دیپلۆماسیەتی نێچیرڤان بارزانی

دیپلۆماسیەتی نێچیرڤان بارزانی

بانگهێشتكردنی نێچیرڤان بارزانی لەلایەن ئەردۆغانەوە بۆ گەورەترین رێوڕەسمی فەرمی و پڕۆتۆكۆڵی لە مێژووی كۆماری توركیادا جێی بایەخی شڕۆڤەكاران و دەزگاكانی میدیا و ناوەندەكانی لێكۆڵینەوەیە، چونكە ئەو داوەتنامەیە لە دوای قۆناغێكی لەرزۆك لە پەیوەندیی نێوان توركیا و هەرێمی كوردستان دێ، كە حكومەتی بەغدا و وڵاتانی دیكەی نەیاری كوردستان هەوڵیان دەدا بە هەر نرخ و جۆرە سازشكردنێك بێ بۆ ئەردۆغان، بواری چاككردنەوەی ئەو پەیوەندییانە نەهێڵنەوە. نێچیرڤان بارزانی كە خاوەنی پڕۆژەی ئابووریی سەربەخۆیە، بەهەمان شێوە ئەندازیاری دروستكردن و پتەوكردنی پەیوەندییە ئیقلیمی و نێودەوڵەتییەكانە لە رێگای تێكەڵكردنی بەرژەوەندیی وڵاتان لەگەڵ بەرژەوەندییەكانی هەرێمی كوردستان لە سەر بناغەی لێكتێگەیشتن و رێزی هاوبەش، كە هەر ئەو سیاسەتەش بووە پاڵپشتی هەوڵەكانی نێچیرڤان بارزانی لە دوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر بۆ پاراستنی قەوارەی دەستووریی هەرێمی كوردستان و نەهێشتنی هەڕەشە لەسەر خەڵكی كوردستان، لە كۆتاییشدا ناچاركردنی حكومەتی عێراق بە ملدان بۆ دانیشتن لە سەر مێزی گفتوگۆ و هەڵگرتنی ئابلوقە لە سەر هەرێمی كوردستان، بەتایبەتی لەسەر فڕۆكەخانەكانی.
لەنێو بیست و دوو سەرۆك كۆمار و حەڤدە سەرۆك وەزیران، نێچیرڤان بارزانی یەكێكە لە كەسایەتییە هەرە دیارەكانی ئەو رێوڕەسمە كە دانیشتنی تایبەت و گرنگی لەگەڵ ئەردۆغان دەبێ كە لە سەردەستی ئەو وەچەرخانێكی مەزن و گەورە لە توركیا روویداوە لە گۆڕینی سیستەمی حوكمڕانی لە پەرلەمانیەوە بۆ سەرۆكایەتی، كە ئەوەش ئاماژەی روون و دەرخەری قۆناغی نوێی سیاسین لە توركیا، كە لەلایەن سەرۆكێكی بەهێز و خاوەن بڕیار سەرۆكایەتی دەكرێ.
دانیشتنی تایبەتیی نێچیرڤان بارزانی و ئەردۆغان تەنیا وەلانانی ناكۆكییەكان و شكاندنی بەستەڵەكی نێوانیان نییە، بەڵكو سەرلەنوێ پێداچوونەوەیە بە كۆی ئەو رووداو و بڕیارانەی لە ماوەی رابردوو لەلایەن هەردوولا دروان و لێكەوتەكەیان چی و چۆن بووە. حكومەتی بەغدا كە تەنیا یەكێك لە جێگرەكانی سەرۆك كۆمار لەو مەڕاسیمە ئامادە بوو، ئەویش وەك نوێنەری عێراق و جێگری سەرۆك كۆمار داوەت نەكرابوو، بەڵكو ئوسامە نوجەیفی وەك سەركردەیەكی سوننەی نزیك لە توركیا داوەت كرابوو، بە سەردانییەكەی نێچیرڤان بارزانی و گرنگی پێدانی لەلایەن سەرۆك كۆماری توركیا و دیداری دوو قۆڵییان ناڕەحەتە چونكە جارێكی دیكە بەهێزبوونەوەی پێگەی هەرێم لە سەر ئاستی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی لە بەرژەوەندی خۆیان نابینن، بە تایبەتی لەو قۆناغە ناسك و لەرزۆكەی كە عێراق تێیدا لە بۆشایی یاسایی گوزەر دەكا. توركیا كە زیاتر لە بیست و حەفت ساڵە دەروازەی هەرە گرنگی هەرێمی كوردستانە بەسەر دنیا و رێگای گەیشتنی نەوتی كوردستانە بە بازاڕەكانی جیهان كە هۆكاری هەبوونی هەرێمی كوردستانە بەهێزەوە لە سەر نەخشەی ئابووریی جیهان، هەروەها لە قۆناغی هەرە ترسناك كە مەترسیی هەڵوەشاندنەوەی قەوارەی سیاسیی هەرێمی كوردستان لەئارادا بوو، كە حكومەتی عێراقی بە هەموو توانایەكیەوە كاری بۆ دەكرد، توركیا دەروازەكانی لەگەڵ هەرێمی كوردستان دانەخست و رەوانەكردنی نەوتی رانەگرت، كە هاوكاری و پاڵپشتییەكی باش بوو بۆ خۆڕاگرتنی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بەردەم ئەو پیلانەی بەغدا بە پاڵپشتی ئیقلیمی و دەستدۆیی ناوخۆیی دایڕشتبوو.
راستە هەرێمی كوردستان لە رووی ئابوورییەوە گرنگیی زۆری بۆ توركیا هەیە، وەك یەكێك لە باشترین و بە هەڕمێنترین بازاڕ كە كاڵای توركی تێدا ساغ دەكرێتەوە، هەروەها هەبوونی زیاتر لە سێ هەزار كۆمپانیا و شوێنی كاری توركی لەگەڵ قازانجی توركیا لە دەربازبوونی نەوتی كوردستان بە خاكەكەی، بەڵام لەوە گرنگتر جیۆپۆلۆتیكی هەرێمی كوردستان بۆ توركیاش وەك وڵاتانی دیكەی كاریگەر لە ناوچەكەدا وەك ئەمریكا و رووسیا و بەریتانیا و فەڕەنسا و ئەڵمانیا گرنگە، بۆیەشە توركیا ناتوانێ دەستبەرداری دۆستایەتی و درێژەدان بە پەیوەندیی ستراتیژی لەگەڵ هەرێمی كوردستان بێ. باشبوونەوەی پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و توركیا و گەڕانەوەیان بۆ دۆخی ئاسایی خۆی قازانجێكی گەورە بە دۆزی كورد لە توركیا دەگەیەنێ، بە دروستبوونەوەی دەرفەتێك بۆ بووژانەوەی پڕۆسەی ئاشتی و دووركەوتنەوە لە شەڕ و گرژی كە لە سێ ساڵی رابردوودا گەلی كورد لە باكووری كوردستان باجی گەورەی شەڕیان داوە. هەبوونی نێچیرڤان بارزانی وەك كەسایەتییەكی میحوەری و كاریگەر دەرفەتێكە هەردوولای ناكۆك دەتوانن كەڵكی لێوەربگرن، بەتایبەتیش كە پڕۆسەی ئاشتی لە توركیا كە شەش ساڵی خایاند، نێچیرڤان بارزانی زەمینەخۆشكەری بوو.

Top