له‌باره‌ی ڕووداوه‌كه‌ی هه‌ولێر

له‌باره‌ی ڕووداوه‌كه‌ی هه‌ولێر
ئه‌و كلتووره‌ توندوتیژیه‌ی ئێستا باس ده‌كرێت، ده‌رئه‌نجامی ئه‌و ڕووداوه‌بوو كه‌ چه‌ند هاووڵاتییه‌كی شاری هه‌ولێر هێرشیان كرده‌ سه‌ر سێ گه‌نجی عه‌ره‌ب ئه‌وه‌ش به‌هۆی گوتنه‌وه‌ی دروشمی حه‌شد له‌ناو بازاری شاری هه‌ولێر، به‌ڵام ئه‌وه‌ی سه‌یره‌ له‌ماوه‌ی رابردوو به‌تایبه‌ت له‌ شاری سلێمانی ده‌یان جار ڕووداوی هاوشێوه‌ به‌سه‌ر كادیرانی پارتی هێنراوه‌ كار له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كراوه‌ چی به‌سه‌ر ئه‌و سێ گه‌نجه‌ عه‌ره‌به‌هات ئاواش به‌سه‌ر كادیراین پارتی بهێنرێت له‌وشاره‌، ئه‌وانه‌ی ئێستا ره‌خنه‌ ده‌گرن له‌و دیاره‌ده‌ ده‌بێت قسه‌یه‌كیشیان له‌سه‌ر ئه‌و گه‌نجانه‌ هه‌بێت كه‌ له‌خۆپیشاندانه‌كانی ئه‌م دواییه‌یی سلێمانی ئۆتۆمبێلی خه‌ڵكیان راده‌گرت به‌چه‌كه‌وه‌ رێگه‌یان لێده‌گرتن ده‌یان گوت: (جنێوێك به‌ بارزانی بده‌ و بڕۆ) خۆ ئه‌گه‌ر ئه‌و كه‌سه‌ هه‌ر بیركردنه‌وه‌ و ئایدۆلۆژیه‌ك بێت به‌دڵی ئه‌وانی نه‌كردبایه‌، له‌و سێ گه‌نجه‌ عه‌ره‌به‌ خراپتریان به‌سه‌ر ده‌هات، ئه‌وانه‌ی ئێستا پێیان وایه‌ ئه‌و دیمه‌نه‌ كوردستانی ناشرین كردووه‌، ده‌بوو 10 ساڵ پێش ئێستاو له‌ په‌لاماردان و خۆپیشاندانه‌كان و هه‌ڵمه‌ته‌ شه‌ڕه‌قه‌چۆ هه‌مان مه‌ترسیان بۆ سه‌ر كۆمه‌ڵگا خستبایه‌ته‌ڕوو.

ئه‌وه‌ی له‌ هه‌ولێر ڕوویدا ..خراپتر له‌وه‌ش ڕووداوه‌كانی ئه‌م دواییه‌یی سلێمانی بوو، ئه‌و سێ گه‌نجه‌ دروشمی حه‌شدیان گوتووه‌ته‌وه‌، به‌س له‌ كوردستان خه‌ڵكانێك ده‌ستی حه‌شدیان گرتووه‌ و كوردستانیان پێداگیركردوون، بۆیه‌ چۆن ده‌كرێت ئاراسته‌ی كۆمه‌ڵگای ئاوابێت به‌رانبه‌ر به‌سێ گه‌نجی عه‌ره‌ب، ده‌بێت ئاواشبێت به‌رانبه‌ر به‌و ده‌سته‌ی كوردستانی راده‌ستی حه‌شد كرد، شه‌رعیه‌تدان به‌و ڕووداوه‌ ئه‌گه‌ر خراپ بێت، ده‌بێت دووجار شه‌رعیه‌تدان به‌ په‌لاماردانی كادیرانی پارتی له‌ سلێمانی خراپتر بێت، چونكه‌ ئه‌وه‌ی عه‌ره‌به‌كه‌ ده‌یكات هه‌ستی خۆیه‌تی بۆ حه‌شد، به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌ كوردستان ده‌كرێت، ده‌رئه‌نجامی كاردانه‌وه‌ی سیاسییه‌، كه‌ دواجار هه‌نگاو بۆ توندوتیژی ده‌نێت.

له‌ڕووداوێكی وه‌هادا له‌جیاتی ئه‌وه‌ی چاره‌سه‌ر بۆ ئه‌و دیاره‌ بدۆزرێته‌وه‌، پێش هه‌مووشتێك ده‌كرێته‌ چه‌مێكی سیاسی، ئیتر له‌ دۆخێكدا كه‌ هه‌مووشتێك بكرێته‌ سیاسی چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ ناكرێت كۆمه‌ڵگا به‌ره‌و دیموكراتی هه‌نگاو بنێت، چونكه‌ ئه‌گه‌ر ئێستا شه‌رعیه‌ت بدرێت به‌وه‌ی ئه‌وه‌ی كراوه‌ تاوانه‌ ئه‌ی ئه‌وه‌ی به‌رانبه‌ر به‌ كادیرانی پارتی كرا له‌ 2014 له‌ گه‌رمیان چی بوو؟ هاتنه‌ سه‌ر باره‌گای حزبی و كوشتن و باره‌گا سوتاندن هه‌مان كلتور نه‌بوو؟ ئه‌ی بۆچی ئه‌و كات خه‌ڵكانێك له‌سه‌ر ئه‌و رووداوه‌ خۆیان بێ ده‌نگ كردبوو؟.
Top