قەیرانی سووریا لەگێژاوی بێ چارەسەریدا

قەیرانی سووریا لەگێژاوی بێ چارەسەریدا

دوای تێپەڕبوونی هەشت ساڵ بەسەر شۆڕشی سووریادا دژی ستەمكارو دیكتاتۆر، كە شۆڕشێكی ئاشتیخوازانە بوو، سەرەتاش بە شێوازی خۆپیشاندان دەستی پێكرد، دواتر بە هۆی ئەوەی كە رژێمی حوكمڕان جێبەجێكردنی داواكارییەكانی خەڵكی ئەو وڵاتەی رەتكردەوە، ئەم بزووتنەوەیە گۆڕا بۆ شۆڕشێكی چەكدار، كاتێكیش كە حكومەتەكەی ئەسەد هەموو توانا سەربازی و ئەمنی و ئابوورییەكانی خۆی بۆ رووبەڕووبوونەوەی سوورییەكان خستەڕوو، بەمەش نەوەستا كەوتە گیانی هاووڵاتیانی سڤیل و بە سەدانی لێ كوشتن و بە ملیۆنانیشی لە جێگەی بابوباپیرانیان وەدرەناو هەڵمەتی رەشبگیریی دەستپێكردو بە هەزارانی خستە زیندانەكانیەوە، دوای ئەو هەموو نەهامەتییە دەڵێین رژێم خۆی وا پیشاندەدا كە لە رووی سەربازییەوە سەركەوتووەو دەستی بەسەر ناوچەكاندا گرتۆتەوە، ئەوەی لەبیرچووە كە لە سووریای خاپووركراودا ئەستەمە بەبێ نیوەی گەلەكەی سەركەوتوو هەبێت، ئەوەی روویداوە تەنیا تێكچوونی هاوسەنگیی سەربازییە دژی بەرژەوەندییەكانی شۆڕش و ئۆپۆزسیۆن، دوای ئەوەی كە داگیركاران لە رووسیا و ئێران و میلیشیا تایفەگەرەكانی لوبنان و عێراق و شوێنی دیكە هاتنە ناو وڵاتەوەو پشتیوانییان لە رژێمەكەی ئەسەد كرد و نەیانهێشت بڕووخێت، ئەوانە هەموو جۆرە چەكێكی كوشندەیان دژی ئۆپۆزسیۆن بەكارهێنا، ئەمە سەرەڕای گێڕانی پیلان لە رێی رێككەوتننامەو بڕیارگەلی شێوەی (ڤیەنناو ژنێڤ و ئەستانە و سۆچی و حمێمیم و ...تاد) ئامانجیش لەمە ئەوە بوو كە هاووڵاتیانی سووریا بێبەش بكەن لە هەر دەرفەتێكی بەدیهێنانی داواكارییە رەواكانیان، كە بریتین لە ئەنجامدانی گۆڕانكاریی دیموكراسی و دیاریكردنی چارەنووس و بنیادنانەوەی سووریای تازە كە فرەیی و شەراكەتی تێدا بەرجەستەبێت.
بۆ ئەوەی زیاتر بابەتییانە بدوێین، پێویستە دان بەوەدا بنێین كە هۆكارەكانی گرژیی زیاتری ئەم قەیرانە و پاشەكشەكردنی شۆڕش و ناتەبایی نێو ریزەكانی ئۆپۆزسیۆن ئەوەیە كە گرووپەكانی ئیسلامی سیاسی و بەتایبەتیش ئیخوان موسلمین كۆنتڕۆڵی سەرچاوەكانی بڕیاریان كردووەو دەیانەوێت ناوەڕۆك و مەغزاو ئامانجە نیشتمانی و دیموكراسییەكانی شۆڕش بە لاڕێدا بەرن و بە ئەجێندای دەرەكییەوە بیبەستنەوە، ئەمەش بواری زیاتر بە رژێم دەدات كە لە حوكمڕانیدا بەردەوام بێت و لەبەرچاو جیهانیش بانگەشەی ئەوە بكات گوایە پارێزەری عەلمانییەتەو رووبەڕووی تیرۆریستان و گڕووپەكانی ئیسلامی سیاسی دەبێتەوە، دوای ئەوەی سەروەریی نیشتمانی رادەستی داگیركارانی رووسیا و ئێران كرد.
ئەوەی ئێستا لە گۆڕەپانی سووریادا دەگوزەرێت، بریتییە لە ململانێی راستەوخۆی لایەنە دەرەكییەكان، هەندێ جاریش لە رێی شەڕگەلێكی دیاریكراوی بە وەكالەت، رووسیا خاوەن پشك و هێزی گەورەیە كە سووریای داگیركردووە لە رێی دامەزراندنی بنكەی دەریایی و وشكانیی سەربازی، هەروەها فڕۆكەخانە، ئەمە وێڕای ئەوەی كە چەندین پڕۆژەی مامناوەندو درێژخایەنی هەیە بە مەرامی مانەوە لە سووریا وەك دەروازەیەك كە بۆی بلوێت دواتر بخزێتە نێو دەوڵەتانی دیكەی ناوچەكەوە، ئەمەش لەپێناو بەرژەوەندیی ئابووری و فراوانكردنی ناوچەكانی دەسەڵات، تاقمی حوكمڕانی مۆسكۆ هەر لە سەرەتاوە لەپاڵ رژێمەكەی ئەسەد وەستان، چ لە رووی دیپلۆماسی و چ لە رووی سەربازی و پڕچەككردنەوە، هەروەها خۆیان خزاندە نێو ریزەكانی ئۆپۆزسیۆنیشەوە، ئەمەش لە رێگەی دەزگای ئەمنی و هەواڵگرییەوە، هاوكات رووسیا توانی كەسانێكی زۆری لایەنگر بۆ خۆی رابكێشێت لە مەدەنی و سەربازی، هەتا هەندێ گرووپی چەكداریشی كردە لایەنگر، بەمەش نەوەستا تەنانەت گرێبەستی نهێنیشی لەگەڵ ئیدارەی ئەمریكا رێكخست، تاكو پێكەوە سازان بكەن لەسەر سووریا و دەوڵەتانی دیكەی جیهان.
رژێمی كۆماری ئیسلامیی ئێران كە لەسەردەمی باوكی ئەسەدەوە پەیوەندیی بەهێزی لەگەڵ رژێمی سووریادا هەیە، دوای گرژی و شەڕەكانی نێو خاكی سووریا ئەو هەلەی قۆستەوەو بە ئاشكراو بە شێوەیەكی فراوان دەستی خستە نێو ئەو وڵاتەوە، لە رێی دەریای ناوەڕاست و لوبنانیشەوە هەوڵی دامەزراندنی هیلالی شیعە دەدات، ئەمەش بەوەی كە هەستیارییەكانی مەزهەبگەرایی و تایفەگەرایی و دۆخی شڵۆق و لاوازیی سووریای لە ئەنجامدانی گۆڕانكاریی دیموگرافیی راگواستنی دانیشتووانە رەسەنەكەی بە دەرفەت زانی، بۆیە میلیشیای سەربازیی خۆی لەو شوێنەدا جێگیركردو دانیشتووانی شیعەمەزهەبی لە لوبنان و ئێران و ناو سووریا هێنا، تاكو پەناگەی مەزهەبییان لێ دروست بكات كە برەو بە پڕۆژەی ولایەتی فەقیه بدات.
توركیاش وەك لایەنێكی پشكدار و گرنگ لە قەیرانی سووریا تا توانی كاری كرد بۆ خزمەتكردنی بەرژەوەندییەكانی خۆی، هەتا ئەگەر لەسەر حیسابی كێشەی سووریاش بێت، دوای ئەوەی دەستیكرد بە گۆڕینی پێگەو هاوپەیمانێتییەكانی پێشووی و هاتە پاڵ رووسیاوە لەبەرامبەر دەستبەرداربوون لە پەیمانی ناتۆ و هاوبەشە رۆژئاواییەكان، هاوكات توركیا گرێبەستگەلێكی زۆری ئابووری لەگەڵ دراوسێ دوژمنەكەی (ئێران) مۆركرد و هەلومەرجی ئێستای قۆستەوە بۆ داگیركردنی عەفرین و دەستەبەسەرداگرتنی رووبەرێكی فراوانی خاكی سووریا بە پاساوی پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی خۆی.
هەرچی ئیسرائیلیشە پێشتر و لەئێستاشدا سوودمەندی یەكەمە لە پەرەسەندنی كێشەی سووریا، لەلایەن هەموو لایەنەكانی یارییەكە لەسەر گۆڕەپانی سووریادا، بەتایبەتیش ئەمریكاو رووسیاو تەنانەت توركیاش پشتگیریی لێ دەكرێت، ئەمەش بۆ دەركردنی ئێرانە لە سووریا و مانەوەی رژێمی لاوازی سووریا، رژێمەكەی ئەسەد كە ئەوەندە لاوازە تەنانەت لەوەتەی حكومەتی ئالئەسەد كە بۆ نیو سەدە دەچێت جڵەوی حوكمڕانییان بەدەستە، نەیتوانیوە یەك گوللەش بە ئیسڕائیلەوە بنێت بۆ گێڕانەوەی جۆلانی داگیركراو، یان چارەسەركردنی دادپەروەرانەی كێشەی فەڵەستین.
رووسیا وەك دەوڵەتێكی داگیركار پەلەیەتی كە دەست بەسەر ئاسایش و سەقامگیریدا بگرێت ئەویش بە زەبری هێز و گوێڕایەڵی، هەروەها دابینكردنی هەندێ مەرج لەوانە نووسینەوەی دەستوورێكی تازە بۆ سووریا، تاكو پیشانی جیهانی بدات كە كێشەی سووریا كۆتایی هاتووەو چارەسەریش لەبەردەستدایە، بۆیە پار لە كۆنگرەی سۆتچی پڕۆژەی دەستووری خستەڕوو، هەروەها لەسەر داوای رژێمی ئەسەد زۆر بەندی دەستووری گۆڕی تا لەگەڵ دەستووری ساڵی 2012ی بەعسدا بگونجێن، واتا بێ هیچ گۆڕینێك سەرباری ئەو هەموو قوربانی و وێرانكارییە، هەموو شتێكیش وەك خۆی بمێنێتەوە، وەك بڵێی سووریا هیچ شۆڕش، یان شەڕ، یان رووبەڕووبووەنەوەیەكی تێدا نەكرابێت، ئێستاش رووسیا و توركیا و ئێران رێككەوتوون لەسەر دواداڕشتن و تەنانەت لەسەر ئەندامانی لیژنەی داڕشتن كە 100 ئەندامن و 50یان لە رژێمن و 20 ئەندامیشیان نوێنەری نەتەوە یەكگرتووەكان پێشنیاری دەكات و 30ی دیكەش سەر بە ئۆپۆزسیۆن و كۆمەڵگەی مەدەنی دەبن!!؟؟ لەسەر ئەو بنەمایەی كە مانگی سێپتەمبەر كۆبوونەوەیەك لە ژنێڤ سازبكرێت بۆ باسكردنی ئەو مژارە، دەربارەی ئەو مەسەلەیەش ناكۆكی هەیە وەك هەموو مەسەلەكانی دیكە، رژێمی سووریا هەوڵدەدات لەسەر دەستووری ئێستای بمێنێتەوە كە لە ساڵی 2012 راگەیاندراوە لەگەڵ ئەنجامدانی هەندێ گۆڕانكاریی كەم لە بەندەكانی ئەم دەستوورە ئەگەر پێویست بكات، بەڵام زۆرینەی سوورییەكان پێیان باشە دەستوورێكی تازە بنووسرێتەوە كە شایەنی قەبارەی قوربانییەكان بێت، هەروەها لەسەر داروپەردووی ستەمكاریدا بنەماكانی دیموكراسی و فرەیی و پێكەوەژیان بەرجەستە بكرێن، لە وەڵامی ئەو مشتومڕەی هاتۆتەئاراوە سەبارەت بە ئەولەوییەتی ئاشتبوونەوە چارەسەری سیاسی یان دەستوور، ئەوا شتێكی لۆژیكە كە پێشتر ئاشتەوایی و سازان و هەڵبژاردنی پەرلەمانی و دەستەی حوكمی گواستنەوە بە پێی بڕیارەكانی ژنێڤ1 بێنەئاراوە، ئینجا دەستوور و یاساكانی دیكە، بەمەش دەكرێ بنەماكانی بنەماگەلێكی دروست و بەردەوام و مسۆگەر بۆ چارەسەری سیاسی و راگرتنی خوێنڕشتن بنیادنانەوەی وڵات بچەسپێن، بەپێچەوانەی ئەمەوە هیچ لەبەردەم سوورییەكاندا نییە، مەگەر كاركردن بۆ بەستنی كۆنگرەیەكی نیشتمانی سووری بۆ دیاریكردنی ئاسۆكانی ئایندە و رێگاكانی خەبات لەپێناو بەدیهێنانی ئامانجەكانی گەل.
ئەوەی كە پەیوەستە بە كوردانی سووریاوە، حزبەكانیان هیچ رۆڵێكیان نییە لە داڕشتنی دەستووردا و بە شێوەیەكی كاریگەریش نوێنەر نین لە لیژنە پێشنیاركراوەكان، لەكاتێكدا نیشتمانپەروەرانی بێلایەنی كورد كە زۆرینەی كۆمەڵگەی كوردەوارین، پێیان باشە كە مافەكانی هەموو پێكهاتە نیشتمانپەروەرەكان لەنێو دەستووردا جێگەیان بۆ بكرێتەوە، لە سەروویانەوە رەچاوكردنی مافی چارەی خۆنووسینی كوردانی سووریا، بێگومان دۆخی ئێستای كورد و لێكترازانی بزووتنەوە نیشتمانخوازەكەی بە هۆی لەڕێ لادانی حزبەكان و سیاسەتە هەڵە كوشندەكانیان پێویستیی بە كۆدەنگییەكی نەتەوەیی و بەرنامەیەكی یەكگرتووی بەپەلە هەیە كە مافە رەواكانی كورد بەرجەستە بكات، تاكە رێگەش بۆ ئەمە دابینكردنی مەرجەكانی بەستنی كۆنگرەیەكی گشتگیری كوردیی سووریایە، بە زۆرینەی بێلایەن كە لاوان و ئافرەتان و پیاوان بەشداری تێدا بكەن، لەجیاتی ئەوەی كە هەر حزبێك بە تەنیا خۆی بە دیمەشقدا بكات و لە ژێرەوە گرێبەست و رێككەوتن دژی بەرژەوەندیی و مافە رەواكانی كورد لەگەڵ رژێمدا بۆ خۆی مسۆگەربكات.

Top