گەمەی دژایەتیكردنی كوردستانییان بەرەو دەوڵەتبوونمان دەبات
February 19, 2018
وتار و بیروڕا
ئەمڕۆ كوردستان جێگایەك نییە جیهانی ئازادیخواز لێی بێدەنگ بێت و پێویستی پێی نەبێت، ژیرێتی سەركردایەتی سیاسیی سەرۆكی حكومەت توانی بۆ جیهان بیسەلمێنێت كە عێراق پایەندی جێبەجێكردنی دەستوور نییە و بەردەوامە لەسەر ئەو عەقڵییەتەی كوردی لێ بێزار بووە، بۆیە داوای سەربەخۆیی دەكات. ئەوەتا پارتە شیعەكان و هەندێك لە پارتە سوننەكانیش دژایەتیكردنی كوردستانیان كردۆتە نەریت و خوویەكی ناشیرین بۆ پڕوپاگەندەكانی هەڵبژاردنەكان، چونكە لەچەند ساڵی رابردوودا توانیویانە كۆمەڵگەكانیان فریو بدەن و ئەو رۆشنبیرییەیان تێدا نەهێڵن كە لەدنیای پێشكەوتوودا بۆ پێكەوەژیان و لێبوردەیی پێویستە. هەربۆیە عەبادی و پارتە سیاسییەكانی عێراق لە دژایەتیكردنی كورد بەردەوام دەبن تا هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و بە كارهێنانی كارتی فشاری زیاتر بۆ دژایەتیكردنی كوردستان، بەڵام لە ئەنجامدا لە هەموویدا شكست دەهێنن، چونكە دژایەتییەكانیان بێ بنەمان و خۆدەرخستنی بەردەم میدیاكانە.
رۆژانی داهاتوو دەری دەخات كە ریفراندۆم پڕۆسەیەكی چارەنووسسازی ئەرێنی و سەركەوتوو بووە بۆ گەلی كورد و یەكێك لە هەرە نیشانە زەقەكانی سەركەوتنەكە ئەم دژایەتییەی بەغدایە و ئەو ترسەی كە لێی نیشتووە لە سەربەخۆیی كوردستان و لە ئەنجامە نایابەكەی بەڵێ بۆ سەربەخۆیی كوردستان و رووڕەشی و نەفرەت لە ئەو مێژووەی كە كوردستانی پارچە پارچە كرد و ئێستا بەداخەوە تاكی كورد لەبەر ئەو مێژووە تاڵە هەڵگری رەگەزنامەی شەرمەزارییە لە سەر ئاستی جیهان، ئەویش رەگەزنامەی عێراقییە كە لە هەموو وڵاتانی جیهاندا بە گومانەوە تەماشای دەكەن. دەبێ تاوانی گەلی كورد چی بێت و تاكەی باجی ئەم هەڵە مێژووییە بداتەوە؟ ئێستا بەغدا گەمەیەكی سیاسیی ترسناك دەكات لە دژی كوردستان، بەڵام دواجار شكستی خۆی بەدەستی خۆی رادەگەیەنێت، لەبەر ئەوەی گەلی كورد هەمیشە وەك لوتكەی شاخەكانی ورەبەرزە و وەك بەرد رەقە لەسووربوونی و داكۆكی لە مافە رەواكانی خۆی. بۆیە بە دیالۆگی ئاشتییانە لەگەڵ بەغدا دەڕۆین تا هێڵی كۆتایی، كە نەگەیشتینە ئەنجام، سەربەخۆیی رێگای رووناكی و بژاردەی سەركەوتنمان دەبێت، بۆ ئەوەی ببینە دوو دراوسێ و چیتر بژاردەی دیكە نابێ بۆ بەغدا و هیچ بیانوویەكی نابێ بۆ مانەوەی كوردستان لەگەڵ بەغدایەكی فرەكوێخادا. ئەوەی ئێستا دەیكات لە دوای بیانوو دۆزینەوەی رۆژانەیە دژی كوردستان، هەر رۆژەو بیانوویەكیان هەیە و ئەوەش تەنیا بۆ كات كوشتنیانە تا كاتی هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، چونكە سەرۆك وەزیرانی عێراق عەبادی شكستی تەواوی هێناوە لە بەغدا لەگەڵ عەرەبەكان و لەگەڵ كوردستان و لە سەر ئاستی نێودەوڵەتیشدا هەموو كات زۆر دەڵێت و زۆر پەیمان دەدات، بەڵام جێبەجێی ناكات. بۆیە متمانەی وەك سیاسییەك نەماوە و حكومەتەكەی حكومەتێك بوو بۆ دژایەتی هاونیشتمانییانی خۆی بە كورد و سوننە و مەسیحی و ئێزیدی و ئەوەی دوای ئەویش كە دەبێتە سەرۆك وەزیران، ئەگەر عەرەب بێت دڵنیام لەو باشتر نابێت، بۆیە مانەوەمان لەگەڵ عێراق، رۆژ بە رۆژ بەرەو ئەستەمی و مەحاڵی دەچێت.
قوناغی ئازار و ناخۆشی و نەهامەتییەكانی بەرەو دەوڵەت بوونمان زۆر تێپەڕاندووە، ئەوەی كە ماوە لەدایكبوونی دەوڵەتە كوردییەكەیە بە پاڵپشتی كوردستانییە دڵسۆزەكان و دەبێت دڵی هەموو تاكێكی كورد وەك باوك و دایكێك بێت كە بە پەرۆشی چاوەڕێی لەدایكبوونی منداڵێكی لەش ساغ و جوان دەكەن. ئێمە ئەمڕۆ لە قۆناغی چاوەڕوانیداین بۆ لەدایكبوونی دەوڵەتێكی ئاشتیخواز و سەركەوتوو لە ناوچەكەدا، دەبێت هەموومان گەشبین و پڕ لە هیوا بین بۆ كوردستانەكەمان.