ڕۆڵـی سـەرۆک بارزانـی هـێشتا بـە کـۆتا نـەهاتـووە ..

ڕۆڵـی سـەرۆک بارزانـی هـێشتا بـە کـۆتا نـەهاتـووە ..
پێم وایە هێشتا یاریەکە بە کۆتا نەهاتووە، وە هێشتا ڕۆڵی سەرۆک بارزانیش لە داهاتووی کوردستان و عیراق و ناوچەکە زۆری ماوە، بەسەرجەم پێوەرە سیاسی و دیپلۆماتیەکان و بۆچوونە جیاوازەکانی کوردستانیشەوە دوا جار تەنها جەنابی(مەسعود بارزانی) دەتوانێت ڕۆڵی یەکلاکەرەوەی بڕیارەکانی کوردستانی هەبێت. لە کاتێکدا سەرۆک توانی گەورەترین دەستکەوت (سەنەدو تاپۆ)ی نیشتیمان بخاتە مستەوەو بەردەستیشە بۆ کۆتایی یاریەکە، جا ئەگەر چەند ساڵێکی تریشی پێبچێت، گومان لەوەنیە کە ئەوکارتە بەکار دەهێندرێت.. لەوەی کە ئێستا کورد بەو کارتە مەزنە نەیتوانی سەربەخۆیی کوردستان وەدەست بخات، تەنها هەڵەی ئەو ڕاوێژکارو بە ناو سیناتۆرانە بوو کە لە دەورەی جەنابی سەرۆک بوون، کە نەیان توانی خوێندنەوەیەکی دروست بۆ دۆخی بەشێکی ناو یەکێتی بکەن بۆ ئەوەی 16ی ئۆکتۆبەر ڕوونەدات کە مێژوو خۆی دووبارەکردەوە کە ڕەگەکەی بۆ ساڵی 1959 دەگەڕێتەوە. خۆ ئەگەر تەنها بۆ 72 کاژێر پارێزگاری لە کەرکوک بکرابووایە، دەولیەن شەرعیەت دەدرا بە گشتپرسی کورد بۆ سەربەخۆیی و ئامانجەکەشی دەپێکا، وە معادەلەکە بەو جۆرە نەدەبوو کە ئێستا لە ئەنجامی خیانەتە مەزنەکەی شازدەی ئۆکتۆبەر لە کەرکووک وەپێشهاتووە. بۆ عیراقیش هێشتا زووە، خەڵکانێک لە کوردستان و دەرەوی کوردستانیش پێیان وابێت دۆخی سیاسی عێراق ئاوا بمێنێتەوە. چانسی ئەوەی کە کۆی معادەلەکە ڕووەو بەغدایە وەک براوەیەک، تەنها لەبەر ئەوەیە کە کورد بۆ هەلومەرجی ئێستا خاوەنی ستراتێژیەتێکی سیاسی و نیزامی ڕوون نییە.
خۆ ئەوەی کە کوردستان هێرش ناکاتە سەر هیچ لایەنێک و هیچ مەترسیەک لە سەر ناوەخۆی وڵاتانی ناوچەکە دروست ناکات من بە ستراتیژی نابینم، پێشم وایە ئەوە وای کردووە کە نەیاران بێدەنگ نەبن و تەحەمولی میللەتی کورد نەکەن!. ئەوەنییە کە هەر ئەم رۆژانە تورکیە سەرەڕای هێڕشە ئاسمانیەکانی بە بەردەوام بۆ سەرمان بە بیانووی بوونی پەکەکە سەرانی وڵاتەکە ادعای هێرشی زەمینیش دەکات بۆ سەر چەند ناوچەیەکی کوردستان بە چاوساغی هێزە عێراقیەکان، ڕاستە ئەو رووداوەی 16ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017 هۆکاربوو بۆ ئەوەی پلان و گەلەکۆمەکی ناوچەیی لەسەر گەلی کورد بچێتە واری جێبەجێکردنەوە، هەر ئەوە وای کرد دوای داگیرکاری کەرکوک و زۆرێک لە ناوچەکانی کوردستان، کە هێزەکانی تورکیە داوای عەفرین و دواتریش ادعای هاتنیان بۆ شەنگال و قەندیل بکەن.
ئەگەرچی کۆی ڕووداو پێشهاتەکان زۆر سەریع و چاوەروان‌نەکراون، بەڵام نابێت لەبیرمان بچێت کە ڕەوتی‌ رووداوەکان زۆر بەخێرایی دەچێتە پێش، هەلوومەرجی ئێستا یەکجار هەستیارە، دوورنییە کە گۆڕانکاری تر بێتەپێش و مەرج نییە کە هەموو گۆڕانکارییەکانیش لە قازانجی عێراق و ئێران و تورکیە بێت. بۆیە هەرچی زووە ستراتێژی یەکێتی نێوماڵی کورد بەدەست بخرێ بە دڵنیاییەوە معادەلەکە بە بەرژەوەندی کورد دەگۆردرێ.
لەبەر ئەوەی کە تەنها لە ژێر سێبەری ڕوونی ئەو ستراتێژیەتەدا، کورد دەتوانێت وەڵامی پرسیارەکان بداتەوە و بە پیری کێشەکانەوە بچێت و پرۆگرامی کورتخایەن و درێژخایەنیان بۆدابنێت. ستراتێژییەکی ڕوون و گونجاو و نەتەوەیی، دەبێتە هۆکارێکی گەورە بۆ هاندان و رێکخستنی هەموو هێز و توانای کورد لە یەک چەتردا. هەندێک ئامانجی ئەو ستراتێژییە دەتوانرێت بکرێتە وشەی سەرزاری هەموو تاکێکی کورد. هەر کەمتەرخەمییەک بۆ دانانی ستراتیژییەکی نەتەوەیی لە ئێستادا دەتوانێت خەسارەتێکی گەورەتر لە 16ی ئۆکتۆبەری 2017 بێت لەسەر گەلی کورد و دەبێتە خاڵێکی لاوازتر بۆ کوردستان.
چانسێکی تر کە عێراق هەیەتی ئەوەیە کە ئێمەی گەلی کورد چاوەڕوانی ڕەوتی ڕووداوەکانین و لە باشترین حاڵەتدا خوازیاری پێگەیەکی بەهێزترین لە عێراقی نامەبارەکی ئێستەدا.!
وەلێ لە پاڵ ئەو هەموو کێشمەکێشی سیاسی ناوەخۆیی و ناوچەیی و یاریە قێزەونەکەی حەیدەر عبادی کە بە قوتی میللەت و چارەنووسی گەلی کوردستان دەیکات....! پێم وایە یاریەکە کۆتایی نەهاتووە و ڕۆڵی جەنابی سەرۆک بارزانیش هێشتا ماویەتی.

Top