تایبەت بە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بانگەشەی ھەڵبژاردن کۆتایی دێت.

Top