رۆڵی هەرێمی كوردستان لە ئایندەی ناوچەكەدا

رۆڵی هەرێمی كوردستان  لە ئایندەی ناوچەكەدا
ئەگەر تێڕامانێك بۆ رەوشی ئێستای عێراق بكەین، دەبینین كە عێراق بەهۆی هەڵبژاردنەكانەوە رووبەڕووی گۆڕانكاریی گەورە دەبێتەوە. ئەوەی جێگەی تێبینییە رۆڵی هەرێمی كوردستانیش لەم هاوكێشە نوێیەدا زۆر بەهێزتر دەردەكەوێت، بەتایبەتی كاتێك هەوڵە دیپلۆماسییەكانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان رێزدار (نێچیرڤان بارزانی) زۆر سەركەوتووانە بەرەنگاری هەموو هەوڵی نەیارانی هەرێمی كوردستان بووە، بە جۆرێك هەوڵە دیپلۆماسییەكانی سەرۆكی حكومەت كاریگەری گەورەی لەسەر تێڕوانینی جیهان بۆ پرسە هەڵواسراوەكانی نێوان بەغدا و هەرێم دروست كردووە، لە ئێستادا جیهان گوشارێكی زۆر دەخەنە سەر عەبادی بۆ خەرجكردنی شایستە داراییەكانی هەرێم، هەرچەندە تا ئێستاش حكومەتی عێراق دانی بەم راستییەدا نەناوە، بەڵام گوشارەكانی وڵاتانی جیهان حكومەتی عێراقی ناچاركردووە كە هەنگاو بۆ چارەسەری كێشەكان بنێت، بە جۆرێك لەئێستادا عەبادی ناچارە لە رێگەی راگەیاندنەكانەوە هەمیشە جەخت لەسەر بەردەوامیی گفتوگۆكان و هەوڵی بەردەوام بۆ رێكاری لیژنەكانی چارەسەركردنی پرسی تایبەت بە فڕۆكەخانەكان، بودجە و بابەتەكانی تر بكاتەوە.
لەلایەكی ترەوە وڵاتانی جیهانی دەیەناوێت لەو گفتوگۆیانەی ئێستا لەنێوان هەولێر و بەغدا بەڕێوە دەچن، رۆڵی خۆیان هەبێت و هیچ نەبێت بۆ لە یەكتری نزیك كردنەوەو دووبارە بنیادنانەوەی هەنگاوەكان، لەلایەكی ترەوە هەست بەوە دەكرێت حكومەتی بەغدا ناچارە لەم كاتەدا گفتوگۆ لەگەل هەرێمی كوردستان بكات و بە لێكدانەوەی دۆخی سیاسیی ناوچەكە و چاودێرانی سیاسی، دەكرێت ئێستاو لە قۆناغی خۆ ئامادەكردن بۆ هەڵبژاردن، كە چاوەڕێ دەكرێت بەغدا نەرمی بنوێنێت، لەلایەكی تریشەوە زۆر لەهیزە هەرێمییەكان دەیانەوێت گفتگۆكانی نیوان هەرێم و بەغدا سەربكەون، چونكە گۆڕانكارییەكانی ناوچەكەو دۆخی ناوخۆی ئێران و خۆپیشاندانەكان، كاریگەرییان لەسەر دانوستانەكان دەبێت و وادەكەن هەنگاوەكانی لێك نزیكبوونەوە بە خێرایی بچنە پێشەوە، لێرەشدا زۆر گرنگە حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەمجارە بە سیاسەتێكی نوێ بچێتە ناو گفتوگۆ و دانوستانەكان. هەروەها یەكدەنگیی كورد گرنگییەكی تری قۆناغەكەیەو پێویستە كورد ناوماڵی خۆی رێكبخاتەوە. واتە پێویستە كورد ئەم هەلە لەدەست نەدات و بە سیاسەتێكی نوێوە هەوڵی جێگیركردنەوەی پێگەی هەرێم لە سیاسەتی ناوچەكە بدات و هەرێم بە سیاسەتێكی نوێوە بچێتەوە گۆڕەپانی دانوستانەكان.
كۆڕبەندی ئابووریی داڤۆس
بەشداریكردنی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان رێزدار (نێچیرڤان بارزانی) لە كۆبوونەوەی كۆڕبەندی جیهانی ئابووری كاریگەرییەكی گەورەی لەسەر هەرێمی كوردستان دەبێت، چونكە لە رووی ئابوورییەوە كۆڕبەندی ئابووریی داڤۆس باشترین لێكتێگەیشتنی ئابوورییە لەسەر ئاستی جیهان، چونكە كۆڕبەندی ئابووری جیهانی لە داڤۆس، بە بەشداریی نزیكەی هەزار و سەد كەسایەتی دیاری جیهان و سەرۆكی وڵات و حكومەتەكان، وەزیری دارایی و بازرگانیی وڵاتان، بزنسمان و كارگێڕی كۆمپانیا گەورەكان، بەڕێوە دەچیت، ئەمە بێجگە لەوەی كە كۆڕبەندی ئەمسال گرنگییەكی زۆر زیاتری لە ساڵانی پێشتر هەبووە، لەبەر ئەوەی بە دروشمی “دروستكردنی ئایندەی هاوبەش لە جیهانی پڕ كێشە» دەستی بەكارەكانی كرد .
بەتایبەتی بەشداری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان رێزدار (نێچیرڤان بارزانی) لەم كۆڕبەندەدا كاریگەرییەكی زۆر گەورەی هەبووە لە ئاراستەی پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و توانی ئەو راستییە بسەلمێنێت كە هەرێمی كوردستان لە رووی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان دەتوانێت كاریگەرییەكی گەورەی لەسەر ئاستی جیهان هەبێت، لەلایەكی ترەوە بەشداریی سەرۆكی حكومەتی هەرێم هەنگاوێكی زۆر گرنگە بۆ لێك تێگەیشتن لەگەڵ ژمارەیەكی زۆر لە سەرۆكەكانی بەشداربووی جیهان لە ئاستی جیاواز بۆ دروستكردنی روانینێكی هاوبەش بە مەبەستی باشكردنی پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان لەگەل وڵاتانی جیهان.

Top