پێویستە پارتی تعارف لەگەڵ نەوەی نوێ بکات

پێویستە پارتی تعارف لەگەڵ نەوەی نوێ بکات
ئێستا نەوەیەک پێگەیشتووە زیاتر لەژێرکاریگەریەکانی ئینتەرنێت و سۆشیالمیدیاو ئێکس بۆکس و یاری ئەلیکترۆنی دایەو، میدیای ئاراستەکراو زیاتر ئاراستەی دەکات و کەمتر بایەخ بە میدیای بەرگریکار دەدات.

نەوەیەک بەرهەم هاتووە ناڕاستەوخۆ کەوتۆتە ژێر کاریگەری ئەو پەندەی( ئەو نانەنانە، ئەمڕۆ لەخوانە) تەنها باوەڕی بەوە هەیە کە دەیبینێت، بۆی دەکرێت و دەتوانێت پێی بگات، زۆر بەکەمی ڕوودەچێتە نێو مێژوو، دەپڕژێتە سەر پرسە نیشتیمانی و نەتەوەییەکان، تەنانەت خەباتی چەند ساڵەی چەکداری و سیاسی بەفلسێک نەک بەتەنها لە پارتی بەلکو لەهیچ حزبێک ناکڕێت بەڵاشیەوە گرنگ نیە،کە تۆ چەند بەگرنگی لێی دەڕوانی.

نەوەیەک بەرهەم هاتووە، پێی وایە راپەڕین و خەباتی چەکداری وحوکمی زاتی و فیدڕاڵی بەچەند کلیکێک بەرهەم هاتووە، ئەسلەن قوربانیەکانی نیشتیمان بۆ ئەو تەنها ژمارەیەو بەس، بێگومان ئەو میدیا جنێو دەرو ئاراستەکراوەی خراوەتە خزمەت بەرهم هێنانی ئەو نەوەیە لێی بەرپرسیارە بەپلەی یەکەم، لێکەوتەی گەورەشی هەبووە بەسەر تێگەیشتنی ئەو نەوە نوێیە، سەیرکە لای گەنجەکە کێ زیاتر هاوار بکات، جنێو بدات و قسە بکات هەق بەڵای ئەوە گرنگ نیە تاچەند وایە یان نــا.

نەوەیەک لەدایک بووە، ئاخر شت کە بیری لێدەکەنەوە ئینیتمایە بۆ نیشتیمان، ئاخر لە تەمەنی ئەوان موچەبڕین و قەیرانی دارایی و خراپی پەیوەندی سیاسی ناوخۆی وڵات و باش نەبوونی هیچ شتێک بەتایبەت بۆ گەنج، گیرفان چۆڵی و قوتدانەوەی هەزاران حەز کە بەچەند هەزار دینارێک دێتەدی دەرفەتی پێنەداون ئەسلەن بیریان بەڵای نیشتیماندا بچێت، فو پێداکردنی میدیای حزبە داشۆراوەکان لەپرسە نەتەوەییەکانیش بەبەردەوامی دیسان کاریگەر هەبووە.

هێندە ئەستەم نیە ئەگەر پارتی بیەوێت کۆنتڕۆڵی ئەو بەڵاڕێدابردنەو ئەو بۆشاییەی نێو ژیانی ڵاوانی تازە پێگەیشتوو بکات، جۆرێک لە ئاشتەوایی لەگەڵ نەوەی نوێ بێنێتەکایەوە، هەڵبەت ئەوەش بە هێنانەپێشەوەی گەنج و جێکردنەوەی لەنێو حزب و حکومەت و ئەکتیڤترکردنی یاسایی خانەنشینی، کە دەرگا بەرووی دامەزراندن دەکاتەوە و گۆڕانکاری لە پۆستە ئیداری و حزبیەکان کە بەر پرس هەیە۲۰ ساڵ لەیەک شوێنە، هەروەها خۆدەربازکردن لە فۆڕمی میدیای بەرگریکار بۆ میدیای ئاراستەکار، کورتکردنەوە یان نەهێشتنی بۆشایی نێوان نەوەی نوێ و بەرپرسان، خۆبە خاوەن زانینی نەوەی تازە پێگەیشتوو کە ئەمەش لەڕێگای کردارو پێشکەشکردنی ئۆفەری تازە دەکرێت.
Top