یادەوەریەکانی کـــورد لـە ئادار

یادەوەریەکانی کـــورد لـە ئادار
لەناو ھەموو گەلانی جیھان دا بۆنە و یادەوەری و رۆژگەلێکی تایبەت ھەن کە ھەم مایەی خۆشحاڵین و ھەمیش مایەی دڵتەنگی و غەمگینین، نەتەوەی کورد وەک یەکێک لە نەتەوە زیندوەکانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست زۆرینەی یاد و بۆنەکانی کەوتونەتە مانگی ئادار، ئەم مانگە بۆ کورد تایبتمەندیەکی بێ وێنەی ھەیە، چونکە لە مانگەدا ھەم توانای شادومانیەکی بێ وێنەی ھەیە، جگە لەوە دڵتەنگی بێ سنوریشی ھەیە، بۆنەکان ھەر جۆرێک بن شیاوی رێزلێگرتن، بۆیە پێویستە ببنە مایەی وانە وەرگرتن و پەند وەرگرتن لێی، ئەمانە وەک بەرچاوڕوونترین بیرەوەریەکانی کورد:
لەدایکبوون و مردنی مەزنترین سەرکردە
(مستەفا بارزانی) باوکی رووحی نەتەوەیی کورد واتایەکی تایبەتی ھەیە بەوەی کورد بونیادی خۆی لە بونیادی (بارزانی)دا دەبینێتەوە بەشێوەیەک ئیلھامی ئازادای و فەلسەفەی خەباتگێری لە پێناو شکۆمەندی و ڕزگاری نیشتیمان سەرەتای قۆناغەکان لە بارزانی یەوە چەکەرەی کرد و ئەو توانی شۆڕش و داخوازیەکانی کورد بە دامەزراوەیی بکات، ھەڵبەتە ئەو ئازادیی و کۆڵنەدانەی (بارزانی نەمر) لە بنەماڵەکەیەوە سەرچاوەی گرتەوە کە ھەموویان لە پێناو سەربەخۆیی و کۆڵنەدان تەمەنێکیان بەرێکرد، بارزانی نەمر لە(١٤ئاداری ١٩٠٣) چاوی بەدنیا ھەڵێناو و گەشبینانە سەیری دۆزی ڕەوای گەلەکەی کردو وەک چرایەک دادەگیرسا بۆ ڕووناکردنەوەی سەردەمی خۆی، بەڵام چرایەک ھەرگیز کوژانەوەی نیە و ئازادی خوازان لەمەوە شۆڕش و خەبات و بەردەوامی بۆخۆیان بارگاوی دەکەن.
مانگی ئادار لەدایکبوونی (مستەفا بارزانی) یە مایەی جێگای شانازیە بۆ ئێمەی کورد، ھەر لەو مانگەدا لە (١ئاداری ١٩٧٩) دڵە گەروەکەی لە لێدان دەکەوێت و بۆھەمیشە جێمان دەھێلێت، بەڵام روحی ئەو و تێروانینەکانی ئەو بۆ دۆزی ڕەوای نەتەوەکەی و بابەتی ئازادی گەلان ھەرگیز تەنیامان ناکەن، ئێمە لەگەڵ روحی ئەو زاتە مەزنە تێکەڵبووین دوای ئەویش ئێمە بەردەوامین لە بەدیھێنانی ھیوا و ئامانجەکانی.


ڕاپەرینی مەزنی کوردستانیان
ڕژێمە داپلۆسێنەرەکانی عێراق یەک لەدوای یەک کورسی حوکمڕانی عێراقیان گرتۆتە دەست و درێغیان نەکردووە بۆ چەوسانەوەی نەتەوەیی کورد و ناچارکردنی کورد بۆ ژێردەستەیی بۆ ئەمەش ھەموو ئامرازەکانی توندوتیژیان بەکارھێناوە وەک (ئەنفال و کیمیابارن و ڕاگواستن و گوللەبارانکردن و زیندانی و برسی کردن و.......ھتد)، بەڵام ھەرگیز کورد ملکەچی ئەو واقیعە تاڵە نەبووە، ھەمیشە کاری لەسەر گۆرینی ئەو واقیعەکردووە بۆ ئەمەش ھەموو جۆرە باجێکی داوە، چونکە ئەگەر گەل ویستی بە ئازادی بژێت دەبێت قوربانی گەروە لەرێگەیە بدات، ئەگەرنا شایەنی ژیانێکی شایستە نیە، ڕژێمی بەعسی فاشی بەسەرۆکایەتی (سەدام حوسێنی دیکتاتۆر) ھەموو شێوەیەکی ئەشنەجدانیان دژ بەڕۆڵەکانی گەلی کورد بەکارھێنا بەمە وایان دەزانی ئیتر دۆزی کورد بۆ ھەمیشە کۆتایی دێت و کوردەکان ژیانی کۆیلایەتی ھەڵدەبژێرن، بەڵام ئەو پێشبینەیان ناڕاست دەرچوو، چونکە ڕاستیەکەی ئەوەیە کورد بە ژیانی ژێردەستی ڕانەھاتووە و ژیانی ئازاد شایەنی نەتەوەکەمانە، بۆیە دەبینین لە (٥ ئاداری ١٩٩١ ) لە شاری ڕانیە دەروازەی ڕاپەرین، ڕاپەرینی سەرتاسەری کورد دژ بە ستەمکاری بەرپابوو.
سەرجەم دام ودەزگا حکومی و حیزبیەکانی ڕژێم کەوتە بەردەستی گەل پاشان شەپۆلی ئەو ڕاپەرینەی جەماوەر، لە بەر ئەوەی پێشمەرگەو ھێزە سیاسیەکان بەشێک بوون تیایدا بەرەوە و تەواوی کوردستان پەلی ھاوێشت و کوردستان لە خۆفرۆش و داگیرکەران پاککرایەوە، ئەو ژیانە بۆ کورد بەدیھێات کە لە رێگەیەوە قوربانی گەورەی بەخشی بوو.
بەیاننامەی ١١ی ئادار
لە درێژەی شۆرشی چەکداری ڕەوای کورد حاکمی ئەو کاتەی بەغدا دێتە سەرچۆک و داوای رێکەوتن دەکات لە باوکی رووحی نەتەوەی کورد (بارزانی نەمر)، چونکە بۆی دەرکەوت کە نەتەوەی کورد دروشمی ئازادی یان ئازادیان بەرزکردۆتەوە، بۆیە لە ( ١١ئاداری١٩٧٠) دوای گفتوگۆیەکی دوور و درێژ ئامادەبێت کە دان بەمافی کوردبنێت و ئۆتۆنۆمی ببەخشێت بەکوردستان ھەڵبەتە ئەمە دەرئەنجامی شۆڕشی مەزنی ئەیلول بوو بە ڕابەرایەتی (بارزانی نەمر) کەژمارەیەکی زۆر شەھیدی لەو نێوەداوە و قوربانیەکی بێ شوماری پێشکەش کردووە، لەڕاستی دا خودی ئەو بەیاننامەیە بۆ کورد بەڵگەنامەیەکی گرینگ و پڕ بەھایە، چونکە زۆر بەڕوونی دان بەو مافانەدا دەنێت کە ساڵانێکی زۆر دەستی بەسەردا گرتبوو، بەڵام دانایی و حیکەتی سەرکردایەتی بارزانی نەمر پێشرەو بوو کە وای کرد بەغدا بلەرزێنێت و رێز لە شکۆی ڕۆڵەکانی کورد بگرێت، یادی( ١١ی ئادار) یادێکی پڕ شکۆمەندیە لە پاڵ کۆی یاد و بۆنەکانی گەلەکەمان.
ھەڵبجە وەک جەرگبڕترین کارەساتی سەدە
ھیچ گومانی تێدانیە ئازادی باجی قوڕسە و گەلان دەبێت قبوڵی ئەو باجەبکەن، چونکە ئازادی نرخی کەم نیە، ھەر بۆیە ڕژێمە ستەمکارەکان بە ئاسانی دەست ھەڵناگرن لە سروشتی ستەمکاری خۆیان، ڕژێمی بەعسی فاشی ھەر بەتاوانی سوتاندنی دێھات و لەنابردنی کانی و سەرچاوەکانی ئاو و کوشتن و ڕاوەدوونان و تەعریب و ڕاگواستن و لەسێدەردان نەوەستان و دڵیان ئاوی نەخواردەوە، بۆیە لە( ١٦ ئاداری ١٩٨٨) گەورەترین کارەساتیان دژ بە نەتەوەکەمان ئەنجامدا کەتیایدا لە شاری ھەڵبجەی شەھید روحی (پێنج ھەزار) مرۆڤی بێ تاوانیان لە جەستە جیاکردەوە و جاڕی مەرگی ئەوانیاندا بەبێ ھۆ تەنھا بە تۆمەتی کوردبوون نەبێت، شازدەی ئادار بۆھەموو کوردێک و ھەموو تاکێکی گەلی کوردستان مایەی کارەساتباریە ھەمووان لەو ڕۆژەدا دڵمان دەسوتێت و ھەست بە جۆرێک توڕەیی دەکەین، چونکە دەمانکوژن و قڕمان دەکەن و دەمانسڕنەوە تەنھا لەبەرەوەی داوای مافی ڕەوایی خۆمان دەکەین، بەڵام بۆ ئێمە بەڕەوای نابینن و بۆخۆیان ھەرچەند ناشەرعی بێت بە ڕەوای دەبینن، (١٦ئادار) ڕۆژێکی ڕەشە لەچاوانی داگیرکەر، بەڵام بۆ ئێمە و نەوەکانی داھاتوو ڕۆژێکی گەشە، چونکە بۆ دیرۆک و مێژوو دەیسلمێنین ئێمە نامرین و ناتوێنیەوە و کوردبوونی خۆمان تۆختر دەکەینەووە لەھەمان کاتدا بەدەیان کارەساتی وەک (١٦ئاداری) نابنە ھۆکار بۆ بەردەوام نەبوون لەسەر ناسنامەی کوردایەتیمان، بەڵکو سورتر دەبین بۆ کوردبووون و بەدیھێنانی ئامانجە باڵاکان.
جەژنی نەورۆ و سەری ساڵی کورد

مێژووی مرۆڤایەتی پڕە لە ناکۆکی و دژبەیەکی لایەنەکان لەنێوان (باش و خەراپ)،(جوان و ناشیرین)، (ستەمکار و دادپەروەر) ھەموو ئەوانەی گەیشتوون بە پۆستەکانی بەرێوەبردن نمونەیەکی بەرزیان پیشان نەداوە، بەڵکو زۆربەیان خوێن مژو جەردەبوون بە خواردنەوەی خوێنی ڕۆڵەکانیان تینوویەتیان نەدەشکا نمونەی ئەو خوێن مژو باڵادەستە زوحاکی ستەمکاربووە، پادشایەکی زۆرداری سەردەمەکەی خۆی بووە و ڕۆڵەکانی نەتەوەی ماددی دەچەوساندەوە، (کاوەی ئاسنگەر) کە بە ڕەچەڵەک کوردبووە دروشمی ڕوخاندنی ستەمکاری بەرزدەکاتەوە و کۆتایی بە حوکمی زوحاکی زۆردار دەھێنێت لەمەوە ئاگرێک دەکاتەوە وەک ھێمایەک خۆشی و شادومانیەکانی خۆی دەرەبرێت، ھەر بۆیە خودی ڕووداوەکە بەسەری ساڵی کوردی ناوزەند دەکرێت، ھەموو ساڵێک لە (٢١ی ئادار)دا کوردستانیان ڕوودەکەنە کەش و کێو و سروشتی دڵڕفێنی کوردستان و خۆشیەکانی خۆیان دەردەبڕن، جگە لەوەی یادکردنەوەی جەژنی نەتەوەیی کوردە ھاوکات پەیوەندی نێوان مرۆڤ و سروشت توندوتۆڵ دەکات لەھەمانکاتدا سروشت بەرگێکی نۆی بە بەر خۆی دا دەکات، سەرەڕای ھەموو ئەوانە ھۆکارێکی باشە بۆ ڕاکێشانی گەشتیاران و بوژانەوەی ئابوری کوردستان، لەڕاستی دا ئەگەر ھەمووان سیما وسروشتی کوردستان بپارێزین و پارێزگاری لێبکەین، چونکە نیشتیمان شیرینە و مافی بەسەرمانەوە ھەیە، بوونی نیشتیمان نابێتە ھۆکارێک بۆ ئەوەی مرۆڤ ھەست بەنامۆیی بکات.
ڕاپەرینی کەرکوک وخیانەتە مەزنەکە
کەرکوکی دڵی کوردستان بەشێک بوو لەو ناوچانەی لەلایەن جەماوەری کوردستان و ھێزە سیاسیەکان لە (٢١ ئاداری١٩٩١ ) لە بەعس و خۆفرۆشان پاککرایەوەو دواتریش بۆ ماوەی چەند دەیەک بەدەست ڕژێمی بەعسی فاشیەت مایەوە، بەڵام دوای ئازادی عێراق و ڕوخانی ڕژێم کورد تێدا باڵادەست بوو دواتریش سەرکردایەتی سیاسی کورد بڕیاری ڕیفراندۆمی بۆ سەربەخۆیی دا، بۆیەکەم جار کەرکوک بە شێک بوو لەو پرۆسە مەزن و دەسکەوتە گرینگە بەخۆشحاڵیەوە زۆرینەی کوردستانیان و کەرکوکیەکان دەنگیان بەسەربەخۆیی کوردستان دا وە داواکار بوون لە عێراقی نابووت جیاببنەوە، بەڵام بەداخەوە لەھەمان ساڵ لە(١٦ئۆکتۆبەری٢٠١٧)دەستێکی ڕەشی خیانەتکاری ناوەخۆی کەرکوک و کەرکوکیەکانی لە پێناو چەند دەسکەوتێکی خۆیان فرۆشت و ئیردەی کەرکوکیان ڕادەستی داگیرکەران کرد، بەمەش مێژوویەکی ڕەشیان بۆ خۆیان تۆمار کرد، نەتەوەی کورد ھەمیشە یادی ئازادی و ڕاپەرینی کەرکوک دەکاتەوە، بەڵام تاوەکو دەستی خیانەت لەنێو ڕۆڵەکانی گەل ھەبێت چەندین(٢١ ئاداری ١٩٩١) تۆماربکرێن گەرانەوەیە بۆ خاڵی سەرەتا.
ئادار وسیمبول
ئادار وەک دیارترین مانگی نەتەوەکەمانە، چونکە زۆرترین یاد و بۆنەی تیایدا ھاتۆتە ئاراوە بۆ کورد ئادار جیاوازترە لە کۆی مانگەکانی ساڵ، ئیتر ئادار واقیعێکە و کورد شانازی بە ئادارەوە دەکات بەئەرێنی و نەرێنی سەرجەم ڕووداو وکارەساتەکان، چونکە ھەر یەک لەو بۆنە و یادەوەریانە مەغزایی خۆیی ھەیە و سەرچاوەیەکی گرینکە بۆ وەرگرتنی پەند و وانە سەرەڕای ئەوەی دەبێت ببێتە خاڵی پێداچوونەوە بە دەروون و ھزری تاکی کورد تاوەکو باشتر و چاکتر نەخشە بۆ ژیان و بەرنامەکانی دابنێت ئەمە لەسەر ئاستی تاکەکەسی، بەڵام لەسەر ئاستی گشتیش دەبێت کورد خۆی کۆبکاتەوە و بە پلانەکانی پیلانی ناحەزو داگیرکەران پوچەڵ بکاتەوە، بۆیە کاتی ئەوەیە ریزی گەل رێک بکرێت و یەکێتی و تەبایی برەوەی پێبدرێت، با ئادار سەرەتای خاڵێکی وەرچەرخان بێت لەگۆرین و یەکگرتوویی ڕۆڵەکانی گەلەکەمان دا، چونکە گەلی کورد شایستەی ژیانێکی بەھادارە.

Top