ریفۆرم لە سعودیە

ریفۆرم لە سعودیە
لە ساڵانی نه‌وه‌ده‌کان، سیناریۆی زۆر تاریک بۆ سعودیە دەنووسران و ده‌گووتران. داخراویی سیستمی حکومڕانی، گەشەی سەلەفیزم، چەقبەستوویی بازاڕی کار، نەبوونی هەلی کار بۆ گەنجان و ڕووکردنیان بۆ تووندڕەویی ئیسلامی .
بۆیە ئەم کۆمەڵگایە ڕووبەڕووی ئەرکێکی قورس بۆوه‌، شەڕی سارد ته‌واو ببوو و یارمەتی وان بۆ ئەفغانستان ئەو بایەخەی نەمابوو و لە سیاسەتی دەرەوەدا زیاتر و زیاتر په‌راوێز دەکەوتن و تەنیا پارەی کاشی نەوت ئامرازی بەردەستیان بوو بۆ خۆپاراستن. بەڵام ئەو خۆپاراستنە ئاشکرا بوو کە پایه‌دار و به‌رده‌وامی نابێت.
وڵاتی سعودیە لە بەر زۆر هۆکاران دەبوایە پرۆسەیەکی ریفۆرم لە سەرەوەرا دەست پێبکات، دەنا داهاتوو لێل و ناڕوون ده‌بوو.
دەسەڵاتدارانی سیاسی بە ئازایه‌تییه‌وه‌ دەستیاندایە ئەم کارانه‌، یه‌که‌م: پێشگرتن لە له‌و ناوەندە بەهێزه‌ ئابووری و سیاسییانە کە هاوته‌ریب لەگەڵ دەوڵەتدا و لە تەنیشت دەوڵه‌تدا سازببوون و ببوونە بەشێک لە سیستم و ریفرۆمیان ئه‌سته‌م دەکرد.
دووەم: هاوزەمان ناساندنی کۆمپانیا زەبەللاحەکانیان بە بازار بە گوێرەی یاسای بازاڕ و یاسای قبووڵکراو لە لایەن ئابووریی جیهانییەوه‌، له‌ نموونەی ئارامکۆ.

سەرمایەی مرۆڤی کوردستان لەڕووی کوالیتی و توانای زانستی و پسپۆرییەوە ئەو داهاتوویە نیشان نادات کە کوردستان بتوانێ بە لانی کەمەوە لە یەک دەیەی داهاتوودا ببێتە خاوەن سیستمێکی کاریگەری ئیداری و ئابووری. لەگەڵ ئەوەشدا هێزی کار لە بازاڕی کاری کوردستاندا ڕووی لە گەشەی بێ وێنەیە لە ڕووی ژمارەوە.

هاوکات پرۆسەی کۆکردنەوەی سەروەت و سامان بە هەمان شێوەی سعودیه،‌ ناوەندی بە هێزی ماڵی و دارایی پێکهێناوە کە وەک بەشێک لە سیستم و جاروباریش وەک کۆسپێک لە بەرانبەر سیستمدا کار دەکەن.

ئیدارەی ئابووریی وڵات پێویستی بە حکوومەتێکی کاریگەر هەیە، ئەم حکوومەتە پێکنایەت ئەگەر ئەم ناوەندانە ئاماده‌ نەبن بکەونە ژێر چوارچێوەی یاسایییەوە. ئەمە پێویستی بە چارەسەرە و چارەسەریش لە خوارەوەڕا نابێت، لەبەر بێهێزیی سەرمایەی مرۆڤی و گەشە نەکردوویی سیستمی ئابووری بە گشتی و سیستمی دارایی بە تایبەتی لە کوردستاندا. بۆیە دەستپێشخەریی بۆ ئەم ریفۆرمە دەبێ لە سەرەوەرا ده‌ستپێبکات.

ئەوەی سعودیە کردی، ئه‌نجامه‌که‌ی ئه‌وه‌بوو کە ئابووریی جیهانی ڕووی تێبکات و پشتیوانی لێ بکات و وڵات بەرەو ڕووی سەرمایەگوزاریی دەرەکی بکرێتەوە و هێزی کاری سعودی چاوەڕوانی داهاتوویەکی دیکه‌ بن.

لە دنیای بێ ڕووحمی ژیۆپۆلیتیک-دا یان ڕیفۆرم دەکەی و بەم جۆرە دەبیە خاوەن هاوپەیمان و ئابووریی زیندوو، یان لە ناو دەچی بە واتای تەواوی وشە.

سعودیە و سەرۆکایەتی ئەو وڵاتە ئێستا کە بە گەشبینی زۆر زیاتر لە جاران دەتوانێ لە داهاتووی خۆی بڕوانێت، هەمووی قەرزداری ئەو ئیرادەیەیە کە هەنگاو هەڵدێنێت بۆ بە هێزکردنی حکومەت و لاواز کردنی ناوەندی ته‌ریب (پارالێل)ی سەرمایە و نفوزی حکومه‌ت کە کۆسپن لە سەر ڕێگای چەسپاندنی حکومڕانی مۆدێرندا.

ئەم پرۆسەی ریفۆرمە ئاسان و بێ هه‌وڵ نابێت، بەڵام هەم پێویسته‌ و هەمیش مومکینە. داهاتووی کورد گرێدراوی ریفۆرمێکی لەم جۆرەیە کە بتوانێ هەم حکومەتی بە هێز و وه‌ڵامدەر بەرهەم بێنێت و هەمیش گشت ناوەندی سەرمایەی هاوبه‌ش و هاوته‌ریبان له‌گه‌ڵ حکوومەتدا، بیهێنێتەوە ژێر ڕکێفی یاسا و قانوونمەندیی بازاڕێکی کراوە.
Top