سەرۆك بارزانیی، ئاڵاهەڵگر و پێشەنگی دیموكراسی خوازی سەربەخۆیخوازی ..
July 8, 2018
وتار و بیروڕا
خۆراگری لە رۆژگارە سەختەكان ، پێشمەرگایەتی ـ دیپلۆماسی و كارێزمایی و خوێندەنەوەی ژیرانە بۆ رووداو پێشهاتەكان ئەو خەسلەتانەن كە وایكردووە كە سەرۆك بارزانیی زەروورەتی مێژووییە بۆ ئێستا وئایندە دۆزی كورد. سەروەرییەكی گەورەی میللەتی كورد، هەمیشە لەوەدا بووە كە سەرۆك مەسعود بارزانی و رێبەرو رێ نیشاندەرو پێشمەرگەی بووە. ئەمەش وەك چۆن سەروەرییەكی گەورە بووە بۆ خودی جەنابی سەرۆك كە بەرپرسیارێتی و سەرۆكایەتی میللەتێكی كاریگەرو دڵسۆزو بە ئەمەكی وەكو كوردی لەسەر شان بووە. میللەتان كاتێك كەشتییەكانیان بە دەست كەشتیەوانێكی شارەزاو وردبین و لێهاتووی وەك سەرۆك بارزانی دەبێت، هەرچەندە بارودۆخەكەیان ئاڵۆزو زەحمەت و دژواریش بێت، ئەوا لە ئەنجامدا، بە دڵنیایی و باوەڕێكی پتەوەوە هەنگاو بەرەو پێشەوە دەهاوێژن و دڵ پڕ هیوا و دەروون پڕ بڕوا، رووبەرووی هەموو سەختی و زەحمەتییەكان دەبنەوەو لە ئەنجامیشدا ئاواتەكانیان دێتە دی و خەون و خەیاڵە رەواكانیشیان دەكەن بە واقیع.
میللەتان لە هەموو جیهاندا، لە چەقە رێگای خەباتی بێ وچانیان دا، لە پێناو دەستەبەركردنی ئازادی و سەرفرازی و شارستانی، هەمیشە خوڵقێنەری سەركردەی گەورەو شایستەو راستەقینەن. لە هەمان كاتدا، سەرۆكی دووربین و راستەقینەو دڵسۆزو كارامەش، هەمیشە كاریگەرترین فاكتەری بەرەو پێش بردن و گەشەپێدانی ژیان و چارەنووسی میللەتانە. یەك لە خەسڵەتە گەورەو بایەخدارەكانی سەرۆك بارزانی هەمیشە لەوەدایە كە ئەو پێوانەو رێبازە سیاسییەی پەیڕەوی دەكات، رێبازو كەلتوورێكی رەگ وریشەدارو درێژخایەن و مێژوویەكی نەپساوەی خەباتە كە ئەویش رێبازو كەلتووری بارزانیی نەمرو بنەماڵەی شكۆداری بارزانیانە، بۆیە هەمیشە لە پانتایی سیاسەتی كوردیدا، دابو نەریتێكی وای داڕشتووە كە كەم لە میللەتانی ناوچەكە دابونەریتی دەوڵەمەندو ئەكتیڤی لەو جۆرەیان هەیە. بە بڕوایەكی زۆرو متمانەیەكی بەهێزی ئەوتۆوە جوڵاوەتەوەو پێشەنگی كاروانی شكۆدارانەی میللەتی كوردی بەرێوە بردووە كە كەم لە تاقیكردنەوە سیاسییەكانی ناوچەكە بڕواو متمانەی لەو بابەتەیان بە سەرۆكەكانی خۆیان هەیە. بە ئازایەتی و جورئەتێكی ئەدەبی گەورەوە بڕیاری داوە كە كەم جار لە ناوچەكەماندا سەرۆك هەیە بەو جورئەتەوە بڕیار بدات.
جگە لەوەی مافێكی یاساییە ، لە هەمانكاتدا بە دیموكراسیی ترین پرۆسەی دیموكراسی هەژمار دەكرێ بۆ بریاردانی گەلێك بۆ ئایندەی خۆی . بۆیە داگیركەران ئەوانەی كە هیچ كاتێ باوەریان بە مافەكانی كورد نەبوو و هەمیشە ویستیان ئەوە بوو كە كورد ژێر دەست و بەداگیركراویی بمێنێتەوە ، بە ریفراندۆمی گەلی كوردستان بە ئاگا هاتنەوە و تێگەیشتن كە خۆ دزینەوە لە مافەرەواكانی كورد تا هەتا سەر نابێ .دوای خیانتكارییەكەی 16ی ئۆكتۆبەر، هۆكاری لەدەستدانی كەركووك و ناوچەكانی دیكەیان خستە ئەستۆی گشتپرسی، بێ ئەوەی ئاوڕێك لە رابردووی نزیك بدەنەوە، كە چەندین كاری نادەستووری و نایاسایی دژ بە گەلی كورد ئەنجامدرا، كە ئەو ساتە هیچ بیرۆكەی ریفراندۆمی سەربەخۆیی وا بەزەقی لە ئارادا نەبوو، ئەی ئەوكات هۆكارەكەی چی بوو؟ ئایا هۆكارەكەی ئەوانە نەبوون كە داوای بڕینی قوتی هاووڵاتییانی كوردستانیان لە بەغدا كرد؟ ئایا هۆكارەكەی ئەوە نەبوو كە ویستیان هەرێمی كوردستان كە بە گوێرەی دەستوور و یاسا و خوێنی شەهیدان و خەباتی پێشمەرگە قارەمانەكان، بوونی هەیە؟ دوای خیانەتكاری 16ی ئۆكتۆبەر و رادەستكردنی كەركووك ئەم فرمێسكە تیمساحیە بۆچییە بە تایبەتی ئەوانەی بوونە كەوا سووری بەر لەشكر و چاوساغیان، ئێستا دەتانەوێت بەو میللەتە بڵێن كە گشتپرسی هۆكار بوو، لەو باوەڕەدان میللەت ساویلكە بێت، ئەگەر بەو شێوەیە لە میللەت گەیشتوون ئەوە هەڵەن چونكە ئەوانەی دەنگیان بۆ سەربەخۆییدا رۆڵەی بەوەفا و تێكۆشەری ئەم میللەتەن كە ئێوە ناتوانن چەواشەیان بكەن.بەڵێ بۆ ریفراندۆمی سەربەخۆیی هۆكار بوو، ریفراندۆمی سەربەخۆیی هۆكار بوو كە دۆزی كورد جارێكی دیكە ببێتەوە سەردێڕی سەرەكی راگەیاندن و ئەجێندای زلهێزەكان، بەڵێ گشتپرسی هۆكار بوو كە كورد دووپاتی ئەوەی كردەوە، كە خاوەن بڕیاری خۆیەتی و كەسی تر ئەو مافەی نییە لە بری كورد بڕیار بدات، بەڵێ سەرۆك بارزانی سەركردایەتی ئەو پرۆسە مێژووییەی كرد و سەری بۆ كەس دانەنەواند كە هەردەم سەربەرزە، بەڵێ سەرۆك بارزانی خەبات و تێكۆشانی بۆ سەربەخۆیی كوردستانە و تەنیا سەری بۆ ئەو شەهیدانەی لەپێناو سەربەخۆیی كوردستان گیانیان بەختكرد و بۆ جیهانیان سەلماند كە كورد خاوەنی بڕیاری خۆیەتی لە پێناو كرامەت و ئازادی. ئەوانەی دەیانەوێت خۆیان لە راستییەكان لابدەن، ئەوان پێش هەموو كەسێك دەزانن كە گشتپرسی هۆكاری ئەو ئاڵۆزییە نەبوو، بەڵكو كردەوە خیانەتكارییەكەی 16ی ئۆكتۆبەر بوو كە پێش هەموو شتێك دژی سەربەخۆیی ئەنجامیاندا، ئەگەر ریفراندۆمی سەربەخۆیی هۆكار بوایە پارتی دیموكراتی كوردستان ئەو سەركەوتنە مەزنەی لە هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عێراقی بەدەست نەدەهێنا. لە هەمانكاتدا بۆ هەموو جیهان روون بۆوە كە گەلی كورد ئەمرۆ یا سبەی دەبێ ببێتە خاوەن كیانی سەربەخۆیی خۆیی . تا خاوەنی پێشمەرگەیەكی فیداكار و كارێزمایی وەك سەرۆك بارزانیی بێ هیچ كات لە خەبات و تێكۆشان و بۆ گەیشتن بە مافەرەواكانی پاشگەز نابێتەوە ..