تاقیکردنه‌وه‌ی سارۆخه‌کانی سوپای پاسداران و ئه‌گه‌ری وێرانبوونی کرماشان!

تاقیکردنه‌وه‌ی سارۆخه‌کانی سوپای پاسداران و ئه‌گه‌ری وێرانبوونی کرماشان!
سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی له‌ سنووری زۆربه‌ی پارێزگاکانی ئێران (به‌ وته‌ی خۆیان له‌ قووڵایی 500 مه‌تریی ژێر زه‌وی)، کۆگه‌ی چه‌کی دوورهاوێژ (مووشه‌ک و ڕاکێت)یان هه‌یه‌. هۆکاری سه‌ره‌کیی په‌راکه‌نده‌کردنی پایه‌گاکانی به‌رهه‌مهێنانی سارۆخه‌کانیان، ترسی گه‌وره‌یانه‌ له‌ وه‌شاندنی گورزی ئاسمانی له‌لایه‌ن فڕۆکه‌ جه‌نگییه‌‌کانی وڵاتانی زلهێزی جیهان، به‌تایبه‌تی وڵاتانی وه‌ک: ئه‌مریکا، فه‌ڕانسه‌، ئه‌ڵمان، به‌ریتانیا و ئیسڕئیل، که‌ به‌ ڕاشکاوی ڕایانگه‌یاندووه‌: "ئێرانی ئه‌تۆمی قبووڵ ناکرێ." له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران به‌ ئاشکرا ڕایگه‌یاندووه‌: "به‌رنامه‌ی به‌رهه‌مهێنانی سارۆخ و به‌رفراوانکردنی به‌رده‌وام ده‌بێ!" ته‌نانه‌ت مانۆڕی تاقیکارییه‌کان له‌ که‌ناڵه‌کانی ته‌له‌فزیۆنی فه‌رمیی خۆیان نمایش ده‌کرێ. بۆ یه‌که‌م جار له‌ 22ی خه‌زه‌ڵوه‌ری ساڵی 1394ی هه‌تاوی سه‌رتیپی پاسدار "ئه‌میر عه‌لی حاجی زاده‌" له‌ نمایشێکی ته‌له‌فزیۆنیدا په‌رده‌ی له‌ سه‌ر سارۆخه‌ ده‌ستکرده‌کانی ئێران لا دا..
له‌ چه‌ند ڕۆژی ڕابردوودا و له‌ کاتی تاقیکردنه‌وه‌ی سارۆخێکی "بالستیک"دا له‌ پایه‌گای مووشه‌کیی "ئه‌زگه‌له‌"ی سه‌ربه‌‌ سنووری پارێزگای کرماشان، ته‌قینه‌وه‌یه‌کی گه‌وره‌ ڕوویدا، که‌ شاری کرماشانی به ‌ته‌وای هه‌ژاند. به‌پێی سه‌رچاوه‌کانی هه‌واڵ، کاکڵی ئه‌و سارۆخه‌ له‌ ناو توێکڵه‌که‌یدا (لانچه‌ر) ته‌قیوه‌ته‌وه‌ و به‌شێکی زۆری توونێل و کۆگه‌کانی ژێر زه‌ویی سوپای پاسدارانی له‌ "ئه‌زگه‌له‌" ئاگر تێبه‌رداوه‌، ئه‌وه‌ش له‌ حاڵه‌تێکدایه‌ که‌ ئه‌و توونێلانه‌ زیاتر له‌ 3000 سارۆخیان له‌ ناو هه‌ناوی خۆیاندا حه‌شار داوه‌! به‌ڵام سوپای پاسداران له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و شوێنه‌ ئاشکرا نه‌کرێ، ئاماده‌ نه‌بووه‌ هاووڵاتییانی دانیشتووی کرماشان ئاگادار بکاته‌وه‌. بۆیه‌ هه‌موو هێزه‌کانیان بۆ کووژاندنه‌وه‌ی ئاگره‌که‌ به‌سیج کرد، به‌ڵام ئاماده‌ نه‌بوون، له‌ ترسی ئاشکرابوونی به‌ هۆی که‌شتییه‌ هه‌واڵگرییه‌ ئاسمانییه‌کانی وڵاتانی زلهێزه‌وه‌، سارۆخه‌کان بۆ تونێله‌کانی دیکه‌یان له‌ ژێرزه‌وی بگوازنه‌وه‌، ئاگاداریش بوون له‌وه‌ی که‌ ئه‌گه‌ر ته‌قینه‌وه‌یه‌کی دیکه‌ ڕووی بدابا، ئه‌وا کرماشان و دانیشتووانی ئه‌و شاره‌ و هه‌ر گیانله‌به‌رێکی ده‌بوون به‌ سووتوو..

زانیارییه‌کان ئاشکرایان کردووه‌، له‌و ته‌قینه‌وه‌یه‌دا هه‌شت که‌س له‌ فه‌رمانده‌ باڵاکانی سوپای پاسداران کوژراون و هاوکات له‌ کۆبوونه‌وه‌ی به‌په‌له‌ی "شورای عالی امنیت ملی"ی ئێراندا، داوا کراوه‌ به‌په‌له‌ باری نائاسایی بۆ ئه‌و دۆخه‌ تایبه‌ته‌ ڕابگه‌یه‌ندرێ و خه‌ڵکی کرماشان له‌ شاره‌که‌ دوور بخرێنه‌وه‌، به‌ڵام فه‌رمانده‌ی گشتیی سوپای پاسداران(محه‌مه‌د عه‌لی جه‌عفه‌ری) وتوویه‌تی: "له‌ ئه‌گه‌ری ته‌قینه‌وه‌ی دیکه‌دا چه‌ند هه‌زار کورد گیانیان له‌ده‌ست ده‌ده‌ن، ئه‌وه‌ زۆر له‌وه‌ باشتره‌ که‌ به‌ ده‌ستی خۆمان زانیارییه‌ نهێنییه‌کانمان بۆ ماهواره‌کانی ئه‌مریکا و ئیسڕائیل ئاشکرا بکه‌ین."

له‌ دوماهیدا پێوسته‌ بپرسین: کۆمه‌ڵگه‌ی جیهانی و وڵاتانی زلهێزی دونیا، تا که‌ی ئه‌م سه‌رکێشییانه‌ی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران قبووڵ ده‌که‌ن، که‌ له‌ سه‌ر حیسابی گیان و ماڵی گه‌لانی بنده‌ستیان له‌ ئێران، هه‌وڵی ده‌ستخستنی چه‌کی ناوکی بۆ پشتیوانی له‌ هه‌نارده‌کردنی مه‌زهه‌بگه‌رایی و تیرۆریسم ده‌ده‌ن؟!
Top