له‌ سووریه‌ی کاولکراودا لووتی ئێران ده‌شکێ!

له‌ سووریه‌ی کاولکراودا لووتی ئێران ده‌شکێ!
ئه‌گه‌ر شیکارییه‌کی سیاسی بۆ دۆخی ناوچه‌که‌ و به‌تایبه‌تی ئێران و سووریه‌ بکه‌ین، دواتر له‌ چه‌ند دێڕدا چڕی بکه‌ینه‌وه‌، ڕه‌نگه‌ له‌م چه‌ند پرسیار و بۆچوونانه‌دا‌ به‌رجه‌سته‌ بکرێن:
• دوای کۆمه‌ڵکوژییه‌که‌ی سوپای سووریه‌ به‌ چه‌کی کیمیایی و به‌کارهێنانی گازی ژه‌هراوی له شاری‌ دۆما–ی نزیک له‌ پایته‌ختی سووریا که‌ سه‌دان هاووڵاتی سڤیلی کرده‌ قوربانی، ئایا وڵاتانی زلهێز جارێکی دی ته‌نیا به‌ ئیدانه‌کردنێکی نووسراو، یان وتارێک له‌ پشت مایکی میدیاکاندا په‌سه‌نده‌ ده‌که‌ن، یان بژاری سه‌ربازی له‌ دژی به‌شار ئه‌سه‌د به‌کار ده‌هێنن؟
• به‌ له‌به‌رچاوگرتنی ئۆڵتیماتۆمی ڕووسیه‌ سه‌باره‌ت به‌ ئه‌گه‌ری بژاری سه‌ربازی له‌ دژی سووریه‌ له‌لایه‌ن وڵاتانی ئه‌ورووپی و ئه‌مریکا‌، ئایا ده‌کرێ ئه‌و بژاره‌(بژاری سه‌ربازی) به‌ کرده‌یی بکه‌ن؟
• ڕووسیه‌ نه‌ک پشتیوانی، بگره‌ پاکانه‌ی ناڕه‌وا و نامرۆڤانه‌‌ بۆ تاوانه‌کانی به‌شار ئه‌سه‌د–ی بکوژی ژن و منداڵ ده‌کا، له‌ ئێستاشدا به‌ جێگیرکردنی ژماره‌یه‌کی زۆری‌ سه‌ربازه‌کانی له‌ شاری کاولکراوی "دۆما"، هه‌وڵی سڕینه‌وه‌ی ئاسه‌واره‌کانی به‌کارهێنانی گازی ژه‌هراوی ده‌دا، ئایا کۆمه‌ڵگه‌ی جیهانی چۆن ڕووبه‌ڕووی ئه‌و کاره‌ساته‌ ده‌بێته‌وه‌؟

• دوای ئه‌وه‌ی کابینه‌ی ئینگلیس پشتیوانی له‌ بڕیاری خانمی سه‌رۆک وه‌زیرانی ئه‌و وڵاته‌(تێرزا مای) کرد بۆ به‌کارهێنانی بژاری سه‌ربازی له‌ دژی به‌شار ئه‌سه‌د، ئایا له‌ ئێستادا بۆ هێرشی هاوبه‌شی ئه‌مریکا، فه‌ڕانسه‌ و به‌ریتانیا چاوه‌ڕوانی کاتژمێری سفر ده‌کرێ؟
• بۆچی‌ هێزه‌کانی سوپای قودسی ئێران له‌ بنکه‌ و پێگه‌ سه‌ربازییه‌کانی وه‌ک "ئه‌لقه‌سیر" له‌ ده‌ڤه‌ری که‌فه‌‌رمووسا، "ناسریە" له‌ جیروود-ی سنووری لوبنان، "زه‌میر" له‌ باکووری ڕۆژهه‌ڵاتی دیمه‌‌شق، "ئه‌لئیدارە" له‌ نزیکیی ئه‌لسویدا، "حه‌ما" و "ئه‌لکسوە"، فڕۆکه‌خانه‌ی "مزە"و سه‌بازخانه‌ی "خلخلە" له‌ دیمه‌‌شق کشاونه‌ته‌وه‌ و خۆیان له‌ نێو شاره‌کاندا ئاوێته‌ی خه‌ڵکی سڤیل کردووه؟‌
• تورکیه‌ سه‌ره‌ڕای ڕێککه‌وتنه‌کانی له‌گه‌ڵ ئێران و ڕووسیه‌ بۆ پالاماردانی عه‌فرین و شه‌ڕی کورد، خوازیاری به‌لاوه‌نان و کۆتاییهاتنی ده‌سه‌ڵاتی به‌شار ئه‌سه‌ده‌، به‌ڵام ئایا ده‌کارێ له‌ یه‌ک کاتدا هه‌م ڕووسیه‌ و ئێران، هه‌م ئه‌مریکا و هاوپه‌یمانانی ڕازی بکا؟
• به‌پێی زانیارییه‌کان تا ئێستا 20 فڕۆکه‌ی جه‌نگیی سووریه‌ له‌ جۆری سوخۆی 22 له‌ ئاسمانی عێراقه‌وه‌ ڕه‌وانه‌ی ئێران کراون و له‌ "پایگاه شکاری ١٥ "ی کرماشان و "پایگاه شکاری فکوری" ته‌ورێز حه‌شار دراون، به‌شار ئه‌گه‌ر زۆر به‌ پشتیوانیی پوتین پشت ئه‌ستووره،‌ بۆچی فڕۆکه‌کان و ته‌نانه‌ت خانه‌واده‌که‌شی بۆ تاران گواستووه‌ته‌وه؟
• خه‌ونی گه‌وره‌ی ئایه‌توڵا عه‌لی خامه‌نه‌ئی و سوپای پاسدارانی ئێران، خۆیان گوته‌نی سڕینه‌وه‌ی "سه‌هیوونیزم"ـه‌ له‌سه‌ر نه‌قشه‌ی جیهان و بۆ گه‌یشتن به‌ "قودس"یش "سوپای قودس" و ده‌یان سوپاو میلیشیای جۆراوجۆریان پێکهێناوه‌، بۆ پێکانی ئامانجه‌که‌شیان ده‌یان میلیارد دۆلاریان له‌ بنکه‌کانی بن عه‌ردی سارۆخ و چه‌کی دوورهاوێژ و پڕۆژه‌ی چه‌کی ناوکی له‌ سه‌ر حیسابی قووتی خه‌ڵک ‌به‌فیڕۆ داوه‌، به‌ڵام ئایا ئیسڕائیل پاروویه‌کی چه‌وره‌ که‌ به‌ ئاسانی بتوانن قووتی بده‌ن، یان ئیسڕائیل لێیان ده‌بێته‌ ئیزڕائیل و له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانه‌کانی دار به‌ ڕۆحیاندا ده‌ده‌ن؟
• له‌ سه‌روبه‌ندی هه‌ڕه‌شه‌یه‌کی نێوده‌وڵه‌تی به‌ ئامانجی هه‌ڵدێرانی ته‌ختی به‌شار ئه‌سه‌د، سازدانی "کۆنفڕانسی قودس" له‌ دیمه‌شق و به‌ دروشمی: "قودس ئامانج و مەبەستمانە"چ لێکه‌وته‌ و کاردانه‌وه‌یه‌کی ده‌بێ؟
وه‌ڵامی ئه‌و پرسیارانه‌ بۆ پسپۆڕ و توێژه‌رانی سیاسی به‌ جێ ده‌هێڵم و له‌ کۆتاییدا ته‌نیا جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌که‌مه‌وه‌ که‌ کۆمه‌ڵگه‌ی جیهانی به‌گشتی و ته‌نانه‌ت سه‌رانی کۆماری ئیسلامیی ئێران باش ده‌زانن که‌ پاوانخوازی و ده‌ستتێوه‌ردانه‌کانی ئێران له‌ کاروباری وڵاتانی وه‌ک عێراق و سووریه‌ و یه‌مه‌ن، تای شه‌ڕێکی گه‌وره‌ی له‌ ناوچه‌که‌دا به‌رزکردووه‌ته‌وه. ئێران ‌له‌ ده‌ره‌وه‌ی سنووره‌کانی شه‌ڕی نه‌یارانی کردووه‌ و به‌ وته‌ی زۆربه‌ی سه‌رۆک وڵاتانی جیهان گه‌وره‌ترین پشتیوانی تیرۆریسمه، له‌ ناوخۆی وڵاتیشدا دوای چین، ئاماری له‌سێداره‌دانی به‌رهه‌ڵستکار و جیابیرانی پله‌ی یه‌که‌می له‌ ڕیزبه‌ندی وڵاتانی جیهاندا هه‌یه‌. بۆیه‌ حه‌ق وایه‌ هه‌ر له‌ سووریه‌ی کاولکراودا لووتی ئێران بشکێ و خه‌ونه‌کانی وه‌لی فه‌قیهی ئێران بکرێته‌ بڵقی سه‌ر ئاو که‌ وه‌ک "هه‌شت پێ" په‌ل بۆ چوارده‌وری ده‌کوتێ و باکیشی له‌ ئه‌نجامدانی هیچ تاوانێکی جه‌نگی نییه‌، ئه‌گه‌ر لانیکه‌م پێیه‌کی ئه‌م هه‌شت پێیه‌ نه‌بڕنه‌وه، ئه‌وا سه‌رکێشییه‌کانی لافاوێ له‌ خوێنی خه‌ڵکی سڤیل و بێتاوانی ناوچه‌که‌ و جیهانی لێ ده‌که‌وێته‌وه‌. پێویسته‌ پوتین خۆی ساغ بکاته‌وه و واز له‌ پاکانه‌کردن بۆ خوێنڕێژان بهێنێ‌، ئه‌وه‌ش نادیده‌ نه‌گرێ که‌ ئیراده‌ی گه‌لانی به‌شمه‌ینه‌ت و بنده‌ستی کۆماری ئیسلامیی ئێران و ئازادیخوازانی جیهان کۆتایی به‌ ته‌مه‌نی نه‌گریسی سته‌مکاران ده‌هێنێ.

Top