خۆتان حەلال و حەرامتان دیاری كردووە و من پۆڵێنم نەكردووە

خۆتان حەلال و حەرامتان دیاری كردووە و من پۆڵێنم نەكردووە
تێبینی: ئەم وتارە لە شەرقولئەوسەت وەرگیراوە و گوڵان بۆ سەر زمانی كوردی وەریگێڕاوە.

مامۆستا حوسێن شەبەكشی داوایكرد مۆزەخانەیەك دروست بكرێت تا ئەو شتانەی تێدا دابنرێت كە قەدەغە دەكران، یان حەرام دەكران، وەك: رادیۆ و تەلەفزیۆن و مەنجەڵ و كاتژمێرو ئامێری ناردنی برووسكە و ئۆتۆمبیل و پایسكل و سەرپۆشی سپی و خوێندنی كچان و سینەما و كامێراو مۆبایل و شتی دیكە كە ئەمڕۆ بوونەتە بەشێك لە ژیانی رۆژانەمان و ئایینی ئێمەیان نەگۆڕیوە.
منیش لەلای خۆمەوە دەمەوێ هەندێ شتی دیكەی بخەمە سەر و بڵێم: پرەنسیپی حەرامكردنی هەڕەمەكییانە زۆر كۆنە، بۆ نموونە قاوە پێشتر قەدەغە كرابوو، دەگوترا ئەوەی دەیخواتەوە رۆژی دوایی بە رەشێتیی بنی فنجانەكە رووی رەش دەبێت، تەنانەت بۆ چاخوادنەوەش دەیانگوت: چاخۆرەوە وەك سەرخۆش یاری دەكات، هەروەها كەوچی چێشتیش لە زمانی ئەوان قورتار نەبووە، شاعێرێك دەڵێت: بە پێنج پەنجەی دەست بخۆ و بە كەوچك مەخۆ، چونكە كەوچك بەرامبەر بە خوای میهرەبان كوفرە.
جا بۆ ئەوەی زیاتر بنووسم و كەمێك سەرو دڵتان بگرم، لەگەڵ مندا ئەمە بخوێننەوە:
نابێ موسڵمان لەبەر هەر ئاڵایەكی نیشتمانی، یان سڵاوی نیشتمانی هەستێتەوە، یان سڵاوی سەربازیی بكات. بۆ نموونە: ریشتاشین، چەپڵەلێدان، كراس شۆڕیی، جگەرەكێشان، نەقشكاریی مزگەوتەكان، لە مەچەك كردنی كاتژمێر، تۆپی پێ، پێشبڕكێی شیعرخوێندنەوە، خوێندنەوەی رۆژنامە لە رەمەزاندا، پۆشینی حلوبەرگ لە شێوەی كافران، بانگكردنی یەكێك بە (ئەی برا، ئەی هاوڕێ، یان دۆست) ئەمانە هەموویان لە دابونەریتیاندا حەرامن.
هەروەها ئەو شتانەشیان بۆ ئافرەتان حەرام كردووە، سەماو شاییكردن لە زەماوەندەكان لەبەردەم ژناندا، نابێ ژن عەبا لەسەر شانی لەبەربكات، پێڵاوی پاژنەبەرز، بۆیەكردنی نینۆك بە مۆنیكیر، لەبەركردنی سوخمەی سینگ، برۆ جوانكردن، تەنانەت هەندێ كەس لەبەركردنی رووپۆش (برقع)یان حەرام كردووە، چونكە چاوی تێدا دیاردەبێت.
ئەو پێكناكۆك و جیاوازییەی نێوان دوو موفتی سەرنجی راكێشام، یەكەمیان داماوەو گیانی وەرزشی هەیە، كاتێ رێگەی بە ئافرەت داوە لە مێردەكەی بدات، دووەمیان زۆر بە فیزەوە وەڵامی داوەتەوە: نابێ ئافرەت دەست بۆ پیاو درێژبكات، هەتا ئەگەر داكۆكی لەخۆی بكات!
ئەوەی باسمكرد مشتێ بوو لە خەرمانێك، چونكە چەندین شتی زۆری دیكەی سەیروسەمەرە هەیە، ئەگەر باسیان بكەم هەموو لاپەڕەكانی رۆژنامەكە بەشم ناكات.
بەهەرحاڵ نامەوێ وەكو دەڵێن: لەخۆڕا خۆم بخەمە نێو ئاگرێكەوە، بەڵام دەمەوێ دكتۆر ئەحمەد ئەلعرفج بخەمە نێوان خۆم و نێوان ئەوانەی گۆشتیان ژەهراوییە، چونكە هەموو ئەو شتانەی باسمكردن لە كتێبە بەپێزەكەی «الغپاء الأحوی» وەرمگرتووە، یان قۆپیەم كردووە، با ئەو وتارەشم ببێتە ریكلامێكی خۆڕایی بۆ كتێبەكەی (الموپق بالأسماء). جا ئەوەیش كە دەیەوێت لێپێچنەوە بكات، با بچێت لێپێچینەوە لە خاوەن كتێبەكە بكات و بەزەیی پێدا نەیەتەوە، خوا هاوكاری بێت.
بەڵام من لێی دێمەدەرێ، هەروەك چۆن تاڵەموو لە هەویر دەهێنرێتە دەرەوە، جا ئەوە ئیشی من نییە.

Top