با ئاگادار بین

با ئاگادار بین
ئێستا کە هێرشی هاوبەشی ناوچەیی بۆ رووخاندنی هەریم وەک قەوارە سەری نەگرت و ئێستا کە کورد هەنگاو بە هەنگاو جارێکی تر جێ پێ خۆی مەحکەم دەکاتەوە و باس لە گەرانەوەی هێزی کوردستان بۆ ناوچە کوردستانییەکان دەکرێت و ئێستا کە جۆرێک دلنیایی دابینکردنی مووچە وەدەست هاتووە و ئێستا کە ئامریکا باسی بە جێ هێشتنی سوریادەکات و فەرانسە بۆ پالپشتی کورد قۆلی هەلمالیوە و ئێران و تورکیا و روسیا لە کۆبوونەوەدان و عێراق و کوردستان بەرەو هەلبژاردن دەروات.
هەم دروستە هەم حەقە و هەمیش رەوایە کە داوا لە حیزب و قەلەم بەدەستانی کورد بکەین، کە هەولەکانی خۆیان چڕتر بکەن بۆ تێگەیشتن لە بارو دۆخە گشتییەکە و کەمتر خۆیان تەرخان بکەن بۆ رووخاندن و نەهێشتنی هیوا لە ناو میللەتدا.
ئەوەی زیاتر باسی پاراستنی کورد و دەستکەوتەکانی لە ناوچە دا بکات و رووداوە چارەنووس سازەکان بخۆێنێتەوە و بەو پێێەش هەڵس وکەوت بکات ، زیاتر جێ رێز و پێزانینە، ئەوەی زیاتر لە پەرتەوازەیی و بێ هیوا کردنی کورد خۆی ماندوو بکات دڵی دوژمنان خۆش دەکات و کورد و کۆمەلگای ماندوو دەکات.
کەم و کۆرییەکان پێویستیان بەکار و زەحمەتە لە پێناو چارەسەرییاندا نەک ئەوە کە ببینە ئامرازی رووخانی زیاتری کورد، دەبێ لەو ئاستەدا بین و دەبێ ببینە هێز و قەلەمی چارەسەری. بزانین لایەنەکان لەم ماوەیەدا چ فەرهەنگ و ئاستێکی نیشتمان پەروەریی و کورد بوون لە خۆیان نیشان دەدەن.
Top