ئاسۆی ئێمە، رۆژئاوا و کورد

ئاسۆی ئێمە، رۆژئاوا و کورد
لە ناوچەی ولاتانی رۆژهەلاتی ناوەراست و باکووری ئافریقادا ، داهاتووی ئەو چەمکەی کە پێدەگۆتری، ئاسایشی مرۆڤی زۆر لێلە و هیوا بەخش نییە. ئاسایشی مرۆفی گەشەی ژینگە و ئاسایشی کۆمەلایەتی، ئابووریی و حکمرانی باش و گەشەی مرۆڤی و یەکسانی شانسی ژیان بۆ ژن و پیاو لە خۆ دەگرێتەوە.
ئەو ولاتانە کە خاکی کوردستانیان هێناوەتە ژێر رەکیڤی سەروەریی خۆیانەوە لە چەندین دەهەی رابردوودا نیشانیان داوە کە بۆ چارەسەری ئەم پرسانەی سەرەوە هیچ حەڵلێکیان پێ نییە و تەنانەت خۆیان فاکتۆری خەراپتر بوونی بار و دۆخن.
کورد کە خوازیاریی سەربەستی و وەدەستهێنانی سەرەوەرییە بۆتە هێزێک لە ناوچەدا کە دەتوانێ ئەم ستراکچێرە چەقبەستویەی ناوچەکە بگۆرێت، بەلام هێزی کورد تێری ئەم ئەرکە مێژووییە ناکات.
نەیاران چارەسەرییان پێ نییە ، ئەم راستییە تەنانەت بۆ دنیای دەرەوەش ئیسبات بووە. کورد دەتوانێ بە هاوپەیمانی لەگەل رۆژئاوادا گۆرانی گەورە بەسەر ئەم بار و دۆخەدا بێنێت. بۆ سەرکەوتوو بوون لەم ستراتێژییەدا کورد دەبێ بزانێ رۆژئاوا برتییە لە چی؟ و بەرەو ئەوە هەنگاو بنێت.
رۆژئاوا جوگرافیا نییە ، بریتی نییە تەنانەت لە ئەوروپا و ئامریکا . بەلکوو بریتییە لە ناوەرۆکێک کە ئیدارەی ئابووریی و سیاسەتی ولاتانی پێ پێناسە دەکرێ، بۆ نموونە کە کوریای باشور ئەو سیستمە قەبوول دەکات و پیادەی دەکات دەبێتە بەشێک لەو چەمکە- رۆژئاوا- هەروەها ژاپۆن.
ئەم ناوەرۆکە بریتییە لە قەبوولی مۆدێرنیتە، حکمرانی باش، هەبوونی بروکراسی بێ لایەنی حکومی، بازاری ئازاد ، دێمۆکراسی و پلۆرالیزمی سیاسی و هتد.
هەنگاونان بەرەو ریفۆرم بە مەبەستی رۆیشتن بەرەو چەسپاندنی مۆدێرنیتە ، دەبێتە هۆی پارێزگاریی دنیای رۆژئاوا لە کورد، ئەمە خۆی دەبێتە بەربەست لە پێش دەخالەتی نەیاران لە مەیدانی سیاسەتی کوردییدا و بەم جۆرە کورد دەبێتە خاوەن مالی خۆی و هەر چەندە لەو پرۆسەیەدا بچینە پێش ئەوەندە ئەم دوو رەوتە یەکتر بە هێزتر دەکەن. پشتیوانی زیاتر و دەسترپیشتووی زیاتری کورد لە سەر مەیدانی کردەی سیاسی خۆیدا.
کۆنکرێت، کلیلی دەست پێکردنی کار و هەنگاونان بەرەو پرۆسەیەکی لەم جۆرە ، بریتییە لە دەستنیشانکردنی - دابینکردنی هەڵی کار- وەک خالی یەکەمی ستراتێژی پێشوەچوونی کورد. لە دەوری ئەم خالەدا بازار تەنزیم کەین، یاسای تازە دابرێژین، پرۆسەی تێکدەری کۆکردنەوەی دەستەلات و سەرمایە مەحار بکەین و بێنینە ژێر حۆکمی یاسا و بیخەینە نێو چوار چێوەیەکی یاساییەوە، سیستمی پەروەردە و تەندروستی رێکبخەینەوە و بەوم جۆرە بە گۆێرەی تواناش سەرمایەگۆزاریی پێویست لە ژێرخانی فیزیکی کۆمەلگا دا بکەین.
کە وابوو دووخال بەرجەستە دەبن ، یەکەم، هاوپەیمانی لەگەل رۆژئاوا دا بە شێوەی ستراتێژیک، دووهەم ، دەست نیشانکردنی- دابینکردنی هەڵی کار وەک خالی سەرەکی ستراتێژی کارەکانمان، ئەم دوانە یەکتر بە هێز دەکەن.
ئەم دوو خالەی سەرەوە رێگا خۆشدەکەن کە لە بێ سیاسەتیی ئابووریی ئێستا و تەرکیزی هەموو لایەنەکان لە سیاسەتی دابینکردنی کەش فلۆ- دابینکردنی پارەی نەقد، وەک سیاسەت، دوور کەوینەوە. سیاسەتی ناوچە نیشانی دەدات، بە تایبەت لە دوای رێفراندۆمی سەربەخۆییەوە کە پرسی کورد زیاتر لە جاران بۆتە پرسێکی عاجلی ناوچەیی و جیهانی، کە کورد پێویستی بە رۆژئاوایە و رۆژئاواش پێویستی بە کوردە.
حوسێن کوردنەژاد
Top