قسەیەکی خێر ..

قسەیەکی خێر ..
ئاساییە جەنگاوەر گێمێک بدۆڕێنێ، لێ دۆڕاندنی هەموو گێمەکان مانای ئەوەیە، لە پێشدا گوناهەکانی خۆت دەستنیشان بکەیت، بوێرانە چاو بە کێشەکانی خۆتدا بخشێنیتەوە و حەکیمی دڵی خۆت بیت، شین و واوەیلا بۆ بەختی خۆت بکەیت، نەک بە هەلەکە سەما بچێتە بەغدا و لەگەڵ نەیارانی کورددا پێکی سەرکەوتنی پلانگێڕی لە دژی گەلی خۆت بنۆشێ.
حزبە ناڕازییەکان دەبێ ئەو ڕاستییە بزانن، ئەوەی روویداوە هەمووی ساختەکاری نەبوو، شەقازلەیەکی بەهێزی جەماوەری خۆیانیشی لەگەڵدابوو، دەنگەکانیان تەعبیری ناخی خۆیانی تیا بوو، بۆیە پێویست بەم هەڵایە ناکات، زانیمان دەنگیان لێ دزراوە، کەوتن عەیب نییە، بەلام خۆدزینەوە لە هۆکاری کەوتن شەرمە، ئیتر ئەم هەموو لە خۆرازی و لەخۆباییەی بۆچییە؟!
بیستومانە دۆڕاو بەخۆیدا دەچێتەوە، کەچی ئەوان نەک هەر واز لە سیاسەتی گەوجاندن و ڕوانگای ساویلکانە ناهێنن، لە غروورییا خەریکن سواری سەری خۆشیان دەبن، دنیایان لەخۆ ئاڵۆزتر کردووەو واز لە خۆڵبارانی چاوی خەڵک ناهینن.
لە ١٠ ساڵی رابردوودا، ئۆپۆزسیۆنی کوردی بە دەیان ڕێگەی دروستکردنی: گروپی چوار حزبەکە، بەرەی سێ قۆڵی و شەش حزبەکەیان لە دژی پارتی و یەکێتی تاقی کردەوە، خەڵکیش بە دوو خولی چوار ساڵی ئەوانی تاقی کردنەوە، پشوودرێژیان نواند، خۆپیشاندنی خوێناوی و شەڕەبەردیان بۆ کردن، نانبڕینی خۆیان تەحەموول کرد، سەرای سلێمانیان بە بارمتە بۆ گرتن، نوێژی جەماعی سەر کارتۆن و جادەیان بۆ کردن، بارەگای پارتی و یەکێتیان بۆ سووتاندن، منداڵی خۆیان بۆ بە کوشتدان، ڕەوانەی دەستەڵاتیان کردن، پرۆسەی پەروەردە و خوێندنیان بۆ پەکخستن، کار و کاسبیان بە قوربان کردن، ئیرهابی فکریان لێ قبوڵکردن، کەچی لە ئیمتیحان و مەحکی ئەمجارەی جەماوەردا دەرنەچوون، ئیر خەڵک چیتریان بۆ بکات!؟
حزبە ناڕازییەکان ئەگەر لە کوردستان چەندە غەدریشیان لێ کرابێت، تەزویریان لێ کرابێت، نەدەبوو دەستی ناپاکیان بۆ سووتاندنی دەنگی پێشمەرگە ببەن، داوای رەتکردنەوەی ئەنجامی کەرکوک بکەن، باشتر بوو واز لە بەغدا بێنن و لە ماهیەتی زللەی جەماوەری خۆیان تێبگەن، جارێکی دی خۆیان لە بۆتەی گۆڕانکاری و ڕیزبەندی نوێی حزبایەتیدا تەعریف بکەنەوە، کەلێنەکانی خۆیان دەستنیشان بکەن.
لە ئانی شکستدا مرۆڤ هەق نییە تەبریر بکاتە ئامانج بۆ ئەوەی لە مێژووی خۆی ڕابکات، سیاسەتی هەڵاتن و بازدان بەسەر کێشەکاندا، چارەسەر نییە، چارەسەر ئەوەیە بەرەنگاریان ببیتەوە، بە ڕاستگۆییەوە جاریکی دی تێهەڵچنیتەوە، خەڵەفاندن و فرتوفێڵ دادت نادات، خەڵکیش چاوی کراوەتەوەو چیتر خیتابی نالۆژیک و ناواقیعیت لێ ناکڕێ، باشترین کار ئەم حیزبانە بیکەن، داوای لێبووردنە لە دەنگدەری خۆیان، بۆیە با شەفاف بن و دان بە فەشەلی بەرنامەی خۆیان بنێن، حزبی سیاسی دەبێ بوێر بێت، چەواشەکاری و سیاسەتی گەوجاندنی عەوام وەک گەواڵە هەورو بارانی بەهاران وایە، کەفوکوڵێکە هەر بە فوویەک دەتوێتەوە.
Top