داوای دێمۆکراسی پیشوەختە هەلەیە

داوای دێمۆکراسی پیشوەختە هەلەیە
لە ناو سیستمی جیاواز بۆ ئیدارەی ولاتاندا، لە سەدەی رابردوەوە سیستمی دێمۆکراسی هەم جێگیر بووە و هەمیش سەرەرای هەموو گرفتەکانی بە باشترین شێوەی ئیدارەی ولات زانراوە.
جێگیر بوونی ئەم سیستمە دیارە بە شەو ورۆژێک نەبووە و بە پرۆسەیەکی مێژووییەوە تێپەربووە. ئەم پرۆسەیە هاوشان بووە لە گەل گەشەی رەوتی ترانزیشنی دێمۆگرافیکی ولاتان، رادەی ئۆربانیزە بوون و شار نشینی خەلک، گەشەی پیشەسازی، گەشەی تەندروستی و پەروەردە و گرینگتریش هاتنە ئارای مێدیل کلاسێکی شاریی کە بتوانێ هەڵگری ئەم سیستمە بێت.
کە وابوو دێمۆکراسی دیاردەیەکی مۆدێرن و پڕ بە پێستی ولاتانی گەشە کردوە و ئەم سیستمە لە ئاستی دنیادا پێ بە پێ گەشەی ولاتان لە دنیادا بلاو دەبێتەوە.
تێگەیشتنی نۆرماتیڤ و نە قوول لە سیستمی دێمۆکراسی لە ناو خۆێندەوارانی کەم خۆێندەواری شارنیشینی شارە بچووکەکانی ولاتانی لە حالی گەشە دا دیاردەیەکی باوە. ئەم چەوتییە بە گەشەی سیستمی راگەیاندنی گشتی و تێکنۆلۆژی تازەوە کە زانیاریی / ئینفۆرمێشن/ زۆر بە خێرا دەگوازرێتەوە ، هێندەی تر ریشەی داکۆتاوە. سیستمی ئیدارەی ولات بە شێوەی دێمۆکراسی وەک مارکسیسمی ولاتانی دواکەوتوو کە جاران باو بوو تووشی بە تووشی/ دابەزاندنی ئاست/ ریداکشنیزمێکی بێ وێنە بووە.
ئەم ریداکشنیزمە نەک یارمەتیدەری گەشەی دێمۆکراسی نییە ونەبووە بەلکو وەک فیشەک نانی لە پێ خۆی لێ هاتووە و ئاکامی فاشل بوونی تەجروبەی لێ کەوتووتەوە.
پرۆفێسۆر رۆی کاساگراندا لە نزیکەوە دراسەی ولاتانی ئافریقای کردوە لە دوای رزگارییان ، ئەوانەی هەولی دابینکردنی دێمۆکراسی سیاسی و پلورالیزمیان پێشوەختەیان داوە هەموویان بوونە ولاتی فاشل، ئەوانەی جۆرێک سیستمی سێنترالیزە یان هەبووە توانیان گەشە بکەن و لە دواتردا بەرەو دێمۆکراسی و گەشەی ئابووریی هەنگاو هەڵبێنێن.
چەسپاندنی دێمۆکراسی راستە وخۆ گرێدراوە بە ئاستی گەشەی تەمەنی دانیشتوان و هەروەها گەشەی ئابووریی، هەرچەندە گەشەی ئابووریی پێشەوە بچێت ئەوەندەش شانسی چەسپاندنی دێمۆکراسی واقێعییە.
سەرمایەی ناو بازار دوو لە سەر سێی لە لایانە بانکەکانەوە دابیندەکرێن، بانکەکان کاتێک دەتوانن ئەم کارە بکەن کە هاوولاتی حەسابی بانکی هەبێ و پاشەکەوتی لە لای بانکەکاندا هەبێت، بۆ ئەوە کە هاوولاتی بتوانێ ئەم کارە بکات دەبێ هەڵی کاری بۆ مسۆگەر بکرێت ئەمەش تەنیا بە گەشەی چالاکی ئابووریی لە بازاردا دەکرێ . رادەی هەبوونی حەسابات و پاشەکەوتی بانکی پێ دەگۆترێ ، قوولایی کرێدیت/ کرێدیت دێپس/ لە رووی ستاتیستیکییەوە پێوەندییەکی راستە وخۆ و پۆزیتیڤ هەیە لە نێوان رادەی قوولایی کرێدیت و گەشەی دێمۆکراسی لە ولاتاندا. خەریتەی ئینترئەکتیڤی خوارەوە لە زانکۆی گۆتنبرگی سوئێد، ئەم پێوەندییانە لە ئاستی زۆرینەی ولاتانی دنیا دا نیشان دەدات. ئەوانەی پێشوەختە بوونە دێمۆکراسی، لەرزۆک بوونیان مسوگەرە. ئەم راستییە بۆ کوردستان زۆر گرینگە.



https://qog.pol.gu.se/data/visualization-tools/motion-chart
پرۆفێسۆر هانس رۆزلینگ کە دامەزرێنەری ناوەندی ئینترنێتی گاپ مایندێر بوو ، لە پێوەندی لەگەل گەشەی ولاتاندا دوو کاتاگۆری فاکتۆران لە یەک جیا دەکاتەوە یکیان لەوانەی کە ئامانجی گەشەن، وەک فەرهەنگ و ژینگە و ئەوی ترییان وەک ئامرازی گەشە نموونە گەشەی ئابووریی و حکمرانی باش لە مەرحەلەی یەکەم دا بە واتای حکمرانی کاریگەر.
لە کوردستاندا دێمۆکراسی خوازیی پێشوەختە دیسکۆرسێکی تێکدەرە و نەتیجەی جگە لە فەوزا و لەرزۆک بوونی دام و دەزگای ئیدارەی ولات هیچی تری لێ شین نابیتەوە ، داوای حکمرانی کاریگەر، بە هێز و بە پێ یاسا دیسکۆرسێکی بەننا وبۆنیات نەرە.
بۆیە گرینگە کە ئێستا لە داریشتنی سیاسەتدا ئەحزاب بزانن چەندە بەرنامەیان لە خزمەت بە هێزتر کردنی دام و دەزگای حکداریی ولاتە و چەندە لە خزمەت لەرزۆک کردن و بەرەو فەوزا بردنی ولاتدایە. رووداوەکانی هەر ئێستای باشوری عێراق ئەوەی نیشان دەدەن کە چەندە گرینگە حکمداریی ولات بتوانێ بە شێوەی کاریگەر خزمەتگۆزارییەکانی ولات دابین بکات. ئێمە ی کورد کە لە ناوچەی گەمارۆ دراو ناحەزان دا دەژین و هەموو لایەکیش خوازیارن فەشەل بێنین لە ئیدارەی خۆماندا ، پێویستە ئاگاداریی داریشتنی سیاسەتی خۆمان بین و قسەی رادیکال و شیعاراتی سادەی دێمۆکراسی خوازیی پێشوەختە بەرەو هەڵدێرمان نەبەن. ئیدارەی کاریگەری ئابووریی و دابینکردنی پێداویستییەکان خەلک و گەشەی ئابووریی و هاوکاریی لە گەل هاوپەیمانانمان ئەو رێچکە و سیاسەتەیە کە دەتوانێ داهاتووی دێمۆکراتیکمان بۆ مسۆگەر بکات.
حوسێن کورد نەژاد
2018-07-22
Top