پارتی حیزبی سیاسی خاوەن بەهاو پرنسیپی نیشتیمانی کادیری بەرپرس و لێوەشاوە و جەماوەریی گەرەکە.......
June 30, 2018
وتار و بیروڕا
بۆ قۆناغی داهاتوو پێویسته کادیر به دید و بۆچوونێكی نوێ و گەنگەشەیەکی واقیعبینانە ڕووبهڕووی ڕووداوەکان و داواكاریی خەڵک و خواست و داواکاری گەنجان و لاوان و تەعەدیاتەکان ببێتەوە، نهك به بیر و ههڵسوكهوتێك ببێته ڕێگر له گۆڕانكاریی ئیجابیی حیزب و كۆمهڵگادا.
یەکێک لە کێشەو گرفتە سەرەکییەکانی هەندێ لە کادیرانی پارتیمان تێنەگەیشتنە لە کایەی فیکری سیاسی و خەڵکناسی بە گشتی و تایبەت تر لاوازە لە پێناسەکردنی چەمکەکان و ڕووداوەکانی ڕۆژەڤ... بۆ کادیری سیاسی پێناسەی چەمکەکان و گەنگەشەکردنی ڕووداوەکان بە دروستی گرنگە، ئەگەرچی لە سیاسەتوانێکەوە بۆ سیاسەتفکرێکی دیکە تەوفیری هەیە، یاخود لە رۆشنبیرێکەوە بۆ یەکێکی دیکە و تەنانەت لە سەردەم و قۆناغێکەوە بۆ سەردەم و قۆناغێکی دیکە جیاوازەو گۆڕانکاری بەسەردادێت. ئەم جیاوازی و گۆڕانکارییە لە پێناسەی چەمکەکاندا لای کادیری پێشکەوتوو، لەلایەک دەگەڕێتەوە بۆ جیاوازی دیدو تێڕوانین و گەنگەشەی بابەتەکانی ڕۆژەڤ لای سیاسیوان و رۆشنبیرەکان و تایبەت تر لای خودی خۆی، هەندێکجاریش دەگەڕێتەوە بۆ ئینتیمای نەتەوەیی و نیشتیمانی و پاشخانی معرفەی سیاسی خۆی و کەسانی دی. لەلایەکی دیکەوە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو گەشەکردن و پێشکەوتنانەی لە قۆناغ و سەردەمەکاندا دێنە ئاراو لەگەڵ خۆیاندا گۆڕانکاری سییاسی گەورە دەهێنن، بە شێوەیەک چەمکەکان مانای پێشووی خۆیان لەدەستدەدەن و پێویستیان بە مانای تازە دەبێت.
لەبەر حاڵەتی وا، گرنگە کادیر بە بەردەوام فۆرمەلەی دیدو ئامانجە ستراتیژیەکانی حیزب وەربگرێت و بگونجێ لە گەڵ سەرجەم پێشکەوتن و گۆڕانکارییەکان، وەک کێو خۆراگربێ لەبەردەم باهۆزی مۆدێرنەو جیهانگیریدا. گۆڕانکاری لەسەر ئاستی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی و کولتووری، دواجار گۆڕانکاری پێناسەی چەمکەکانی لێدەکەوێتەوە، بە تایبەت ئەو چەمکانەی پەیوەستن بە خزمەتکاری مرۆڤ و مافەکان و داخوازیەکانی خەڵک، یان ئەوانەیان کە پەیوەستن بە کایەی سیاسی و دەسەڵات و پێشهاتەکان، جێی داخە لێرەو لەوێ، لەو حیزب و لەو گروپ و کەس، زۆرجاران گوێبیست دەبین کە سیاسەت بە مانای درۆو فڕوفێڵ و چەواشەکردن دێت... یاخود وەک کایەیەکی تێکدەرو پیس و گڵاو لێی دەڕوانن!. ئەو دەستەواژانە کایەیەکن هیچی تێدانییە و هیچی تێدا سەوزنابێت و دوورن لە ڕاستی.
ئێمەی کادیرانی پارتی نابێ بکەوینە ئەو هەڵەیەو دەبێ پێمان وابێ کە سیاسەت بە مانا سادە و گشتییەکەی، واتە رایکردنی کاروباری خەڵک و رێکخستنی کۆمەڵگا و بڕیاری دروست لە بەرژەوەندی خەڵک. وە پێمان وابێ سیاسەت بریتییە لە چارەسەری ئاشتیانەی ململانێکان و لە رێگەی گفتوگۆو دانوستان، بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی مام ناوەندی گونجاو، چارەسەرێک هەموو بەرژەوەندییە ناکۆکەکان لەخۆدەگرێت و سازانێکی هاوبەش بۆ ریکەوتن لەسەر ناکۆکییەکان دێنێتەئاراوە لە هەر پرسێکی سەرو یاخود خواروو، سیاسەت یانی هونەری رێکخستنی جیاوازییەکانی نێو کۆمەڵگا، وە تەنزیمکردنیان لەسەر بنەمای مافەکانی مرۆڤ و یەکتر قبووڵکردن و رێزگرتن لەوی تر، وە لە ڕوانگەیەکی تر دەبێ سیاسەت بە بەخشینی زمان بە تاک و گروپ و ئەتنییە گۆشەگیرو پەراوێزخراوەکانی کۆمەڵگا ئەکتیڤ بکەین، تا خەڵک بتوانن بێ ترس و سڵەمینەوە، گوزارشت لە حەزو ویست و مافەکانیانی خۆیان بکەن و تۆی کادیر بە بەشێک لەخۆی وەربگرێ.
دواجار کادیری پێشکەوتووی سیاسی دەربارەی ئەو پرۆسەیەیە کە تێیدا ڕۆڵی بەرپرسانە لە ژیانی سیاسیدا دەگێڕێت، بە ئامانجی بەدیهێنانی گەشەی کۆمەڵایەتی و ئابوری و فەرهەنگی، چ لەسەر ئاستی تاک و چ لەسەر ئاستی گشتی کۆمەڵگا وەچ لەسەر ئاستی حیزب. لەبەر ئەوە پێویستە دەرفەت هەبێت و ناوەندێکی ئەکادیمیایی کارا بکرێت، لەوێوە بە پێی پێویست کادیر بخرێتە خزمەت خەڵک، بەڵام پێویستە بەشداریکردنی کادیران لەو ئەکادیمیایە لە سەر بنەمای پاڵنەری فڵان و فیسار نەبێت، بەڵکو بەشداریکردنەکە بە لێهاتوویی و لێوەشاوەیی و حەزی کادیرەکە خۆی بێت، تا لەم ڕێگەیەوە کاروانی بەرەو پێشەوەچوونی سیاسی و دیموکراسی و گەشەکردنی پارتی دیموکراتی کوردستان بەردەوام بێت، لە سەر ئاستی نەتەوەیی و چواربەشی کوردستان... وە بۆ قۆناغی هەنووکە و داهاتووش میللەت پێویستی بە حیزبێکی سیاسی راستەقینەی وەک پارتی دیموکراتی کوردستان هەیە، نەک حیزب و پارتی کارتۆنی دروستکراوەو گرێدراو بە ئەجێندای دەرەوە، ئەمڕۆ گەل حیزب و پارتی سیاسی خاوەن بەهاو پرنسیپی نیشتیمانی وەک ڕێبازی بارزانی باوکی گەرەکە، دەبێ پارتی و کادیرەکانی بەرپرسانەتر و جەماوەری تر لە گەڵ ژیان و گوزەرانی خەڵک ڕۆچن و خۆی بۆ ئامادە بکەن.