ئەوپەرستگاو کڵێسایانەی دەستی داعشی پێنەگەیشت، حەشدی شەعبی روخاندی
August 14, 2018
وتار و بیروڕا
دەربڕێنێکی هەڵەیە کە دەگوترێت (پرۆسەی ئازادی عێراق!) پێویستە ئەم دەربڕین و گوزارشتە هەڵەیە ڕستبکرێتەوە.هەنوکەش عێراق دیلو یەخسیرە، یەخسیری دەستی توندڕەویو تیرۆرە، عێراق ووڵاتێکە بە تۆبزی ترنجێنراوەتە جواگرافیاوە، نەک تەنها ئارەزوومەندانەنیە،بەڵکو لە عێراقدا ئارەزوو جگە لە ووشەیەکی ڕوتوقوت هیچ مانا و مەفهومێکی نیە!
بەرلە هاتنی داعش، عێراق وێرانەبوو، نغرۆبوو لە کێشەو یەکتر سڕینەوە، سیخناخبوو بە جەنگی تائیفی و رەتکردنەوەیی جیاوازی، تا دەهات کێشەکان ئاسەواری کەڵەکەبوونی لە خۆدەگرت، شکستی سیاسی و حکومڕانی، داڕوخان و داتەپینی ئابوریی، ترازانی جومگە ئیدارییەکان، بەهەدەردانی سامانی گشتی و بەرکەماڵبونی گەندەڵیەکی گەورە، نەمانی متمانە و زیاتر تێکچونی دۆخی ئەمنی، شکستی دامەزراوەو ئیفلیجبوونی یەکە ئیدارییەکان، هەمووئەمانە و هۆکاریدیکەش هەبوون بۆ هاتنی هێزێکی وەک داعش.بە هاڵتۆقینی داعش تیرۆر پێینایە قۆناغێکی مەترسیدارەوە، تیرۆر و کوشتن و پاکتاوکردن بوە کردەیەکی ئاسایی ڕۆژانە، لە ناوەڕستی شەقامەکاندا ئاگربەردەدرا لە مرۆڤەکان، ئاسەواری شارستانیەتە دێرینەکان دەڕوخێنران، منارەی حەدبا کە نیشانەی شارستانیەتی کۆنی میزۆپۆتامیابوو تەقێنرایەوە، هەرچی سیمایی شارستانیەت و زیندویەتی هەبوون خاپورکران، داعش نەک دەستی لە کلێسا و مەعبەد و ئاتاشگا نەدەپاراست، بەڵکو بەشێکی زۆری مزگەوتەکانیشی ڕووخاند، داعش لەسەر زەمین و لە چەقی عێراقدا دۆزەخی خوڵقاند، بە تایبەت بۆ پێکهاتە جیاوازەکانی دەرەوەی ئایین و تێگەیشتنی داعش، ئاوەدانیەکانی وێرانکرد و چەک و ئاگریی بەڕووی هەموو جوانیەکەدا بەرزکردوە.
هەروەک ئەوەی چۆن ڕژێمی عێراق ڕوخاو زوڵم لە عێراق نەڕوخا! ئاوهاش داعش روخا و تیرۆر و پاکتاوی ئاینی و مەزهەبی لە عێراقدا کۆتایی نەهات، عێراق لە وەیشومەیەک ڕزگاریی نابێت، کۆمەڵێک دێو و درنجیتر بەرۆکی دەگرێت، حەشدی شەعبی کە پێکهاتەیەکی مەزهەبی هەیە، پێکهاتوە لە زیاتر لە چل گروپ و ڕەوتی جیاواز، چیان لە داعش کەمترە؟! ئەوپەرستگاو کڵێسایانەی دەستی داعشی پێنەگەیشت، حەشدی شەعبی روخاندی، ئەگەر داعش دژی دەسەڵاتی حکومڕانبوو لە عێراقدا، ئەوا لە شکستی سوپا و هێزە ئەمنیەکانی عێراقدا، حەشدی شەعبی هێزیی دەسەڵاتە بۆ سڕینەوەی جیاوازییەکان، بەبڕیاریی شۆڤێنیەکانی پەڕلەمانی عیراق و بە پشتیوانی حکومەت و بە میزانەیە و قوتی گەلانی عێراق،لە ئێستادا حەشدی شەعبی هێزێکی دەستکراوەیە لە ڕەشەکوژکردنی پێکهاتە جیاوازەکانی عێراقدا، بەتایبەت لە قەتڵوعامکردنی کوردستانیانی ناوچە داگیرکراوەکانی کوردستاندا.
عێراق بۆتە نیشتمانی کوشتنی جیاوازییەکان، هەربۆیە پێشبینی خراپ و خراپتر لە عێراق و هێزە توندڕەوەکانی هەناویدەکرێت، ئەوەی لە سەدساڵی تەمەنی عێراقدا گوزەراوە پێماندەڵێت عێراق ووڵاتێکە بێ ئایندە، دەکرێت بڵێن هیچ ئەگەرێکنەماوە بۆ پێکەوەژیان و پێکەوەهەڵکردنی ئارەزوومەندانەی پێکهاتە جیاوازەکان.