میدیای کوردی و بانگەشەی ھەڵبژاردن

میدیای کوردی و بانگەشەی ھەڵبژاردن
لە کاتێکدا کە یادی ١٢٠ ساڵەی دەرچوونی یەکەمین ژمارەی ڕۆژنامەی کوردستان لە قاھیرە لەلایەن مقداد مەدحەت بەدرخان دەکەینەوە، ھاوکاتە لەگەڵ ھەڵمەتی بانگەشەی ھەڵبژاردن بۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، کە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ئەو بانگەشەیە فراوانتر و گروتینی زیاتر بەخۆیەوە دەبینێت، ئەم ھەڵبژاردنە بۆ عێراق و ھەرێمی کوردستان گرینگییەکی تایبەتی ھەیە.
میدیا لەم سەردەمەدا، بووەتە بەشێکی ژیان، سیفەتی ئاڕاستەکردنی کۆمەڵگەی ھەیە، لە جیھانی ئەمڕۆماندا ئامرازەکانی ڕاگەیاندن وەک تەلەفزیۆن، ڕادیۆ، ڕۆژنامە، گۆڤار و ئینتەرنێت لە ڕێگەی بڵاوکردنەوەی زانیارییەکان و ئالوگۆڕی بیروڕا، ڕۆڵێکی یەکجار گەورەی لەبەرەو پێشبردنی کولتوور و شارستانیەتی نێوان وڵاتان ھەیە، بۆیە زۆربەی زانایان و پسپۆرانی بواری ڕاگەیاندن، ئەم سەردەمە، بە (سەردەمی پێوەندی) ناو دەبەن.
میدیا بریتییە لە پەیوەندیکردنی نێوان نێرەر و جەماوەر کە لە ڕێگەی ئامراز و ھۆکارێکی میدیاییەوە پەیامەکەی دەگوازرێتەوە، ئەستەمە " پاڵێوراو و کاندێدا"کانی پارتە سیاسییەکان بەبێ ھەژموونی میدیا بتوانن سەرکەوتن لە پڕۆسەی ھەڵبژاردن بەدەست بھێنن.
ھێزە ڕکابەرەکان، لە کاتی بانگەشە، زۆر شت ئاراستەی یەکتر دەکەن، تا دەکاتە تۆمەت دروست کردن و ھەڵدانەوەی لاپەڕەی کۆن، بەجۆرێک زۆر جار بنەماکانی ئیتیکی کاری ڕۆژنامەنووسی پێشێل دەکەن، ئەمەش کاردەکاتە سەر ئاسایشی کۆمەڵایەتی و نائارامی دروست دەکات.
گەشەی میدیایی پێوەندییەکی ڕاستەوخۆی بە دیموکراسییەوە ھەیە، میدیا بەگشتی و تەلەفزیۆن بە تایبەتی لە وڵاتانی پێشکەوتوو، زۆر جار، جۆرێک لە کاریگەری دروست کردووە و ڕای گشتی ئاڕاستە کردوە.
ئێمەی کورد لە ناوچەیەکدا دەژین پڕە لە کێشە و ململانێی مێژوویی نێوان نەتەوە و دەوڵەتان، لەبەر زۆری ھەڕەشە و فراوانی مەترسییە نێوخۆیی و دەرەکییەکان، پاراستنی ئاسایشی نیشمانی لە کاتی ھەڵبژاردن، پێویستی بە ھەنگاوی ژیرانە و ھۆشیارانە ھەیە، بەداخەوە، ھەندێ جار لە کاتی ھەڵمەتی بانگەشەی ھەڵبژاردن بەشێوەی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ، ھەندێ لە بەربژێرەکان دەسکەوتەکانی ھەرێمی کوردستان دەکەنە ئامانج.




Top