دنیا لە گۆڕان دایە

دنیا لە گۆڕان دایە
شەری سوریە زۆری خایاند و ئێران لەو شەرەدا و هەروەها لە ناجێگیریی عیراق دا دەوری بەرچاوی گێرا، بە هیوای ئەوە کە خالی هاوبەش لەگەل روسیا لە سەر دوور خستنەوەی رۆژئاوا و بە تابیەت ئامریکا لە ناوچەدا پەیدا بکات بە قوولی بەشداری کرد لە ناسەقامگیریی ولاتانی ناوچە و چەسپاندنی نفۆزی تێکدەرانەی خۆیدا. ئەم بەشداریی و رۆل گێرانە لە تێرۆریزم و ئاژاوەدا سەروەت وسامانی ولاتی بە هەدەر دا و ئابووریی ئێستا و داهاتووی ئێرانی رووبەرووی مەترسی نەمان و رووخان کرد.
میللەتی کورد لە دوای سالانێکی زۆر ئەو هێز و توانا و سەرکردایەتییەی بە خۆیەوە دی کە بانگی سەربەخۆیی جار بدات، لەبەر دوور کەوتنەوەی ئامریکا لە ناوچە و بەتایبەت لەبەر هاتنە ئارای ئیدارەی نۆێ کە جێگیر نەببوو، هەر چوار دەولەتی داگیرکەری کوردستان بە هەموو هێزەوە هێرشیان کردە سەر دەستکەوتەکانی میللەتی کورد بە تایبەت لە باشور و هەروەها لە رۆژئاوادا و پشتیان بەست بە دیسکۆرسی کلاسێکی سەردەمی شەری ساردی رۆژئاوا.
بەلام بە جێگیر بوونی ئیدارەی نۆێ ئامریکا و داریشتنی ستراتێژی نۆێ بە نیسبەت زۆربەی بەشەکانی سیاسەتی دەرەوە هەموو کارتەکان خەریکن هەڵدەگەرێنەوە.
لە چەند رۆژی رابردوودا شاهیدی کۆکردنەوەی هێزی نیزامی زۆر زیاتر لەوەین کە بۆ تەنانەت رووخاندنی ئەسەد پێویستە، بۆیە دەبێ چاوەروانی هەنگاو و رووداوی گەورە بین.
گرینگ بۆ ئێمەی کورد ئەوەیە کە لەم یارییەدا کە گشت یارییکەرەکان لەمە بە هێزترن، بە هۆشیارییەکی مێژووییەوە جوولە بکەین. خالێکی گرینگ بۆ سەرکەوتووبوونمان لەم رێرەوەدا بریتییە لەوە کە جێگۆرکە بە تاکتیک و ستراتێژی نەکەین، دەنا سەر لە خۆمان و دۆستانیشمان دەشێوێنین. لە زۆربەی ولاتانی دنیادا ئەگەر ٢٠لە سەدی سیاسەتی دەرەوە دیار و ئاشکرایە ٨٠ لەسەدی نەهێنییە و پێدەگۆتری دیپلۆماسی بێ دەنگ.
لە بەشی ئاشکرا ی سیاسەتی کوردییدا دەبێ پراگماتیک بین و مەبەستی سەرەکیش پاراستی بەرژەونەدی هەنووکەییمان بێت کە بریتیە لە خۆ بە هێز کردن لە سەر خاکی خۆماندا.
لە بەشی نەهێنیدا دەبێ روون وئاشکرا کار بکەین بۆ راکێشانی سرنجی ئاکتۆرە سەرەکییەکان بەرەودابینکردنی بەرژەوندی ستراتێژیکی خۆمان کە بریتییە لە پرسی سەرەکی میللەتی کورد کە دامەزراندنی دەولەتی سەربەخۆی کوردستانە.
دەستکاریی سنووران کارێکی زۆر ئەستمە، بە هێزی گەورە نەبێ ، مومکین نییە ، ئیدارەی ئێستای ئامریکا و هاوپەیمانانی ئەو هێزەن کە بتوانن بارێکی ئاوها قورس بگرنە ئەستۆ، ئامانجی ستراتێژیک ی سیاسەتی کوردی دەبێ بریتی بێ لە راکێشانی سرنجی ئەم هاوپەیمانییە مێژووییە بەرەو ئەم ئەرکە مێژووییەوە. با بزانین چ دەکەین و چیمان پێدەکرێ و چییان پێدەکرێ.
حوسێن کوردنەژاد
Top