پارتیانە لە بەغدا

پارتیانە لە بەغدا
دواین خولی پەڕلەمانی عێڕاق و نوێنەرایەتی کردنی کورد تێیدا سەرکەوتوو نەبوو ئەگەر بە پێوەری نەتەوەیی و نیشتیمانی هەڵسەنگاندیان بۆ بکەین چونکە ئەوان لە بەغدا نوێنەرایەتی ماف و ئامانجە نەتەوەیی و نیشتیمانیەکانی خەڵکی کوردستان دەکەن.پەرتەوازەیی فڕاکسیۆنە کوردستانیەکان و خۆ تەسلیمکردنی ژمارەیێک پەڕلەمانتار بە ئەجێندای ئەو لایەنانەی کە دوژمنایەتی هەرێمی کوردستانیان بە ئامانجی گەورە و پیرۆز داناوە،دیارترین هەڵویستن کە نوێنەرانی کوردیان پێ دەناسرێنەوە،لەگەڵ ئەوەش فڕاکسیۆن و ژمارەیەکی زۆری پەڕلەمانتاران بە هەموو توانا و دڵسۆزیەوە تێکۆشاون بۆ بەرگریکردن لە مافە دەستوریەکانی خەڵکی کوردستان،بەڵام بە هۆی هەبوونی ئەو کەلێنە کە هەندێک فڕاکسیۆنی کوردستانی و لەناویشیاندا چەند پەڕلەمانتارێک دروستیان کرد پێگەی کورد لە بەغدا بەرەو لاوازی برد.پەڕلەمانتارانی پارتی لە بەغدا زۆرترین فشاریان لە سەر بوو لە لایەن فڕاکسیۆنە عەرەبیەکان بە شیعە و سوننەوە هەروەها فشاری ژمارەیەک فڕاکسیۆنی کوردستانی کە هاوهەڵوێستی عەرەب بوون،بەڵام نە فڕاکسیۆن وەک درێژبوونەوەی سیاسەتی پارتی لە هەولێرەوە بۆ بەغدا هەروەها نە پەڕلەمانتارێکی پارتی وەک نوێنەرانی مافە نەتەوەیەکان تەنازولیان نەکرد و دەستبەرداری تێکۆشان نەبوون بۆ پاراستنی مافە دەستوریەکان.سیاسەت و ستراتیژیەتی پارتی لە بزاڤێکی نەتەوەیی و نیشتیمانی سەرچاوەی گرتووە کە مستەفا بارزانی چوارچێوەکەی بۆ کێشاوە کە پارتیەکان لە هەر دۆخێک و دەمێکدا بن هێزی لێوەردەگرن و لە بەردەم دۆست و دوژمنان دانامێنن بە تایبەتی لە پێناو ئامانجە نەتەوەیی و نیشتیمانیەکاندا.ئەزموونی پارتی لە بەغدا لە حیزبە کوردستانیەکانی دیکە زۆرترە و مێژووەکەشی درێژترە و لە چەند قۆناغێکی جیاوازیش بەغدای کردۆتە ناوەندی تێکۆشان لە پێناو وەدیهێنانی ئەو مافانە،لە سەرەتای ساڵانی شەستەوە تا بە ئەمڕۆ دەگات لە چوونی شاندە دانوستانکارەکانی شۆڕش تا بەیانی یازدەی ئازار و چوار ساڵی ئەزموونی حوکمی زاتی و پاشانیش قۆناغی دوای ڕاپەڕین تا بە قۆناغی ئێستامان دەگات لە دەرئەنجامی ڕوخانی رژێمی سەدام وەبەر هاتووە،لەو مێژووە درێژە کەس و زروفەکان گۆڕان بەڵام هەڵوێستە نەتەوەیەکانی پارتی گۆڕانیان بەسەر دانەهات.لە مێژووی پارتیدا چەند پەند و ڕوداوێک هەن کە بۆ ئەوڕۆ باشترین بەرچاو ڕوونین کە لە کلتور و فەلسەفەی کاری بارزانی نەمر بە زیندووی ماونەتەوە، لە سەروبەندی ڕێکەوتنی شۆڕش بە سەرۆکایەتی مستەفا بارزانی لەگەڵ حکومەتی عێڕاق لە ساڵی ١٩٧٠ حکومەتی عێڕاق داوا دەکا شاندێکی کوردستان بچنە بەغدا بۆ ڕێکەوتنی کۆتایی، مەکتەبی سیاسی بە بارزانی دەڵێن کێ لە شاندەکە دابنێنن، بارزانی پێیان دەڵێ هەر کەسێک دادەنێن گرفت نیە و ئێوە ئازادن تەنها ئەو کەسانە دامەنێن کە چاویان لەوەیە لە بەغدا پۆست وەرگرن یان بەرژەوەندی شەخسیان هەبێت، ئەو وەڵامەی بارزانی نەمر بۆ ئێستا جوانترین و عەقڵانیترین پێوەرە کە پێویستە هەموو حیزبەکانی کوردستان بیکەنە مەرجی دیاریکردنی بەربژێرەکانیان و دەنگدەرانی کوردستانیش هەقە ئەوە بکەنە مەرجی دەنگدانیان بە لیست و کەسەکان،ئەوانەی لەو خولەدا لە حیزب و کەس لە بەغدا نوێنەرایەتی خەڵکی کوردستانیان کرد ئەوەیان سەلماند تا چەند پێگیرن بە خاک و نەتەوەی خۆیان و تا چەندیش ئامادەن خۆیان و خاکیان هەڕاج بکەن و خوێنی سەت ساڵ ڕژاوی گەلی کورد و مافە ڕەواکانی بە چەند دەسکەوتێکی حیزبی و شەخسی بگۆڕنەوە.



* سه روكى ريكخراوى ئاريانا
Top