بــــــارزانی نه‌مر شكۆی نه‌ته‌وه‌یه‌ك

بــــــارزانی نه‌مر  شكۆی نه‌ته‌وه‌یه‌ك
مسته‌فا بارزانی باوكی رووحی نه‌ته‌وه‌ی كورد له‌ (1ئاداری 1979) له‌ڕۆژێكی وه‌ك ئه‌مرۆ دڵی گه‌وره‌ی له‌لێدان كه‌وت و بۆ ئه‌به‌د ماڵئاوایی لێكردین له‌ده‌ست دانی ئه‌م زاته‌ مه‌زنه‌ برینێكی قوڵه‌ له‌ جه‌سته‌ی گه‌له‌كه‌مان دا، چونكه‌ شۆڕشگێرێك له‌ بنه‌ماڵه‌یه‌كی تێكۆشه‌ر له‌دایك بوو بێت و هه‌موو ته‌مه‌نی خۆی له‌بوونیه‌وه‌ تا كۆچی دوای له‌ پێناو كورد و بۆ به‌رز ڕاگرتنی شكۆی كوردستانیان بووبێت، بێگومان سارێژبوونی برینێكی وه‌ها كارێكی ئه‌سته‌مه‌، (بارزانی باوك) خودی خۆی پایه‌كانی نه‌ته‌وه‌یی چه‌سپاند له‌ كۆتایشدا پایه‌ و بنه‌ما گشتیه‌كانی نه‌ته‌وه‌یی جێهێشت تا شوێن كه‌وتوو و نه‌وه‌كانی دوای خۆی درێژه‌ به‌و كاروانه‌ پیرۆزه‌ بده‌ن، ئه‌ویش بوونی كیانی سه‌ربه‌خۆی كورده‌.
بارزانی نه‌مر به‌ سه‌ره‌تای گه‌وره‌ترین بناغه‌ی گوتاری هه‌ستی نه‌ته‌وه‌یی مۆدێرن داده‌ندرێت، چونكه‌ ئه‌و كاتانه‌ی سه‌رانی عێراق داوای لێده‌كه‌ن هه‌رچیه‌كی ده‌یه‌وێت بۆی جێ به‌جێ ده‌كه‌ن له‌به‌رامبه‌ردا واز له‌ شاری كه‌ركووك بێنێت.
(بارزانی نه‌مر) له‌وه‌ڵام دا ده‌فه‌رموێت: "كه‌ركوك هی من نى یه‌ هی كه‌ركوكیه‌كانه‌، تا كوردێك له‌ كه‌ركوك بمێنێت كه‌ركوك كوردستانى یه‌". ئا ئه‌مه‌یه‌ گیان فیدایی و به‌رزی هه‌ستی نه‌ته‌وه‌یی، به‌مه‌ش ئاڕاسته‌یه‌كی نوێ و تازه‌ی هێنایه‌ نێو كایه‌ی خه‌بات، تاوه‌كو تاك به‌ تاكی كورد چۆنیه‌تی ڕێكاره‌ به‌جێكان بخاته‌ گه‌ر بۆ ئه‌وه‌ی ماف و ده‌سكه‌وته‌كانی پێ به‌دی بێنێت، بۆیه‌ ده‌كرێت بڵێن (بارزانی نه‌مر) سه‌ركرده‌یه‌كی كارێزمابوو، جگه‌ له‌لایه‌نی سیاسی گرینگی به‌لایه‌نی كۆمه‌ڵایه‌تیش داوه‌، هه‌ر ئه‌مه‌ش هۆكار بووكه‌ هه‌زاران خه‌ڵك له‌ ده‌وره‌ی كۆببێته‌وه‌ به‌بێ به‌رژه‌وه‌ندی ماددی و به‌بێ ئه‌وی هێزی به‌كاربێنێت، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ توانی شوڕشێكی گه‌وره‌ دژ به‌سته‌م و نادادپه‌وه‌ری سه‌رانی عێراق په‌رپا بكات جیاواز له‌شۆڕش و ڕاپه‌رینه‌كانی پێش خۆی له‌ ڕووی ده‌سكه‌وتی گه‌وره‌ بۆ نه‌ته‌وه‌كه‌ی و سه‌نگ و قورسایی له‌سه‌ر ئاستی ناوه‌خۆی و هه‌رێمی و ته‌نانه‌ت نێوده‌وڵه‌تیش دا، به‌ڵگه‌ش بۆ ئه‌وه‌ ڕێكه‌وتن نامه‌ی (11 ئاداری 1970) بوو به‌وه‌ی ڕژێمی به‌عسی فاشی ناچار كرد ڕێكه‌وتن له‌گه‌ڵ شۆڕش ببه‌ستێت و دان به‌مافی ئۆتۆنۆمی كورد دابنێت.
.خزمه‌ت و خه‌بات كردن له‌پێناو نیشتیمان دیارترین خه‌سڵه‌تی بارزانی یه‌ هه‌ر ئه‌وه‌شه‌ وای كرد كه‌ كۆده‌نگییه‌كی گشتی هه‌بێت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی به‌ باوكی ڕووحی نه‌ته‌وه‌ی كورد ناوزه‌ند بكرێت، چونكه‌ هیچی له‌وان كه‌متر نى یه‌ كه‌ سیفه‌تی باوكی ڕووحیان پێدراوه‌ له‌ ناو نه‌ته‌وه‌كانی تری جیهان.
ئێمه‌ له‌ سایه‌ی حیكمه‌تی ژه‌نراڵی پایه‌به‌رز (مسته‌فا بارزانی) چیاكانمان ته‌ی كرد بۆ ئازادی و نان و شكۆمه‌ندی تێكۆشاین بۆ هێنانه‌دی حوكمڕانی كوردی كه‌ ئه‌مرۆ ئێمه‌مانان له‌سایه‌ی نه‌مراندا خاوه‌ن كیان و دامه‌زراوه‌ی شه‌رعی و یاسایین كه‌ ده‌توانین به‌وپه‌ڕی ئازادی وسه‌ربه‌خۆیی مماره‌سه‌ی مافه‌كانمان بكه‌ین.
خوداوه‌ندی جیهانیان وه‌ك هه‌میشه‌ ئاگاداری زۆرداری و نادادی سته‌مكارانه‌ و سته‌می سته‌مكاران له‌یادناكات له‌وه‌ش گرینگتر كه‌سانێكی ژیرو به‌هره‌مه‌ند و نیشتیمان دۆست ده‌خوڵقێنێت بۆ شكاندنی تابوت و بتی سته‌مكاری، هه‌ر بۆیه‌ خوداوه‌ند زاتێكی گه‌وره‌ی وه‌ك ( بارزانی) به‌ ئێمه‌ی كورد به‌خشی به‌مه‌به‌ستی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی دكتاتۆریه‌ت و هێزه‌ داپلۆسێنه‌ره‌كان كه‌ له‌ڕاستی دا ئه‌و په‌یامه‌ی باوكی روحی نه‌ته‌وه‌یمان هه‌ڵیگرت گه‌یشت به‌ ئامانج و توانرا به‌هێزو به‌هره‌مه‌ندی ئه‌و ریزه‌كانی نه‌ته‌وه‌یمان رێكبخرێت دواتریش به‌ خه‌بات و به‌رخودان ماف و ئازادیه‌كانمان به‌ده‌ست بهێنرین له‌گه‌ڵ پارێزگاریكردن له‌و ده‌سكه‌وتانه‌، هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ی (بارزانی نه‌مر) ته‌مه‌ن ده‌رفه‌تی پێنه‌دا بیانهێنێـه‌دی بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ هه‌موو توانا و هێزه‌كانی خۆمان ده‌خه‌ینه‌گه‌ر له‌ پشت سه‌رۆكی هێژامان (رێزدار سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی) بین و له‌ژێر فه‌رمانده‌یی به‌رێزیان هه‌موو ئه‌و رێگا و ئاسته‌نگانه‌ ببرین كه‌ پێویسته‌ بۆ سه‌ربه‌خۆیی و مافی چاره‌ی خۆنوسینی گه‌له‌كه‌مان.
ئه‌وه‌ی ماوه‌ ده‌كرێت بڵێن (بارزانی نه‌مر) ته‌نیا موڵكی پارتی نیه‌، به‌ڵكو ڕه‌مزی نه‌ته‌وه‌یی گشت كوردێكه‌ له‌ ته‌واوی جیهان، هه‌موومان ده‌زانین هیوا و ئامانجی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان و پاراستنی شكۆمه‌ندی مرۆڤی كورد بوو، كه‌چی ئه‌وه‌ش له‌یاد ناكه‌ین كه‌ درێژه‌پێده‌ری ئه‌و قوتابخانه‌ مه‌زنه‌ ده‌بین و قوتابێكی چاڵاك ده‌بین له‌ پێناو ئه‌و ئامانجه‌ پیرۆزه‌ سه‌ره‌ڕای هه‌موو به‌ربه‌سته‌ ناوه‌خۆی و ده‌ره‌كیه‌كان توانیومانه‌ ڕێگایه‌كی زۆر ببڕین ئه‌وه‌ی ماوه‌ به‌هه‌موو هه‌وڵ و توانایه‌ك پێشمه‌رگه‌ ئاسا خه‌بات ئه‌كه‌ین بۆ گه‌یشتن به‌كه‌ناری ئارامی و سه‌ربه‌خۆی كوردستان.
Top