کورد رێگای وشکانی لە تورکیا گرتووە

کورد رێگای وشکانی لە تورکیا گرتووە
مەبەست لە هێزی ژیئۆپۆلیتیک بریتییە لە فراوان کردنەوەی پانتایی نفوز و کارتێکەریی ولاتان، هەموو ولاتانی دنیا بۆ ئەم مەبەستە تێدەکۆشن.
ئەم نفوزە لە دنیای مۆدێرندا یان بە رێگای هێژمۆنی سیستم و بەهاکانەوە بووە یان بە رێگای هێزی نیزامی رووتەوە. تورکیا پۆتانسیەلی گەورەی هەیە کە ببێتە ولاتێکی کاریگەر. بە تایبەت پێگەی جۆگرافیایی تورکیا ئەو مەجالە بۆ تورکیا دەرەخسێنێت کە بتوانێ ببێتە ناوەندێکی بە هێز بە تایبەت لە رووی پرسی ووزەوە.
بەلام بۆ وەدیهێنانی خەونەکانی ژیئۆپۆلیتیک دەبێ سیستمی ناوخۆیی پتەو بێ دەنا لە پەڵ هاویشتن بۆ دەرەوەی ولات مرۆڤ دەتوانێ مڵی خۆی بشکێنێ.
با چآو لە ناوخۆی تورکیا بکەین، حیزبێک بە پێگەیەکی ٤٠ لە سەدی دەنگەکانی دەنگدەرانەوە ئەوەی دژیەتی سەرکووت دەکات، ئیدئۆلژییەکی ئیسلامی پەیرەو دەکات لە ولاتێکدا کە رەنگە سێکۆلارترین ولات بوو بێت لە رۆژهەلاتی ناوەراست و باکووری ئافریقادا، نزیکەی ٢٠ لە سەدی دانیشتوانی کوردن و سیاسەتی جینوساید بە نیسبەت کوردەکانی خۆی پەیرەو دەکات. کوالیتی و ئاستی خۆێندەواریی هێزی کاری بە شێوەی مامناوەند هەتا پۆلی نۆە .
حیزبێک کە یەک لە پێگە ئەساسییەکانی بۆ هاتنە سەردەستەلات بزووتنەوەی گولەن بووە و ئێستا ئەو لاقەی خۆی بە مشارێکی کاریگەرەوە بریوە و پارەی گشتی بۆ کەسانی دەستەلاتدار بۆتە بەشێکی ستراکچرال و بریاردەر لە سەر سیاسەتی ئابووریی و بازاری تورکیادا. لە ماوەی چەند سالی رابردوودا سەرچاوەیەکی ئابووریی گەورەی وەک توریزمی گەیاندوتە ئاستی هەرە نزمی خۆیەوە.
ئەم حکوومەت و سیستمە ئێستا خوازیارە کە پەڵ باوێژی بۆ دەرەوەی ولاتی خۆی بە تایبەت کە ئێستا باسی رۆژهەلاتی ناوەراست و باکووری ئافریقا دەکەین ، رێگای وشکانی ئەم ولاتە بە کوردەوە گیراوە .
ئێستا یان سیاسەتی نفوزی نەرم پەیرەوە دەکات بۆ ئەم پەڵ هاویشتنە یان رێگای نیزامی دەگرێتە بەر، دیارە کە تورکیا و سەرۆکەکەی رێگای نیزامییان هەڵبژاردوە. ئەوانەی دژی ئەم پەڵ هاویشتنەی تورکیان ، رەکابەری کۆنی تورکیا ئێرانە هەر چەند لە سەر دژبەریی کورد هاوئاهەنگن بەلام لە پرسەکانی تر دا دژبەرن.
ئەگەر تورکیا لەبەر پێگەی جۆگرافیایی خۆی بۆ زۆرێک لە ولاتان و ئابوورییەکانی دنیا گرینگە بەلام لە رووی هەبوونی هاوپەیامانەوە کە مەرجە بۆ سەرکەوتوو بوونی ولاتان بۆ بە هێزکردنی پێگەی خۆیاندا ، لە خەراپترین بارو دۆخ دایە.
تورکیا دیسکۆرسێکی سیاسی و ئیدئۆلۆژیکی هەڵبژاردوە کە تێکەلاوێکە لە ئیسلامی سیاسی (داعەش و ئیخوان و .....) و ئەوەشی کردوە بە هاوپەیمانی نەژاد پەرەستی تورکی، ئەم دیسکۆرسە لە ناوچەدا و لە سیاسەتی نێونەتەوییشدا مەحکووم بە شکان و پاشەکشەیە و رۆژ لە دوای رۆژ دژبەر و نەیار بۆ خۆی دەبینێتەوە و زیاد دەکات.
بۆیە ، مەحالە ئەگەر هیوای تورکیا ئەمە بێت کە دەتوانن چڵ میلیۆن کورد لەم سەردەمەدا پاسیڤیزە بکەن، دەبێ بگۆترێ کە ئەگەر ئەم نییەتە ئەگەر مەحال نەبێ نزیک لە مەحالە. جگە لە مە فاکتۆرێکی گرینگی تر ئەوەیە کە ولاتانی عەربی ناوچەش دژی ئەم پەڵ هاویشتنەن . کە وابوو شانسی سەرکەوتنی ئەم ستراتێژییە مان لەێ دیار دەبێ ، بەو واتایە کە سەرکەوتوو نابێ، بەلام لە پرۆسەی هەولەکانی خۆیدا وێرانی و دژبەرییەکی زۆر لە ناوچەدا دروست دەکات. ئەمە ئاکامی قەبوول نەکردنی مۆدێرنییتەیە لە ناو ولاتی خۆتدا، ئاکام، یان سەرۆکی ولات سەری ولات دەخوات و تووشی گرفتی گەورە و شەری ناوچەیی دەکات یان ولات سەری سەرۆکی ولات دەخوات. تورکیا و سەرۆکەکەی بەم جۆرە چارەنووسی یەکتر دیار دەکەن.
حوسێن کوردنەژاد
Top