با ھەمووان ژینگەپارێز بین

با ھەمووان ژینگەپارێز بین
یەکێک لە مەترسیە گەورەکانی سەر ژیانی مرۆڤ لە زەویدا بە تایبەتی لە وڵاتە تازە گەشەکردووەکان، پیسبونی ژینگەیە، کە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ کاردەکاتە سەر تەندروستی مرۆڤ و گیانلەبەرەکانی دیکەش، بۆیە دەکرێت ھەر یەکەمان لە شوێنی خۆمان ژینگەپارێز بین.
ھۆکارەکانی پیسبوونی ژینگە
یەکەم: بەھۆی زیادبوونی ژمارەی دانیشتوان لەسەر زەوی و زیاتر پەرەسەندنی پیشەسازی بۆ پڕکردنەوەی پێداویستی دانیشتوان، کاریگەرییەکی گەورە لەسەر پیسبوونی ھەوا، ژینگەی وشکانی و ئاوی دادەنێن لە ڕێگەی پاشماوە کیمیاوییەکانیانەوە.
دووەم: زیادبونی ژمارەی ئۆتۆمبێل کە لە ڕێگەی گازی یەکەم ئۆکسیدی کاربۆنەوە دەبنە ھۆی پیسبوونی ھەوا.
سێیەم: ناھۆشیاری دانیشتوان بە تایبەتی لە وڵاتە تازەگەشەکردووەکان و گرینگی نەدان بە ژینگە.
کاریگەرییەکانی پیسبوونی ژینگە
بەھۆی پیسبونی ھەوای زەوی، چینی ئۆزۆن زیانی پێدەگات، ئەم چینە سوودەکەی ئەوەیە ڕێگری دەکات لە تیشکە زیانبەخشەکانی خۆر، بە نەمان یاخود لاوازبونی چینی ئۆزۆن تیشکە زیانبەخشەکانی خۆر دەگەنە مرۆڤ و پلەی گەرمی زەویش زیاد دەکات، ھەر بۆیە پێشبینی دەکرێت لە پەنجا ساڵی داھاتوو، پلەی گەرمی لە جیھاندا بە رێژەیەکی زیاتر بەرز ببێتەوە، ئەمەیش زیانی زۆری ھەیە:
یەکەم: بەرزبونەوەی پلەی گەرمی لەش، ھۆکارێکە بۆ شێرپەنجەی پێست و بورانەوە و مردن.
دووەم: زیادبوونی نەخۆشییەکانی سی و دڵ.
ڕۆڵی تاک لە نەھێشتنی پیسبوونی ژینگە
تاک دەتوانێت ئەو زبڵ و خاشاکەی لەدوای بەحێ دەمێنێت، فرێ بداتە بۆ ناو تەنەکەی زبڵ.
دووەم: دوورکەوتنەوە لە ئاگرکردنەوە و سووتاندنی پاشماوەکان.
سێیەم: بەکارھێنانی ئامێری گواستنەوەی تەندروست وەک پاسکیل کە جگە لەوەی ھیچ زیانێکی بۆ ژینگە نییە بۆ تەندروستی مرۆڤیش باشە.
ئەو ماوەیەی کە پێویستە بۆ شیبوونەوەی ماددە جیاوازەکان لە سروشتدا
بتڵی پلاستیکی ٤٥٠ ساڵ، عەلاگە ١٠ تا ١٠٠ ساڵ، دایبی منداڵان ٢٥٠ تا ٥٠٠ ساڵ، قووتوی بیبسی ٨٠ تا ٢٠٠ ساڵ، پاشەڕۆی خۆراک نزیکەی ٦ مانگ، شووشە بە ھەزار ساڵ.
ڕۆڵی حکوومەت لە نەھێشتنی پیسبوونی ژینگە
دەکرێت حکوومەت ڕۆڵی کارای ھەبێت لە نەھێشتنی پیسبوونی ژبنگە بەھۆی گرتنەبەری چەند ڕێکارێک لەوانە:
یەکەم: دانانی یاسای تایبەت بە پیسبونی ژینگە.
دووەم: دروستکردنی چەندین کارگە بۆ دووبارە بەکارھێنانەوەی ماددەبەکارھاتووەکان.
سێیەم: سزادانی ئەو کەس و لایەنانەی دەبنە ھۆی پیسبوونی ژینگە.
چوارەم: ھاندان و پاڵپشتیکردنی ڕێکخراوە ناحکوومیەکانی تایبەت بە پاککردنەوەی ژینگە.
Top