گەلی كورد یەكێكە لەو نەتەوە رٍەسەن و دێرینانەی رۆژهەڵاتی ناوین كە دەیان ساڵە بە هۆی بەرژوەندیخوازی و تموحی زڵهێزان خاك و نیشتیمان بە سەر چوار دەوڵەتی " تورك ،فارس وعەرەب" لكێنراوە و بۆیە تا بە ئەمرٍۆ نەتەوەیەكی زیاتر لە 40 میلیۆنی نەیتوانیوییووە وەك گەلانی تری ناوچەكە تەنها دەوڵەتێكی هەبێ . هەروەها بە هۆی پێداگری و خەبات و تێكۆشان لە سەر گەرٍانەوەی مافەزەوتكراوەكانی تووشی نەهامەتی و زەبر و زەنگی زۆر بۆتەوە . لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا كۆلی نەداوە و بەردەوامە لە خەبات بۆ گەرٍاندنەوە و بەدەستهێنانی ئەو مافەرەوایە كە بە پێی هەموو یاسا نێودەوڵەتییەكان گەلی كوردیش مافی خۆیەتی خاوەنی كیانی سەربەخۆیی خۆی بێ .هەموو ئەو گەلانە مافی ئەوەیان هەیە كە داوای مافی چارەی خۆنووسین بكەن، بەڵام بە بوونی چەند پێوەرێك و داواكردنی ئەم مافەش بە چەند رێگایەك دەبێت. مافی چارەنووس و مەسەلەی وەرگرتن و پیادەكردنی مافی سەربەخۆی و جودابوونەوە كە خۆی لە پێكهێنانی دەوڵەتی سەربەخۆ و خاوەن سەروەریەتیدا دەبینێتەوە، یەكێكە لەو مەسەلە گەرم و گوڕانەی كە لە یاسای گشتی نێودەوڵەتیدا تاكو ئێستا نەتوانراوە بە شێوەیەكی كۆتایی یەك لایی بكرێتەوەو بنەماو پێوەرەكانی بە تێر و تەسەلی بۆ دابنرێت.مافی چارەی خۆنووسین بۆ گەلان بە بنەمایەكی سەرەكی یاسای نێودەوڵەتی دادەنرێت بەو پێیەی مافێكە دابین كراوە بۆ هەموو گەلان لەسەر بنەمای یەكسانی لە نێوان هەموو گەلێك، لەبەر ئەوە پەیوەندیەكی بەهێز و راستەوخۆ هەیە لە نێوان چەمكی مافی چارەی خۆنووسین و چەمكی مافی مرۆڤ و دیموكراسی، چەندین پێناسەی جیا هەن بۆ پرەنسیپی مافی چارەی خۆنووسین. چەندین رێكەوتنامەی نێودەوڵەتی و هەرێمی و چەندین بڕیاری نەتەوە یەكگرتووەكان سەبارەت بە مافی چارەی خۆنووسین دەرچوون بۆ پڕكرنەوەی درزو كەلێنەكانی دەستووری نەتەوەیەكگرتووەكان ئەو رێكەوتنامانەش وەك جارنامەی جیهانی مافی مرۆڤ 1948، راگەیاندنی پاكتاوكردنی كۆلۆنیالیزم1960، هەردوو پەیماننامەی نێودەوڵەتی مافەكانی مرۆڤ لە ساڵی1966 "| بە شێوەیەكی گشتی رێگاكانی داواكردنی مافی چارەنوسیش دابەش دەبن بەسەر دوو رێگا، ئەوانیش رێگای ئاشتیانە كە بریتیە لە گرتنەبەری هەر رێگا چارەیەكی سیاسی یان یاسای یان كۆمەڵایەتی یان رۆشنبیری یان هەر رێگایەكی تری ئاشتیانە كە لە رێگایەوە بانگەشە بۆ كردن و داواكردنی مافی چارەنووسینی لێ بكەوێتەوە ئەو رێگا ئاشتیانەش وەك خۆپیشاندانی ئاشتیانەو بەربلا و وروژاندی رای گشتی، كۆكردنەوەی واژۆ...، رێگەی دووەم رێگای نائاشتیانەیە ئەم رێگایەش بریتیە لە سەرجەم رێگا چارە نائاشتیەكانی كە لە رێگەی بەكارهێنانی هێز و گرتنەبەری رێگا چارە سەربازیەكان وەكو خەباتی چەكداری و شۆرش و سەرجەم رێگا چارە سەربازیەكانی دیكە، گرتنەبەری چەكدارانەش لە پێناو بەدەستهێنانی مافی چارەی خۆنووسین لە لایەن نەتەوەیەگكرتوەكان و چەند بەڵگەنامەوە شەرعیەتی پێدراوە ئەگەر سەرنج بدەین بەراورد بكەین لە نێوان حالەتەكان دەبینین زۆربەی حالەتەكانی وەركرتن و پیادەكردنی مافی چارەی خۆنوسین لە رێگەی گرتنە بەری خەباتی چەكداریەوە بووە. ئەمەش شەرعیەتی ئەم رێگایە دەسەلمێنێ ئەو بزوتنەوە رزگاری خوازانەی كە بۆ بەدەستهێنانی مافی چارەی خۆنوسین خەبات دەكەن خاوەن كەسایەتی یاسای نێودەوڵەتین، سەرجەم ئەو شەڕانەشی پێی هەڵدەستن پێویستە بنەماكانی یاسای گشتی نێودەوڵەتی لەسەر جێ بەجێ بكرێن.
ماوەی سیانزە ساڵە ئێمە خۆمان بە عێراقەوە هەڵواسیووەو پابەند بووینە بە دەستووری ئەوانەوە، كەچی تۆزقالێك لە مافەكانی ئێمە بەدی نەهاتوونە، كوا چارەسەری بۆ كێشەی كەركوكو ناوچە دابڕاوەكان؟ كوا چارەسەری كێشەی سامانە سروشتییەكان؟ كوا بودجەی پێشمەرگە؟ سەرەڕای ئەمانەش، ئەوەی كە بە پاڵپشتیەكی سەرسەختانەی كوردەوە بووە سەرۆك وەزیرانی عێراق، هەر ئەویشە بۆتە بەربەستی بەردەم ویستەكانی گەلەكەمان، تاكو ماوەیەك لەمەوبەر، هەڕەشەی سەربازی و ئۆپەراسیۆن بوو بۆسەر ناوچە كوردنشینەكان و سنووری هەرێمەكەمان، وا ئەمڕۆش هەڕەشەی ئابووری و بڕینی بەشە بودجەی هەرێم و قووتی خەڵكە، بێویژدانی لەوە سەیرتر نییە، كە بەهۆی گومان لە رۆیشتنی چەند تەنكەر نەوتێك، ئابڵۆقەی سەربازی و ئابووری بەسەر زیاتر لە چوار ملیۆن دانیشتوانی هەرێمی كوردستان دەدرێت! بە رای من ئەوان هیچ جیاوازییەكی ئەوتۆیان نییە لەگەڵ دیكتاتۆرانی رابردوو، هەموویان هەڵگری ئەجێندای رەگەزپەرستینەو دروشمی یەكێتی عێراقی عەرەبی لە دڵیاندا رەگی داكوتاوە، هەر كاتێك بۆیان بلوێت و زەمینە رەخساو بێت، ئەوا پراكتیزەی دەكەن . گەلی كورد دوای هەوڵێكی زۆر و دەیان ساڵە مانەوە لە چوارچێوەی وڵاتێكی پر كێشەی وەك عێراق نەیتوانی مافەكانی مسۆگەر بكات بۆیە رۆژی 25/9/ 2017 بە رێژەی %93 لەسەدا دەنگی لە سەر مافی چارەی خۆنووسین دا بە هەموو جیهانی گووت مافی خۆیەتی كە خاوەنی كیانی سەربەخۆ بێ و چیتر ژێر دەستی و بە زۆر پێكەوە لكاندن خاك و نیشتیمانی قبوڵ نكات و ئامادە نییە ژێر دەست بمێنێتەوە .