په‌نجه‌ره‌یه‌ک بۆ ڕوانین له دادێی گه‌شی کوردستان بکه‌نه‌وه
March 3, 2018
وتار و بیروڕا
کورد بۆچی تا ئێستا نه‌یتوانیوه ببێ به خاوه‌نی کیانێکی سه‌ربه‌خۆ؟ ئایا پێوه‌ری پێناسه‌ی نه‌ته‌وه نایگرێته‌وه و زمان و خاک و مێژووی هاوبه‌ش و كێشه‌ی ناسنامه‌ی هاوبه‌ش و ژیۆپۆلۆتیكیی هاوبه‌شی نییه؟ ئایا کورد سه‌رکرده‌ی کاریزمای نه‌بووه و خه‌باتی بۆ بونیادنانی ئه‌و کیانه سه‌ربه‌خۆیه نه‌کردووه و قوربانی بۆ نه‌داوه؟ ئایا به ته‌نیا ده‌ستی ده‌ره‌کی و وڵاتانی زلهێزی جیهان به‌ربه‌ستیان بۆ دروست کردووه؟ باشوور و ڕۆژاوای کوردستان تا ڕاده‌یه‌ک له به‌دیهێنانی ئه‌و خه‌ونه نزیک بوونه‌وه، به‌ڵام بۆچی ناتوانن ئامانجه‌که بپێکن؟ باکوور و ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان به‌رنامه‌یان چییه؟ کورد خۆی چی کردووه، تا سیاسه‌تی نێوده‌ڵه‌تی پاڵپشتی بکا؟ ئایا سووریه و عێراق وه‌ک دوو ده‌وڵه‌تی شکستخواردوو، هێزی پاکتاوکردنی کوردیان ماوه؟ تورکیه و ئێران تا که‌ی ده‌کارن هه‌وڵی ده‌سته‌مۆکردنی کورد بۆ قبووڵکردنی ژێرده‌سته‌بوون بده‌ن و ده‌سه‌ڵاتی خۆیان به زه‌بری ئاگر و ئاسن بسه‌پێنن؟ با گریمانه‌ی ئه‌وه دابنێین که کورد به پشتیوانیی نێوده‌ڵه‌تی ببێته خاوه‌ن ده‌وڵه‌ت و کیانێک که سه‌روه‌رییه‌که‌ی پارێزراو بێ، ئایا کورد بۆ ئیداره‌کردنی دۆخی وا زه‌مینه‌سازی کردووه؟
ئه‌م پرسیارانه هه‌ویرێکه ئاوی زۆر هه‌ڵده‌گرێ، دۆزینه‌وه‌ی وه‌ڵامه‌کانیشی پێویستی به سازدانی چه‌ندین پانێڵی شرۆڤه‌کاری بۆ توێژه‌رانی پسپۆڕی سیاسی و نووسینی چه‌ند په‌رتووک هه‌یه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئاوڕێک له مێژووی نه زۆر دووری خۆمان بده‌ینه‌وه، ده‌بینین:
زیاتر له سێ سه‌ده پێش ئێستا شاعیر و نووسەر و ڕۆشنبیری گەورەی کورد ئەحمەدی خانی (١٦٥١ -١٧٠٧) هانی یه‌کڕیزی و خه‌باتی نه‌ته‌وه‌یی کوردی داوه. زیاتر له سه‌ده و نیوێک له بزافی ڕزگاریخوازانەی فیۆدالی و میرنشینیی کورد تێده‌په‌ڕێ. پتر له سه‌ده‌یه‌ک له ڕێککه‌وتننامه‌ی "سایکس پیکۆ" و دابه‌شکردنی خاکی کورد و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانە و خه‌باتی چینایه‌تی و نه‌ته‌وه‌یی ئه‌م کورده خاوه‌ن مێژووه که‌ونارایه تێده‌په‌ڕێ. شۆڕشه‌که‌ی شێخ مه‌حموودی حه‌فید، یه‌ک ساڵی ماوه سه‌ده‌یه‌ک پڕ بکاته‌وه.. ھەڵوەشاندنەوەی پەیماننامەی سیڤەر و له‌دایکبوونی پەیماننامەی لۆزان و شۆڕشه‌کانی شێخ عوبەیدوڵڵای نەھری، شێخ سەعیدی پیران، سەید ڕەزای دەرسیم و شۆڕشی ئاگری داخ و جووڵانەوەی میر شەره‌فخانی بدلیسی و شۆڕشی ئه‌یلوول به سه‌رۆکایه‌تی مسته‌فا بارزانی و کۆماری کوردستان له مه‌هاباد و ده‌ستکه‌وت و قوربانییه‌کانی ئه‌و کۆماره جوانه‌مه‌رگه و له‌سێداره‌دانی یه‌که‌م پێشه‌وای سه‌رۆک کۆماری کورد(قازی محه‌مه‌د)، ئه‌نفال و کیمیاباران و حوکمی جیهاد و کۆمه‌ڵکوژییه‌کانی کورد و تیرۆری سه‌رکرده‌کانی کورد و گیانبه‌ختکردنی کوردی ئازادیخواز له سه‌نگه‌ری به‌رگری و له ناو گرتووخانه‌کاندا (به کۆمۆنیست و ئیسلامی و ناسیۆنالیزمه‌وه)، هه‌روه‌ها گه‌له‌کۆمه‌کیی نێوده‌وڵه‌تیی دژی کورد و ده‌ستکه‌وته‌کانی و ڕێککه‌وتنه‌کانی (16ی مایسی 1916) تا (16ی ئۆکتۆبه‌ری 2017)، واته ڕێککه‌وتنی (سایكس–ی به‌ریتانی و پیكۆت -ی فه‌ڕه‌نسی و سازانۆف–ی رووسی) له لایه‌ک و (عه‌بادی –ی عێراقی و سوله‌یمانی-ی ئێرانی و ئه‌ردوگان-ی تورک و چه‌ند نیشتمانفرۆشێکی کورد) له لایه‌کی دیکه و له‌و نێوانه‌شدا ڕێککەوتننامەی جەزائیر له (6ی مارسی 1975)، هه‌ر هه‌موویان لێواولێون له په‌یامێک بۆ ڕامان له دۆزی کورد.
ئه‌گه‌ر هه‌ر سه‌رپێیی ئاوڕێک له‌و به‌سه‌رهات و کاره‌ساتانه بده‌ینه‌وه، ده‌گه‌ینه ئه‌و ئه‌نجامه:
ڕاسته دۆسیه‌ی دیاریکردنی چاره‌نووسی کورد تا ئێستاش له سه‌ر مێزی وڵاتانی زلهێزی جیهان دانراوه، هه‌ر هه‌مووشیان له ڕابردووی کۆنه‌وه تا هه‌نوکه‌شی له‌گه‌ڵدا بێ، نه‌ک چاو‌پۆشییان له مافه نه‌ته‌وه‌ییه‌کانی کورد کردووه، بگره له پێناوی به‌رژه‌وه‌ندیی خۆیان و به بیانووی جۆراوجۆر، که‌ند و کۆسپی زۆر گه‌وره‌شیان بۆ کورد دروست کردووه، به‌ڵام گه‌وره‌ترین زیان که به‌ر کورد که‌وتبێ، به هۆی ناته‌بایی ناوخۆیی بووه و شه‌ڕی ناوخۆییش مه‌زنترین خه‌ساری تووش کردووه، که زۆر به‌داخه‌وه که‌م لایه‌نی سیاسیی کوردمان هه‌یه، که له‌و په‌تا نه‌گریسه بێبه‌ری بێ.
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی سه‌ردێڕی ئه‌م نووساره پێوه‌ندیی به گوتار و کردار‌ی سه‌رکردایه‌تی سیاسیی حزب و لایه‌نه سیاسییه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستانه‌وه هه‌یه، ئه‌و پرسیارانه دروست ده‌بن: ئایا ده‌سته‌واژه‌ی "سه‌رکردایه‌تیی کورد له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان" جێگیر بووه و به‌ره‌یه‌کی گشتگیر و هه‌ماهه‌نگ پێکهاتووه که له ژێر چه‌تری ئه‌و سه‌رکردایه‌تییه‌دا کۆببێته‌وه؟ ئایا ده‌کرێ یه‌ک له ده‌هۆڵی سازش له‌گه‌ڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران بدا، ئه‌وی دی داوای هه‌ڵدێران و ڕووخانی بکا؟ ئایا نه‌قشه‌ڕێگه‌یه‌ک بۆ چاره‌سه‌ری لێکترازانه‌کانی ناوخۆی گه‌وره حزبان و یه‌کگرتنه‌وه‌یان دانراوه؟
بێگومان ئه‌گه‌ری داڕمانی کۆماری ئیسلامیی ئێران به هۆی ته‌قینه‌وه‌ی تووڕه‌یی گه‌لانی به‌شمه‌ینه‌ت و سته‌مدیده‌وه زۆر زیاتر بووه، که نموونه‌ی به‌رچاوی خۆپیشاندانه‌کانی ئه‌م دواییه بوو، که سه‌رانسه‌ری ئێرانی گرته‌وه و له چوار ده‌یه‌ی ڕابردوودا شتی وا ڕووی نه‌داوه، به‌ڵام ئایا سه‌رکردایه‌تی سیاسیی حزب و لایه‌نه سیاسییه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان پلاتفۆرمێکی هاوبه‌شیان بۆ ئه‌و دۆخه هه‌یه؟ ئایا له ئێستادا که زه‌مینه له‌باره و کات و ده‌رفه‌تیش زۆره بۆ تاوتوێکردنی ئه‌و پرسانه، بۆچی هه‌وڵی تێگه‌یشتن و تێگه‌یاندنی یه‌کتر بۆ کار و خه‌باتی هاوبه‌ش و گشتگیر ناده‌ن؟
نزیکه‌ی سێ ده‌یه‌یه له ئاستێکی به‌رفراوانی جه‌ماوه‌ریدا داوای پێکهێنانی به‌ره‌یه‌ک له سه‌رکردایه‌تی سیاسیی حزب و لایه‌نه سیاسییه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان ده‌کرێ، که‌چی نه‌ک ئه‌و داواکارییه جێبه‌جێ نه‌بووه، بگره ئه‌و لایه‌نه‌شی که دروشمی سه‌ربه‌خۆیی هه‌ڵگرتووه و ده‌ستپێشخه‌ری بۆ پێکهێنانی به‌ره‌ی کوردستانی کردووه، په‌ڕاوێز خراوه!
ئایا جیاوازیی ستراتیژیی نەتەوەیی بۆ دامەزراندنی دەوڵەت و پێکهێنانی کیانێکی سه‌ربه‌خۆ، له‌گه‌ڵ چارەسەری کێشەی نەتەوەیی کورد لە چوارچێوەی دەوڵەتێکی فیدڕاڵ، یان حکوومه‌تێکی ئۆتۆنۆمی و خۆجێیی، ده‌شێ تا ئه‌و ئاسته له یه‌کیان دوور بخاته‌وه که نه‌توانن خه‌باتی خۆیان بۆ ڕووخانی گه‌وره‌ترین دوژمنی هاوبه‌شیان کاناڵیزه بکه‌ن؟
له کۆتاییدا وه‌ڵامی ئه‌م پرسیارانه به سیاسه‌توان و سیاسه‌تسازانی هێژا ده‌سپێرم و هیوادارم هه‌موو لایه‌ک جه‌خت له‌وه بکاته‌وه که کاتی پاوانخوازی به‌سه‌ر چووه و دادێی گه‌شی کوردستانییه‌کان به یه‌کڕیزی و یه‌کگرتن و یه‌کخستنی ناوماڵی کورده‌وه گرێ دراوه. داواکارم سه‌رکردایه‌تی سیاسیی حزب و لایه‌نه سیاسییه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان، هه‌وڵی دروستکردنی ناوه‌ندێک بۆ کار و بڕیاری هاوبه‌ش بکه‌نه به‌رایی(ئه‌وله‌وییه‌ت)ی کار و به‌رنامه‌یان و هیچ لایه‌نێ په‌ڕاوێز نه‌خرێ و هه‌موووان پێکه‌وه و زۆر به جددی له ده‌وری پلاتفۆڕمێکی هاوبه‌ش کۆببنه‌وه و زۆر وردبینانه‌تر هه‌لومه‌رجه "زەینی و عەینی"یه‌کان تاوتوێ بکه‌ن و په‌نجه‌ره‌یه‌ک بۆ ڕامان و ڕوانین له ئاسۆی گه‌ش و دادێی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان بۆ گه‌لی خۆیان بکه‌نه‌وه..