ئەمیرەکانی جەنگ و گەندەڵی
June 7, 2018
وتار و بیروڕا
حکومەتی هەرێم و دام و دەزگاکانی بەرهەمی خوێن و فرمێسک و شۆڕش و ڕاپەڕینی خەڵکی کوردستانە، بە هەڵبژاردن ئەم قەوارەیە دروست بووە دوای ئەوەی (رێزدار سەرۆک بارزانی) لە وتارێکیدا لە شاری کۆیە داوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنی کرد بە مەبەستی دروستکردنی دەسەڵاتێک کە شەرعیەتی لە خەڵک وەرگرتبێت، کۆی پڕۆسەی هەڵبژاردن و دروستکردنی حکومەت لە بارێکی نا ئاسایی و ناتەندروستدا بەڕێوە چوو زیاتر لە ئەنجامدانی نەشتەرگەری دەچوو نەک لەدایک بونێکی ئاسایی.
هەر دوای ئەنجامدانی هەڵبژاردن و دەرکەوتنی ئەنجامەکان کێشە دروستکراو ڕێگری کرا بە گوێرەی ئەنجامەکان حکومەت پێکبهێنرێ و بە شێوەیەکی دیموکراتیانە و ئاسایی و شەرعی بناغەی ئەو حکومەتە دروست بکرێ، بۆ خۆ لادان لە هەڵایسانی شەڕو لە دەستنەچونی دەستکەوتەکان لایەنی براوەی هەڵبژاردنەکە ڕازی بو بە دروستکردنی حکومەتی فیفتی بە فیفتی لە گەڵ لایەنی دۆڕاو، بەمجۆرە هەر لەیەکەم ڕۆژەوە بناغەی حکومەت بە سەقەتی داندراو هەڵگیرسانی شەڕە نەگریسەکانی ناوخۆش هێندەی تر ئەو حکومەتەو دام و دەزگاکانی ئیفلیج و ناتەواو کرد و بووە هۆی داکوتانی هەرچی زیاتری ڕیشەی گەندەڵی و داتەپینی بارە ئابوریە هەر لە پێشدا بارە نالەبارەکە و بە هەموو کون و کەلەبەرێکی حکومەت بڵاو بۆوە لەکاتێک دا هەموومان دەزانین لایەنی براوەی یەکەم هەڵبژاردنی حکومەت و پەرلەمانی کوردستان بۆ ئەوە رازی بوو کە حکومەتێکی یەکسان پێک بهێندریت تاوەکو شەر روونەدات بەڵام لایەنی دووەم بەمەش نەوەستا و شەری هەڵایساند.
دۆزینەوەو دەرهێنانی نەوت و فرۆشتنی و دواتر هاتنی بودجەی زۆری بەغداش هێندەی تر قوڕەکەی خەست کردەوەو حەزە تێر نەبووەکانی ئەمیرەکانی جەنگ و گەندەڵی چەند بەرابەر کردو هەوڵە ناڕەواو بەرژەوەندی خوازیەکانیان هەر لە فراوان بون دایە و هەوڵیانداوەو هەوڵدەدەن بە هەمو شێوەیەک بارودۆخەکە وەکو هەیە بمێنێتەوەو هیچ هەنگاوێکی چاکسازی ڕاستەقینە نەنرێت کە لە دواجاردا دەبێتە هۆی لە دەستچونی بەرژەوەندیە مادیی و دەسەڵاتە لۆکاڵیەکەیان کە لە غیابی دەوڵەتێکی ناوەندی بەهێزو خاوەن دام و دەزگای تۆکمە بە دەستیان هێناوە.
دوای زۆر قەیران و کێشەی ئابوری و سیاسی و بەڕێوەبردن هەنگاوی گرنگ و باش لەلایەن حکومەتەوە دەستیان پێکردووە بە مەبەستی ئەنجامدانی چاکسازی ڕیشەیی، لەم هەنگاوو هەوڵانەشدا حکومەت و کۆمەڵگا تەواو هاوڕان و خەڵک بە گشتی داخوازی حکومەتێکی بەهێزی سیاسی و ئابوری دەکەن کە توانای ڕوبەڕوبونەوەی گەندەڵکاران و شەڕەنگێزانی هەبێت، ئەمیرەکانی جەنگ و گەندەڵی دژی ئەو هەنگاوانە دەوەستنەوە و خوازیاری هەستانەوەو بە هێزبونی حکومەت نین و نایانەوێت کێشە ئابوریەکانی چارەسەر بن، چونکە زۆر باش لە هاوکێشەکە تێگەیشتون دڵنیان چارەسەر بونی هەمو ئەو کێشانە مانای نەمان و کەوتنی ئەوانە کەوتنێک کە هەستانەوەی دوبارەی نیە.
چیتر نابێ خەڵک و دەسەڵات ڕێگە بدەن ئەو سوپاسالارانەی جەنگ و گەندەڵی یاری بە خاک و قوتی خەڵک بکەن و دەبێ پێکەوە ڕوبەڕویان ببنەوەو نەهێڵن بە ئارەزوی خۆیان گۆمەکە لێڵ کەن و ڕاوی خۆیان بە ئاسانی بکەن.