دەبێت ڕاستی ڕووداوەکان لەلای هەمووان ئاشکرابێت

دەبێت ڕاستی ڕووداوەکان لەلای هەمووان ئاشکرابێت
ئەوە شتێکی ئاساییە خەڵک لە ڕێگەی خۆپیشاندانەوە ماف و داواکانییان بگەیێنن بە دەسەڵات ، بەڵام ئەوەی ئاسایی نییەو قابلی قبوڵ نییە ئەوەیە کە خەڵکی سڤیل بکرێنە وەسیلەی پڕۆژەی نەیارانی کوردستان.
نەیارانی کوردستان پتر لە سەدان جار ویستوویانە دۆخی ئەمنی و سەقامگیری کوردستان تێکبدەن ، ئەوان نەیانتوانی لە ڕێگەی (ئیرهاب و تیرۆرەوە) پلانەکانییان جێبەجێ بکەن ، بۆیە ئێستا بە بەرنامەو پلانی تۆکمە دەیانەوێت دەزگا ئەمنییەکان لە پێش چاوی تاکی کوردستان کرێت نیشان بدەن.

کۆمەڵێک ڕاستی هەن دەبێت بۆ هەمیشە بیرتان بێت

۱:- دەزگا ئەمنییەکان داموو دەزگای ئەم نیشتیمانەن ، هەموو ئەوانەی لەم دەزگایانەدا شەونخوونی دەکەن و شەوو ڕۆژییان لە خۆیان حەڕام کردووە کوڕ و کچی ئەم نیشتیمانەن ، ئەگەر هەمووان لە یەکتری نزیکیش نەبین ، زۆر دوور نین.
۲:- ساڵانێکی زۆرە نەیارانی کوردستان بۆ ئەوە تێدەکۆشن دۆخی ناوخۆی کوردستان تێکبدەن ، جۆرەهای جۆری ڕێگەیان گرتە بەر ، کەچی ڕۆڵە بە جەرگ و نیشتیمان دۆستانی دەزگا ئەمنییەکان بە ڕووحی پیرۆز و گیانی مەزنییانەوە قەڵغانێک و دیوارێکی کۆنکریتی بوونە لەبەردەم ئەجێندای نەیارانی کوردستان.
۳:- تاکی کورد بەهۆی بوونی ئاساییشێکی بەهێز توانیوویەتی خاوەن شکۆیێکی مەزن بێت ، بۆ هەمیشە بە ئازادی و بێ هیچ ترسێک هەر شتێکی وویستبێت کردوویەتی.
٤:- ئێستا کۆمەڵێک هێزی دڕدۆنک و نا بەرپرس کە هیچکات وەلائییان بۆ خاک و نیشتیمانی خۆیان نەبووە دەیانەوێت دیسانەوە سواری شەپۆڵی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی بن ، ئەوان جگە لەوەی هەمیشە سوپایێکی بەکرێگیراو بوونە هیچیتر نین.
٥:- ڕاگەیاندنێکی نابەرپرس زۆر بە ووردی کار بۆ ئەوە دەکات نەفەسی شارچێتی لە ناخی تاکی کورد چێبکات ، ماکینەیێک کە کۆمەڵێک مرۆڤی بەد بەڕێوەی دەبەن نە کوردن و نە ڕۆژێک دڵییان بە سەرکەووتنی کوردستان خۆش دەبێت کاری لە پێشیینەیان ئەوەیە تاکی کورد فێری ڕق و کەرب و کین بکەن.
Top