بە بێ سەرۆك بارزانیی ، پارێزگاری لە شوناس و دۆزی كورد مەحاڵ بوو
June 4, 2018
وتار و بیروڕا
ئاگاداری و شارەزایی بارزانی لە بیری پێشكەوتنخوازانەی ئەوسای دنیای رۆژهەڵات، كە ئاسۆیەكی تازەی لە بەردەم بیری سەرجەم مرۆڤایەتیدا كردەوە، لە تێڕوانینی جەدەلییانەی بارزانیدا بە روونی رەنگی دەداتەوە. ئەو پرنسیپە نەگۆڕەیش كە لە هەموو ئەم رەگەمایانەدا دووبارە دەبووەوە، بەرژەوەندییە باڵاكانی خەڵكی كوردستان بوو . هەر لەو رووەشەوە بوو، كە بارزانی نەمر توانستی ئەوەی هەبوو لە یەك كاتدا لەگەڵ تەوژمە باوە بەهێزەكانی سەردەمی خۆی لە رۆژهەڵاتگەرایی و رۆژئاواگەرایی و بێلانگەرایی وڵاتانی جیهانی سێ، مامەڵە بكات و هەڵبكات، بێ ئەوەی خۆی ون بكات و سەربەخۆیی خۆی لە دەست بدات . سەرۆك بارزانیش كە هەڵگری ئاڵایی كوردستان و میراتێكی گرانبەهایی گشت شۆڕشەیەك لە دوای یەكەكانی كوردستانە كە هەموویان رێگە و كاروانی گەیشتنە بە لووتكەی سەرفرازیی و سەربەخۆیی كورد و كوردستان.
مێژوو و قوربانیدانو خەمخۆریو دڵسۆزی سەرۆك مسعود بارزانیی بۆ كورد لە مێژووی نەتەوەییو قۆناغی خەباتی شاخو شارو ئەو هەموو ئەزیەتو هەروازو نشێوەی بینیوویەتی، پاڵپشتی ئەو راستیو زەروورەتە دەكات، لە هەمان كات بە درێژایی خەباتی نەتەوەیی سەرۆك بارزانی هەوڵی پەیوەندی دروستكردنو راكێشانی پاڵپشتی دەرەوە بووە، ئەو جۆرە پەیوەندیو ئاستی پەیوەندیەكانو تەنانەت سەرسامبوونی وڵاتە باڵادەستەكان بە جەنابیانو گەیاندنی كێشەو پرسی كورد بە بەرزترین ئاستی بڕیارو ناوەندی سیاسی جیهان، دەخوازێ درێژە بەو هەنگاوە بدرێ، چونكە هێشتا ئێمە وەك كورد نەگەیشتووینەتە تەواوی مافەكانمان، واتە سەرۆك بارزانی ئەو دەروازەی پەیوەندییەكانی كورد لەگەڵ وڵاتان سەركەوتنی گەورەی لە ناساندنی دۆزی كورد بە دونیا لێكەوتەوە ، هەر خۆیشی شایستەو شایەنی پەرەپێدانو تەواوكردنی ئەو هەنگاوەی هەیە تا كورد دەگاتە ئاواتی خۆی.رۆڵو هەوڵی سەرۆك بارزانی زۆر گرنگو دیارو بەرچاو بووە، بە تایبەتی توانی بە شێوەیەكی زۆر رێكو سەركەوتووانە كوردستان بپارێزیَ و رێگری بكات لە دەستی رەشی تیرۆرستان، كە دزە بكەنە ناو كوردستانەوە، لە كاتێكدا حكومەتی عێراق بەو هەموو ئیمكانیەتو هێزەوە نەتوانی ئەمە بكات، وێرای ئەوەی كە ئاراستەی سیاسەتی هەرێمی كوردستان سەبارەت بە شەڕی دژ بە داعش لە بری زۆربەی وڵاتانی دونیا بە شێوەیەك برد، كە وڵاتان بە تایبەتیش زلهێزەكان درك بەوە بكەن كورد لە جیاتی هەموو دونیا شەڕی داعش دەكات، بەو هەنگاوەش توانی زۆربەی وڵاتان بێنێتە سەر خەتو نوێنەریان بێتە كوردستانو دەستخۆشی لە كوردو پێشمەرگە بكەن، ئەم هەنگاوە بۆ كورد هێندەی هەموو دونیا لە رووی سیاسیەوە گەورەو گرنگە، وێڕای واڵاكردنی دەرگای كوردستان بەڕووی ئاوارەو لێقەوماوان كردەوە، بەبێ جیاوازی نەتەوەو ئایینو مەزهەبەوە، ئەمەش ئەگەرچی بارگرانی بۆ خەڵكی كوردستان دروستكرد، بەڵام بۆ ئێستاو ئایندەی كورد نموونەی هەرە بەرزی ئەخلاقو مرۆڤدۆستییە، كە بەو هۆیەوە زۆرێك لە وڵاتان ستایشی ئەو هەنگاوەیان كردو زۆر بە جیدی پاڵپشتیان بۆ كوردو كوردستان دووپات كردەوە، ناكرێ نكۆلی لەو راستیە حاشا هەڵنەگریە بكرێت، كە سەرۆك بارزانی خاوەنی هەڵوێستو جوامێریو بڕیاری بوێرانەیە، بۆیە هەمووان هەست بەو راستیە دەكەین، كە ئەگەر هەوڵو بڕیاری بەڕێزیان نەبوایە بە تایبەتی لەگەڵ بەغدا، لەوانە بوو ئەوان هەرچییان لە دەستیان هاتبا دەرهەق بە كورد ئەنجامیان دابوایە.هەر سیاسەتی حەكیمانەی جەنابیان بوو وایكرد، لەڕووی گەشەی ئابووریو گەشەسەندنی ئاوەدانیو پەلكێش كردنی كۆمپانیا ناودارەكانی دونیا بۆ كوردستانو بەستنەوەی ئابووری هەرێم بە زۆرێك لە وڵاتە پێشكەوتووەكانەوە، كوردستان گەشەسەندنێكی گەورە بەخۆیەوە ببینێت، ئەگەر كەسایەتیو متمانەو پێگەی سەرۆك بارزانی نەبووایە، لەوانە نەبوو بەو ئاسانیە ئەو كارە بكرێ.سەرۆك بارزانی ، سەركردەیەكی كاریزماو خەمخۆرە و گەلی كوردی لە پیلانگێری ئیقلیمی و نێودەوڵەتیی پاراستووە .