"استحمار و تحمیق" !

ئه‌و دوو وشه‌یه‌ی سه‌رباسی ئه‌م نووسینه‌ کورته (استحمار و تحمیق)، ئه‌گه‌رچی له‌ مانادا زۆر له‌ یه‌ک نزیکن، به‌ڵام جیاوازییه‌کی جه‌وهه‌ریشیان هه‌یه‌، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ که "استحمار" جۆره‌ هه‌وڵێکه‌ بۆ ئه‌وه‌ی تاک له‌ بنه‌ماوه‌ به‌ جۆرێک په‌روه‌رده‌ بکرێ، ڕامان و تێبینی و ڕه‌خنه‌ و وردبینی نه‌بێ و که‌رانه‌ بژی و بارهه‌ڵگری ئایدیایه‌ک بێ، که‌ به‌ که‌ری په‌روه‌رده‌ی کردووه‌.. به‌ڵام "تحمیق"، گه‌وجاندن و ده‌به‌نگکردن و به‌ گه‌مژه‌کردنی تاکی خاوه‌ن ڕایه‌ و هه‌وڵێکه‌ بۆ ئه‌وه‌ی تاک له‌ ڕامان و تێبینی و ڕه‌خنه‌ و وردبینی داماڵدرێ!
ئه‌گه‌ر له‌ وشه‌ی "تحمیر"یش ورد ببینه‌وه‌، ئه‌وا دیاره‌ که‌ ته‌نیا مانای سوورکردن نادا، که‌ له‌ "احمر" واته‌ ڕه‌نگی سوور وه‌رگیراوه‌، به‌ڵکوو مانای که‌راندن و به‌که‌رکردنیش ده‌دا! پۆپۆلیسته‌کان سواری ئه‌و شه‌پۆلانه‌ ده‌بن و له‌ پێناوی گه‌یشتنیان به‌ ده‌سه‌ڵات و حوکمڕانی، نه‌ک هه‌ر له‌ به‌هاکانی نه‌ته‌وه‌یی خۆیان که‌م ده‌که‌نه‌وه، بگره‌ ده‌بنه‌ خوڵام و خزمه‌تکارێکی گوێڕایه‌ڵی نه‌یارانی نه‌ته‌وه‌که‌یان و هه‌وڵ ده‌ده‌ن به‌ دروستکردنی ئیرهابی فیکری له‌ دژی سه‌رکردایه‌تی سیاسیی نه‌ته‌وه‌ی خۆیان بجووڵێنه‌وه‌، ئامانجی گه‌وره‌شیان ده‌بێته‌ ئه‌وه‌ی که‌ ئینتیمای نیشتمانی لاواز بکه‌ن و دروشمی خۆشگوزه‌رانی به‌سه‌ردا زاڵ بکه‌ن، واتا ته‌نیا بیر‌ له‌ "له‌وه‌ڕگه" ده‌که‌نه‌وه‌، ئه‌گه‌ر که‌رامه‌تیشیان ژێر پێ بخرێ، ئه‌وا به‌لایانه‌وه‌ گرینگ نییه‌!!
زۆر به‌داخه‌وه‌ به‌شێک له‌ سیاسییه‌ کاڵفامه‌کانی کورد له‌ سه‌ر هه‌مان ڕێچکه‌ ده‌ڕۆن و نازانن گه‌لی کورد زۆر هوشیارتره‌ له‌وه‌ی که‌ بگه‌وجێندرێن!! ئه‌وانه بۆ گه‌یشتن به‌ ده‌سه‌ڵات و حوکمڕانی،‌ له‌ ژێر سێبه‌ری میدیای چه‌واشه‌کاری حزبی و ناحزبی و سێبه‌ردا، هه‌وڵده‌ده‌ن نه‌ته‌وه‌که‌یان بخه‌نه‌ ناو داوی جاڵجاڵووکه‌ی داگیرکه‌رانی وڵاته‌که‌یان و ده‌خوازن تاکی هاونیشتمانی له‌ هرزی گه‌ش و پێکه‌وه‌ژیان و لێبوورده‌یی و بیرکردنه‌وه‌ و ڕامان و بینینی واقیعه‌کان دابماڵن..
Top