سلێمانی لە كاروانی نەتەوەیی دانابڕێت
May 9, 2018
وتار و بیروڕا
رێباز عوسمان
سلێمانییەكان لە هەموو كاتێك زیاتر لە ئەمڕۆدا مۆركی نیشتمانپەروەری و نەتەوەییان پێوە دیارە، چەند دوژمنانی كورد كار بۆ دوورخستنەوەی ئەم شارە لە رەوشی كوردایەتی بكەن، خەڵكە رەسەنەكەی زیاتر روو لە خەبات و كاری نەتەوەیی دەكەن، مێژووی ئەم شارەش شاهیدی بۆ ئەو كوردایەتی و نیشتمانپەروەرەییە دەدات، هەرچەندە لە قۆناغە جیاجیاكاندا هەورازو نشێوی بەم كاروانی خەباتەدا دیار بووە، بەڵام تەپ و تۆزی حزبایەتی و رق و قینی رابردووو نەیتوانیوە رێگا لەم كاروانە بگرێت. لە 25ی ئەیلوولدا بینیمان چۆن دەنگی زوڵاڵی كوردایەتی لەشاری هەڵمەت و قوربانییەوە دەنگی بۆ سەربەخۆیی كوردستان داو لەسەر دەستی بارزانی مێژوویەكی نوێی بۆخۆی تۆمار كرد.
رۆحی نەتەوەیی و كوردپەروەریی لە میرنشینەكانی بابانەوە تاكو دەوڵەتەكەی شێخ مەحموود هەر دوو شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان و دامەزرانی كاژێك و پاسۆك نموونەیەكی كەمە لەو مۆركە نەتەوەییەی سلێمانی، هەر پارت و گرووپ و لایەنێكی سیاسیش لەم شارەدا دەركەوتبێت، زوو بێت یاخود درەنگ، دەبێت بگەڕێتەوە سەر مۆركە رەسەنەكەی سلێمانی كە كوردایەتییە، بەپێچەوانەوە وەكو زۆر لە بزووتنەوە و گرووپ و بیروبۆچوونی دوور لە خەسڵەتی كوردایەتی كە تەمەنێكی كورتیان لەم شارەدا هەبوو، بەرەو لەناوچوون دەچن.
مێژووی شارستانی و نەتەوە پێشكەوتووەكان پێمان دەڵێن بونیادنانی نەتەوەو نیشتمانپەروەریی لە ریزبەندی پێشەوەی هەموو ئامانجەكانەوە دێت، لەم بارەشەوە پارتی دیموكراتی كوردستان كە خاوەنی دۆزە گەورەكەی كوردایەتییەو سەرۆك بارزانی لە پێناو خواست و ویستی گەلی كوردستان و خوێنی شەهیدان و قوربانییانی نەتەوەكەمان هەموو دەستكەوت و پۆست و بەرژەوەندییەكی خستەلاوەو رووبەڕووی گەورەترین و دڕەندەترین دوژمنەكانی كورد بووەوە، هەر چاوەڕێی ئەمەش لە سەرۆك بارزانی و پارتی دەكرێت كە خاوەنی سیمبولێكی خەباتی كوردایەتین. مەلا مستەفا بارزانی كە لە هەموو جیهان و لە ناو هەموو نەتەوەكاندا بە دۆست و دوژمنی گەلی كوردەوە، كورد بە ناوی مەلا مستەفا بارزانی و ئەو زاتە مەزنەوە دەناسرێتەوە، كە رێكخەرو ئاراستەكاری بیری نەتەوەیی بووە، كە سەركردەكانی پێشوو نەوە لەدوای نەوە بۆ بارزانی -یان گواستۆتەوە، ئیتر چۆن هەندێك لە سیاسەتمەدارە هەڵتۆقیوەكان و میدیاكارە نابەرپرسیارەكان و كەسانی خائین و نادڵسۆز بە نیشتمان دەیانەوێت شاری سلێمانی لەم كاروانەی كوردایەتی و بارزانی داببڕن؟ ئەوانە هەر جارەو بە درۆیەكی نوێ و بە دروشم و بەڵێنێكی بریقەداری پڕ لە فێڵ و ساختەكاری دەیانەوێت راستتیەكان لە پێناوی رازیكردنی ئاغا و قەومچییەكان و مەزهەبییەكان بشارنەوەو نەوەكانی ئەمڕۆ هەڵخەڵەتێنن، بەڵام ئەزموونەكانی رابردوو پێمان دەڵێن مێژووی ئەو ساختەكارە سیاسی و فێڵبازە بازرگان و سیاسەتمەدارە بچووكانە كورتە، گەلی كوردستان و سلێمانییەكان لە پاڵ دەستە خوشكەكانی شارەكاندا بۆ دواوە ناگەرێنەوە و جارێكی تر بۆ شۆڤێنی و مەزهەبچییەكانی عێراق دەیسەلمێنن: ئێوە رقتان لە كێیەو لەكێ دەترسن كە سەربەخۆیی بۆ كورد دابین بكات، ئێمە دەنگ بەو دەدەین و بەهێزەوە دەیگەڕێنینەوە ناو پەرلەمانی عێراق. شاری سلێمانی دەنگ بە كاندیدێك دەدەن لە بەغدا سازش نەكات لەسەر كوردستانییەتی كەركووك و سەربەخۆیی كوردستان، دەنگ بە پارتی دیموكراتی كوردستان دەدەن، ئەو پارتەی رێگای لە داعشە تیرۆریستەكان گرت كە كورستان كاول بكەن، هەروەكو چۆن رێگای لە حەشدو تاڵانچییەكانیش گرت لە پردێ و سحێلاو مەخموورو مەحمودییە، پارتی دیموكراتی كوردستان و پێشمەرگەكانی بوون رێگرییان لە پاوانخوازیی داگیركردنی خاكی كوردستان و تاڵانكردنی ماڵ و حاڵی كوردان كرد. پارتی شكست بە نسكۆ و گەمارۆ و بڕینی بودجەو مووچەی خەڵك هێنا، ئەمڕۆ لە پایتەختی كوردستان گەورەترین كونسوڵخانەی ئەمریكا لەجیهاندا دەكرێتەوە، جیهان لەسایەی قارەمانێتی پێشمەرگەدایە كە رێگەی نەدا بەغدا و تاران و ئەنقەرە كوردستان داگیر بكەن.
ئەمریكاو رۆژئاوا پێویستان بە بارزانی هەیە بۆ رێكخستنەوەی عێراقە شكستخواردووەكەی دوای داعش، سەردانی شاندە بەرزەكانی ئەمریكاو وڵاتان ئەو راستییە دەسەلمێنن لە ئێستادا لەهەموو كات زیاتر دۆخەكە پێویستی بە بارزانی هەیە، رێزگرتن و بەرزڕاگرتنی ناو و ناوبانگی سەركردەكان نەریتێكی بەجێماوی باوك و باپیرانمانە، چەند قین لەدڵان و خۆفرۆشان هەوڵی لەكەداركردنی پیرۆزییەكانی نیشتمان و نەتەوەكەمان بدەن، بەڵام بۆیان ناچێتەسەر و خۆری كاروانی نەتەوەیی بەردەوام و رۆژانە هەڵدێتەوە و سلێمانی لە ریزبەندیی پێشەوەی شارە نەتەوەییەكان دەمێنێتەوە و دایكی نیشتمانیش پێویستی بە یەكڕیزی و تەبایی رۆڵەكانی هەیە. هەر بۆیە لەناو جەنجاڵی سیاسەت و پشێوی راگەیاندكارانی شارەكەم و دەجالەكانی سیاسەتدا كوردایەتیی سلێمانی هەر دەمێنێت.