جام کە پڕ بوو لێ دەرژێت

جام کە پڕ بوو لێ دەرژێت

ناونیشانی سەرەوە جێگای سەر سووڕمانی گەلێک کەس دەبێت و زۆرێک قسەکان و بابەتەکە بە بەرژەوەندی کەسی نازانن ، بەڵام ھەموو کات بەرژەوەندیەکانی پارتی و میللەتەکەم لە پێش بەرژەوەندیە تایبەتیەکانمەوەن ، لێرەوە دێمەوە سەر ناوەڕۆک و ئەسلی بابەتەکە ئەویش ووتارە مێژووییەکەی جێگری سەرۆکی پارتیمانە لە ھەڵمەتی بانگەشەی ھەڵبژاردن لە شاری سلێمانی بۆ لیستی شەھیدان و بەرخودان و سەروەرییەکان لیستی پێشمەرگە و داستانەکان و لیستی ریفراندۆم و سەربەخۆیی ، لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقی فیدڕال .
ئەوەی لە ماوەی بیست و چوار ساڵی رابردوو بەرامبەر بە پارتی دەکرێت لە ئیرھابی فیکری و ناشرین کردنی پارتی لە سنووری دەسەڵاتی یەکێتی و پارێزگای سلێمانی و گەرمیان و ھەڵەبجە و راپەڕین و تۆمەت بەخشینەوە و دژایەتی کردنی پارتی و بارزانی لە پێناو دەسکەوتی زیاتر و بۆ حزبەکانیان و شەڕی دەروونی کردن لەگەڵ دۆست و ھەڤاڵ و لایەنگر و ھاوادارنی پارتی لەم سنوورە ئیدی سنوورەکانی تێ پەڕاند وەک کورد گووتەنی "ھەموو شتێک بە خوێ و خوێش بە مانا " ، پارتی بە رابەرایەتی جەنابی سەرۆک بارزانی ھەموو ئەمانەی قەبووڵ کرد تەنھا لەبەر یەک ریزی نێو ماڵی کورد و دەستەبەرکردنی مافی رەوای گەلی کوردستان و گەیشتن بە ئامانج و مافی چارەی خۆنووسین و سەربەخۆیی گەلی کوردستان ، بەڵام مخابن لەو دەڤەرە بۆتە کەلتووری حزبایەتی وەک ئەوەی لە نێو عەرەبە شۆڤینیەکان دەگوزەرێی کێ لەم پارت و لایەنانە ، کە ھەر رۆژەو باڵێک و کەسێکی نوێ و بەناوێکی نوێ جیا دەبێتەوە رەکابەرایەتی لەسەر ئەوە دەکەن کامیان زیاتر دژایەتی پارتی بکەن بۆ زیاتر کردنی دەنگەکانیان ، چونکە بەداخەوە ئەوە زیاتر لە بیست ساڵە پەروەردەی قوتابخانەیەکی ئیرھابی فیکری کراون بۆ دژایەتی کردنی گەلی کوردستان و سەربەخۆیی و خۆشگوزەرانی بە مەرامەی خۆ بە پاڵەوان کردن و چوونە نێو مێژوو ! بەڵام کام مێژوو ، مێژووی خیانەت و گەڕانەوە بۆ دواوەو و شارچێتی و نەمانی ئینتیمای نەتەوایەتی و گەڕانەوە بۆ ژێر دەستەیی و جاشایەتی و یەکتر قبوڵ نەکردن !؟ .
" ئیتر بەسە " کاک نێچیرڤان بارزانی لە شاری سلێمانیەوە پێ گووتن ئیتر بەسە چەواشەکاری و خۆڵکردنە چاوی میللەت و دژایەتی کردنی پارتی و پارتیەکانی سلێمانی شاری شێخ و بارزانی ، زۆر بە روونی پێ گووتن ئیدی کچی خۆمان قوربانی کوڕی ئێوە ناکەین و زۆر نەفەس درێژ پارتی بەرامبەرت و زۆر موراعاتی کردن بۆ ئەوەی نەبنە پاشکۆ و ملکەچی وڵاتان و کەسانی شۆڤینی و خۆفرۆش نەبن ، بەڵام بێ سوود بوو ، پارتی ھەموو کات ئێوەی کردبووە بار بەسەر شانی کادر و ئەندامانیەوە و بووبنە شەریک و برا بەش لە دەسکەوتەکان ، کەچی بۆ مەرامی سیاسی کورسی تۆمەت و جاشایەتی و خیانەتی خۆتان بە پارتی دەفرۆشنەوە ، پارتی و ئەم جارە لە شاری شێخ و بارزانیەوە پێتان دەڵێت ئەم ھیچی دیکە جێگای قەبووڵکردن نیە و رێگا بە کەس نا دەین زیاتر خەڵکی سلێمانی بکات قوربانی ململانی نێو باڵ و باڵخوازیەکانی خۆتان و شەڕی خۆتان بەم شار بکەن و ئیرھابی فیکری دژ بە پارتی پەیڕو بکەن ، جێگری سەرۆکی پارتی ھات و ورەو پشت و پەنای بۆ خەڵکی سلێمانی ھێنایەوەو پێ گووتن گۆڕانکاری لێرەوە دەکەین و سلێمانیش وەک ھەولێر و دھۆک لێدەکەین و ھیچی دیکە رێگا نادەین ئەو ئیرھابە فیکریە بەرامبەر پارتی و دەروێشانی رێبازی بارزانی و قوتابخانەی مەلایی جێبەجێ بکرێت و پێتان دەڵێن ئیتر بەسە و کورد گووتەنی " جام کە پڕ بوو لێ دەڕژێت ".
Top