عێراق بەرپرسیاری یەكەمی جینۆسایدی ئێزیدییەكان

عێراق بەرپرسیاری یەكەمی جینۆسایدی ئێزیدییەكان
كوردانی ئێزدی 74 جار تووشی كۆمەڵكوژی بوونەتەوە، گەورەترین كۆمەڵكوژیش لە رۆژی 3ی ئابی 2014 بوو لە لایەن تیرۆریستانی داعشەوە، كە بە شێوەیەكی كتوپڕ و وەحشیانە هێرشیان كردە سەر شنگال و زیاتر لە 6 هەزار كوردی ئێزدی رفێندران و دواتریش لە تشرینی دووەمی ساڵی 2015 و بە بەشداری زیاتر لە 7500 پێشمەرگە شنگال كۆنترۆڵكرایەوە. چوار ساڵ تێپەڕی بەسەر جینۆساید كردنی كوردانی دانیشتووی شنگالدا، لە جیاتی ئاوەدانكردنەوە و سارێژ كردنی زامی ئیزدییە ماوەكاند و گەڕاندنەوەی ئاوارەكان و ئەوانەی لە بن دەستی داعشدا ماون، چ عێراق و چ هەندێك لە هێزە سیاسییەكانی كوردستان بازرگانی بە قەزیەی ئێزدیەكانەوە دەكەن. شنگال پارووەكی چەور بوو بۆ هەندێك هێزی سیاسیی كوردی، ئەو رۆژانە ئەندامانی خۆیان دەخرێنە زیندانەكانەوە و نقەیان لێوە ناهێت و بۆ شنگالیش رۆڕۆیانە، ئەو هێزانەی لایەنگرانیان رۆژانە دەدرێنە بەر دەسڕێژی گۆلە و قەدەغەی هاتووچۆیان لێدەكرێ‌ و ناتوانن تەنها رێگەی گوندێك بكەنەوە، ئەمڕۆ وەكوو خەیتەڵ هاتوونەتە سەر جەستەی شنگالی بریندار و خوێنی جگەر سۆتاوەكانی شنگال دەخۆنەوە. چارەنووسی دەیان منداڵی ئێزدی لەدەستی داعش و هەندێك لە هێزە چەكدارەكانی دیكەی كورددا نادیارە و لەجیاتی درێژكردنی دەستی یارمەتی و سارێژكردنی زامەكان، منداڵەكان و كوڕ و كچەكانیان چەكدار دەكەن و دەخەنە خزمەت مەرامی ئایدولۆژیایەكی سەقەتی شكەستخواردوو. چەندین هێزی چەكدار چوونەتە نێو شنگال و بارودۆخی شنگالییەكانیان وێرانتر كردووە، بوونەتە بەربەست بۆ ئاوەدانكردنەوەی شنگال و گەڕانەوەی ئاوارەكان، ئەوەی خراپ ببوو خراپتریان كرد، لە جیاتی عاملی خێر بوونەتە عاملی وێرانكاری، سەری شنگالییەكان لێشێواوە و خۆیان نازانن بەرەو كوێ‌ بڕۆن؟. ئەگەر حەشدی شەعبی و چەكدارەكانی دیكە و رێكخراوەكانی دیكەش خەمی شنگالییەكانە، با فەرمۆن شنگال چۆلبكەن و هاوكار بن لەگەل حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ ئاوەدانكردنەوەی شنگال.
زیاتر لە شەش هەزار كوردی ئێزدیی كەوتوونەتە دەستی داعش و حكومەتی هەرێم زیاتر لە سێ‌ هەزاری لێ رزگار كردووە، چون پارتی و حكومەت زۆرترین هەولیانداوە بۆ رزگاركردنی ئەو ئێزیدیانەی دەستی داعش، دڵنیام ئەگەر بوار بدرێت حكومەتی هەرێمی كوردستان لە زووترین كاتدا شنگال ئاوەدان دەكاتەوە و شنگالییەكان دەگەڕێنەوە سەر ماڵ و حالی خۆیان، چونكە حكومەتی هەرێمی كوردستان هەمیشە بەهانای لێقەوماناوە چووە و بە زووترین كات خزمەتیانی كردووە، بەڵام مخابن لە جیاتی هاوكاری كردنی حكومەت، هەندێك لایەن و مفتخۆر هەر وەكوو داعش بە دەیان مێرد منداڵ و كوڕ و كچی ئیزدیان بردووە و بۆ مەرامی سیاسیی خۆیان بەكا دەهێنن، لە جیاتی رزگار كردن لە دەستی داعش و دڵدانەوە و ئاوەدانكردنەوەی شنگالی وێرنكراو، لەگەڵ حەشدی شەعبی بۆ بەرژەوەندی شیعە و خۆیان و ئیران و عێراق لە دژی هەرێمی كوردستان دەستیان یەك خستووە و ناهێلن شنگال ئاوەدان بكرێتەوە، بوونەتە رێگر لەبەردەم حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ ئاوەدانكردنەوەی شنگال و گەڕاندنەوەی ئاوارەكان، چونكە لەبەرژەوەندی سیاسی و چەكداری ئەواندا نییە. پێشمەرگە دەیان شەهیدی دا بۆ پاراستن و رزگار كردنەوەی شنگال و ئەوانیش شانبەشانی نەیاران لە دژی كوردە ئێزدییەكان شنگالیان وێران دەكردەوە.
Top