پارتی، بارزانیی رێبازی كوردایەتی كۆڵنەدان لە قۆناغە سەختەكاندا ...
May 27, 2018
وتار و بیروڕا
سەركردە و كەسایەتییە گەورەكان لە قۆناخە سەخت و دژوارەكاندا دەردەكەون و، دەتوانن گەلەكانیان لە مەترسی و تەنگژەكاندا بەرەو كەناری ئارامی ببەن. سەرۆك مسعود بارزانی بۆ كورد ئەو سەركردەیەیە كە وەك دەڵێن سەركردەی زەروورەتی مێژوویی، هەردەم دەیڵێین و گوێمان لێ دەبێت كوردستان پێویستی بە سەرۆك بارزانی هەیە، ئەگەر لە رووی لۆژیكی سیاسی و گۆڕانكارییە هەرێمییەكانەوە لەم دەربڕینە بكۆڵینەوە، دەگەینە ئەو راستییەی كە بەڵێ كوردستان پێویستی بە سەرۆك هەیە بۆ ئەوەی سەركردایەتی بكات و لەم قۆناخە سەخت و هەستیارەدا بەرەو كەناری ئارامی و دڵنیایی ببات.سەرۆك بارزانی لە قۆناخەكانی پێشوودا و زیاتر لە نیو سەدەیە وەك پێشمەرگەیەك خەبات دەكات، هەروەها وەك سەركردەیەك رۆڵی سەرەكیی لە سەرجەم پرسە نەتەوەیی و نیشتیمانییەكاندا هەبووە و بە سیاسەتی دووربینانەی لەسەر ئاستی نێوخۆیی رۆڵی كاریگەری لە كۆكردنەوەی ڕاوبۆچوونە جیاوازەكان لە پرسە چارەنووسسازەكاندا هەبووە و لەسەر ئاستی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان و دواگۆڕانكارییەكان سەنگی سەرۆك بارزانی لە زۆربەی هەڵوێستەكاندا بە ڕوونی دیارە و هیچ كەس ناتوانێت نكۆڵیی لێ بكات، ئەمەیش هۆكار بووە بۆ ئەوەی گەلی كوردستان لە چەندین پلان و مەترسیی دەرەكی دەربازی ببێت، دوائەو مەترسییەیش كە رووبەڕووی هەرێمی كوردستان بووەوە، شەڕی تیرۆریستانی داعش و تێكشكاندنی پیلانگێری ئیقلیمی بوو كە سەرۆك وەك سەركردەیەكی بەتوانا و شارەزا سەركردایەتیی ئەم قۆناخە سەختەی كرد و شكستی بە ئەجێندای سەربازی و سیاسیی تیرۆریستان و دەستە شاراوەكانی پشت ئەو دوژمنكارییە هێنا و، لەسەر ئاستی دەرەكییش توانی ڕای گشتیی وڵاتە زلهێزەكان بە لای هەرێمدا ببات و لەو چوارچێوەیەیشدا بە هەموو جۆرێك هاوكاریی هەرێم كرا. زۆربوون ئەو كەسانەی كە یا كاڵفامی سیاسی بوون و لە سیاسەت تێنەگەیشتبوون یانیش كرێگرتەی داگیركەران بوون لە پێناو بەرژەوەندی جزبی و شەخسی خۆیان " پارتی و سەرۆك بارزانییان" بە هۆكاری نەدانی مافەكانی كورد لە لایەن بەغداوە لە قەڵەم دەدات . بەڵام رووداوەكانی چەند مانگی رابردوو هەموو ئەو راستیانەیان ئاشكرا كرد .. لەوەتەی خاكی باشووری كوردستان بە عێراقی دروستكراویی دەستی زڵهێزانەوە لكێنراوە میللەتی کورد بەردەوام لەژێر سایەی حکومڕانی عێراق دەچەوسێنرێتەوە نە ڕێز لەمافەکان و نە گوێش لە داواکانیان دەگیرێن. ھەرجارە و بەبیانوێک ھێرش دەکەن سەر کورد و نە واقیحی پێکەوە ژیان جێبەجێ دەکەن.ھەموو ئەو مافە دەستوریانەی کە باس لە ھەبونی کورد دەکا و دان دەنێت بە مافە سیاسی و مەدەنی و ماددیەکانی کورد لەلایەن بەغدا و سەرانی بەغدا پێشێل دەکرێت و گوێیان پێ نادرێت.
لە2008ئەوکاتەی پارتی وتی عێراق باوەری بە مافەکانی کورد نیە پاشەکشە دەکات لە مافە دەستوریەکان، مالیکی جەیشی ھێنایە سەر کەرکووک و خانەقین، سەرۆک بارزانی بانگی ھەموو ولاتانی بەناو دیموکراسی کرد و پێیانی وت ھەرچی شەرعیەتی پێکەوە ژیانە لای عێراق نیە ھەرکاتێک دەسەڵاتی تەواوی ھەبێت ھێرش دەکاتە سەر کوردستان، وەلێ گوتیان بارزانی کەسێکی شەڕانگێزە دواتر ھەر زۆری نەبرد مالیکی بوجەی کوردستانی بری و دواتریش بەرێنمای وڵات فرۆشان موچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستانیان بری، دواتریش کوردستان و عێراقی توشی شەری تیرۆرستانی داعش کرد لەشەرەکەش نەی دەھێشت وڵاتان ڕاستەوخۆ چەک ببەخشنە کوردستان لە2014دەدا ئەوکاتەی داعش موصلی گرتوو ھەرەشەی گرتنی بەغداشی دەکرد سەرنجام بارودۆخی عێراق لەو پەری بێ مستەوای دابوو داوای ھاوکاریان لە کوردستان دەکرد تا بەرگریان لێبکەن.سەرۆک بارزانی بە ھەموو پارتەکانی وت وەرن با ریفراندۆم بکەین، بە بیانوی جیاجیا رێگریان کرد و نەیان ھێشت.ھێشتا ھیچ بریارێک لە ئەنجام دان و نەدانی ریفراندۆم نەدرابوو کەچی سەڕانی عێراقی و حەشدی شەعبی ھەرەشەی ھێرشکردنە سەر کوردیان دەکرد و دەیانوت دەیان نێرینەوە بۆ خەتی سور.
سەرەڕای ھەموو ئەو دژایەتیكردنە دژی هەرێمی کوردستان ھەبوو، ئینجا بریاری لە ئەنجامدانی ریفراندۆم ی سەربەخۆیی درا لە25/9خەلکی کوردستان بە تەواوی پێکھاتەکانیانەوە و بەناوچە جێناکۆکەکانیش لەسەر خواستی خۆیان بەرێژەی ٪٩٢ دەنگی زولالی جیابونەوە لە بەغدا لەنێو خاکی پیرۆزی کوردستان بەرز بووەوە؛ کەچی عێراق لەشۆڤینایەتی خۆی نەکەوت و پەلاماری دوز و خانەقین و کەرکووکی داو بەبەرچاوی ھەموو جیھان سوکاتیان بە ئالای پیرۆزی کوردستان کرد ئەو ئاڵایەی کە لەسایەوەی ھەموو ئەو خاکەی ڕزگار کرا کە جەیشی عراقی بە مەبەست پاشەکشەی لێ کردبوون، پێشمەرگە تا دوا بستی نیشتیمان بە خوێنی خۆی سنوری کوردستانی تێدا نەخشاند، فرۆکەخانەکان و مامەڵەی نێو دەوڵەتی و ئاڵو گۆری بانکی لەسەر کوردستان وەستاند کەچی ھێشتاش بەشێک لەلایەنی سیاسیەکانی کوردستان دەچون لە بەغدا لەگەڵ عبادی دادەنیشتن و داوای پێنەدانی موچەی فەرمانبەران بە حوکومەتی کوردستانیان دەکرد بە مەبەستی لەبار بردنی ئەو فیدراڵیەش کە ھەیە.عبادی پێشنیاری کەم کردنەوەی بوجەی کوردستانی بە رێژەی ٪١٢ دایە وەزارەتی دارای عیراق و دواتریش بە حوکمی زۆرینە و کەمینە لە پەرلەمانی عیراق کردیان بە پرۆژە یاسا، کەچی تازە بە تازە پەرلەمانتارانمان لەبغدا دەڵێن عێراق دان نانێت بە ھەبون ھەرێمێکی کوردی لە باکوری عێراق وەک بازرگانێکی نەوتی مامەڵە لەگەڵ کوردستان دەکات. ئەمرۆ پێشنیازی کشانەوە دەدەن بە سەرکردایەتی سیاسی کورد کەچی لە2008کاتێک پارتی ھاواری دەکرد و دەی وت عیراق دان بە ھەرێمی کوردستان و مافەکانی نادا، شەرانی خواز بوو ؟! کەچی ئێستا دێنو تێدەگەن لەوەی کە راستییەكە ھەر ئەوە بوو کە سەرۆك بارزانی برایاری لەسەر ریفراندۆم دا.. ئەوە سیاسە و دیپلۆماسییە كارایە وایكردووە كە هەردەم پێگەی كورد بەهێز بێ و حسیابی گەورەی لە هاوكێشە سیاسی ودیپلۆماسی و ئابوورییەكان بۆ بكرێ. سەرۆك مەسعود بارزانی یەكێكە لەو سەركردە گەورانەی كە لە دژوارترین ساتە مێژووییەكانی میللەتەكەمان وەكو چیایەك وەستاوە و نەبەزیوە و گەشبینیی لەناو دڵی میللەتدا چاندووە، زۆر كەس لە ناوەوە و دەرەوە گرەوی لەسەر ئەوە دەكرد كە پرۆسەی بەدیموكراتیزەكردنی هەرێم وەستاوە و هەرێم بەرەو تەنگژە دەچێت، بەڵام ئەم پەیامەی جەنابی سەرۆك بارزانی وەڵامێك بوو بۆ ئەوان كە كورد نابەزێت و ئەو ئامانجەی پلانی بۆ داڕشتووە جێبەجێی دەكات و ئەم پەیامە نەخشەڕێگایەكی مەزنە بۆ چەسپاندنی ئارامی لە هەرێم و بەرەوپێشبردنی پرۆسەی بنیادنانی دیموكراتی لە هەرێم و بەدەوڵەتكردنی هەرێم. لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا كەم سەركردە هەیە بتوانێت بەم بوێریی سیاسییەوە وتاری وا مێژوویی پێشكەش بو میللەتەكەی بكات.هەروەها لە رۆژگارە سەختەكانی شۆرٍش و بەرخۆداندا ، ناكرێ هیچ كاتێ رۆڵ و پێگە و كارێزمایی شەهید سەركردە و ئەندازیاری ئاشتی بەرەی كوردستانی و یەكریزی گەلی كورد فەرامۆش بكرێ كە شان بە شان سەرۆك مەسعود بارزانیی چۆن رووبەرووی ناخۆشترین دۆخ ببوونەوە و هەمیشە وەك هیوایەك بوون بۆ بزاڤی رزگاریخوازی كورد وكوردستان..